باش بيرمه سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كان بوو ، ئابڵووقه‌ى ئابوورى جيهان سه‌پێنرابوو له‌سه‌ر عێراق و عێراقيش له‌سه‌ر كوردستان، كه ئه‌مه‌ش بووه هۆی گرانييه‌كى زۆر و برسێتىیه‌کی تاقه‌ت پڕووکێن كه چه‌ندين ساڵی خاياند...
ئێمه ماڵمان له مه‌يانى ماسته‌كه بوو له‌ناوه‌ندى بازاڕا ، سه‌نته‌رى فرۆشی دانه‌وێڵه و دوكانى عه‌لافه‌كان و بازرگانى خوارده‌مه‌نى بوو ، له‌نزيكه‌وه ئاگامان له فرت و فێڵى و بازرگانه‌كان و گرانيى و بارودۆخى ناهه‌موارى خه‌ڵک بوو ..
راپه‌ڕين تازه كرابوو ، ده‌وڵه‌تى مه‌ركه‌زى ئيدارات وهێزه‌كانى كشاندبووه‌وه له كوردستانا ، مووچه زۆر كه‌م بوو ، ئارد له ئێرانه‌وه ئه‌هات ، يه‌ك فه‌رده ئارد به ( 1000 تا 1200 ) دينارى چاپه سويسرييه‌كه بوو ، ئه‌و نرخه‌ش زۆر گران بوو ، ، ئێواران دواى مه‌غريب ژێر پرده‌که و مه‌يانى ماسته‌كه و جاده‌ى مه‌حوى چۆڵ ئه‌بوو ، ئيتر لۆريه ئارده‌كان له ئێرانه‌وه ئه‌گه‌يشتنه دوكانى بازرگانه چاو چنۆکه‌کانه‌كان ، ئه‌مانزانى كه چۆن ئارده جوانه‌كانيان تێکه‌ڵ به گه‌چ ئه‌كرد و به كيلۆ و به‌نرخى گران ئه‌فرۆشنه‌وه به‌خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که ، جگه له‌وه‌ى به كيلۆ ئاردى گه‌نمه شامى ، يان ئاردى جۆ و هه‌رزن و که‌په‌ک و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى تر كه زۆر شايان نه‌بوون به‌خواردن ئه‌فرۆشران ... ئێستاش قسه‌ى پيره‌مێردێكى به‌ئه‌زموونم له‌بيره كه ئه‌يووت ( ئه‌و رۆژه دونيا وێران بوو ، كه ئارد به كيلۆ كرايه عه‌لاگه‌وه)...
ئينجا وشه‌ى ( گووڵه چنه ) باوى بوو ، خه‌ڵكى ئه‌كه‌وتنه دواى ده‌ڕاسه له‌كاتى دروێنه‌دا بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گوڵه گه‌نمانه‌ى كه له‌تيغ و ده‌مى ده‌ڕاسه‌كه ده‌رئه‌چوون يان ئه‌كه‌وتنه خواره‌وه...
خۆم له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانم له رابيته‌ى ئيسلاميى كوردا شايه‌تم ، له مزگه‌وتى گه‌ڕه‌که‌كاندا سفره‌ى به‌ربانگمان رائه‌خست ، ده‌يان ژن ومناڵ ئه‌هاتن برنج و فاصۆڵياى سه‌ر سفره‌كانيان كۆئه‌كرده‌وه و داواى بنكڕى مه‌نجه‌ڵه‌كانيان ئه‌كرد...
دونيايه و ده‌وران ئه‌کا ، ده‌وامى حاڵ مه‌حاڵه ،دواى 2010 بارودۆخى ئابوورى زۆر باش بوو ، ئه‌وه‌ى بيرمان نه‌مابوو گرانى بوو ، ئه‌وه‌ی خه‌ممان نه‌بوو ئارد بوو ، هه‌ر له‌سلێمانيدا هاوڕێیه‌كى خۆشه‌ويستى خۆم كه ئه‌ندازيارێكى كارامه‌يه بۆى گێڕامه‌وه و وتى :له‌گه‌ڵ ئه‌ندازيارێكى تردا چووين بۆ سه‌ر پڕۆژه‌يه‌ك بۆ سه‌رپه‌رشتى و به‌دواداچوون ، بينيمان له‌ته‌نيشت پرۆژه‌که‌ی ئێمه‌دا ره‌نگڕێژی ئه‌که‌ن بۆ دياريكردن و هه‌ڵکه‌ندنى بناغه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى نوێ ، به‌ڵام به‌ئارد سنوور و بناغه‌كانيان ده‌ستنيشان ئه‌كرد و ئه‌و هه‌موو ئارده سپییه جوانه ئه‌ڕژێنن و سووكايه‌تييان به‌و نيعمه‌ته جوانه ئه‌كرد ...به‌خاوه‌ن كاره‌كه‌مان ووت ئه‌وه چى ئه‌كه‌يت بۆ خاترى خوا ، چۆن جه‌ساره‌ت ئه‌كه‌يت ئه‌و نيعمه‌ت و رزقه جوانه خه‌سار ئه‌كه‌يت و ئه‌پژێنيت ؟ وتى : ئارد هه‌رزانه و ده‌سيشم پيس ناكات وه‌كو گه‌چ...
**********
تاها سۆڵه‌يى
دارولمولكى بابان
15 ی تەمموزی 2017