لە میانەی سەردان و بەسەركردنەوەكانی بۆ پارێزگای دهۆك ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری ٢٠٢٠/١٠/٢٦ بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ بەرپرسی بەشێك لە دەزگای ڕاگەیاندن و پیشەییەكان و لقەكانی رێكخراوی گەشەپێدان كۆبوویەوە.
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەستخۆشی لە دەزگا پیشەییەكانی یەكگرتوو كرد كە لەو ماوەیەدا هەم لەبڵاوكردنەوەی ڕێنمایی و هۆشیاری بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەمیش لەخەمی خەڵك و كێشەكانی خەڵك دابوون و دەزگاكانی یەكگرتوو بۆتە سەكۆی گەیاندنی خەمی خەڵك و داخوازیەكانی شەقام بەگوێی دەسەڵاتدا داوە بۆ چاكسازی و ڕاستكردنەوە.
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبەشێكی تری وتەكانیدا ئاماژەی بە گرنگی پرۆژە و كاری كۆمەڵ و ڕێكخراوەیی دا بۆ یارمەتیدان و بەدەمەوەچوونی توێژێكی گرنگی كۆمەڵگا كە گەنجان و قوتابیانن.
مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین دووپاتی كردەوە كە ئەولەویەتی یەكگرتوو خەمی خەڵك و چاكسازی و ئیصلاحی كۆمەڵایەتیە و لە وتاری ئیصلاحیانە و پابەندی بە پیشەیی بوون و دوری لە تێكدانی ئاسایشی ئەهلی و سەقامگیری كۆمەڵایەتی.