توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایكردووه پێدەچێت ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر لەئایندەدا ئاستی ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمبكاتەوە بەڕێژەی (یەك لەسەر سێ)، بەڵام نابێتە هۆكارێك كە ڕێگریی لەو ڕووداوانە بكات، بەهۆی هەڵەی مرۆڤەوە ڕوو دەدەدن
پەیمانگەی سەلامەتی و دڵنیایی ڕێگەی خێرایی ئەمریكا لەنوێترین توێژینەوەیدا بڵاویكردەوە: ئەم ئۆتۆمبێلە مۆدێرنانە واتە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر، دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ بەڕێژەی یەك لەسەر سێ.
توێژینەوەكە ئەوەی دەرخستووە: (94%)ی هۆكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆ دەگەڕێتەوەی بۆ هەڵەی خودی مرۆڤ، بەڵام تەكنەلۆژیا لەئایندەدا دەتوانێت بەشێك لەو هەڵانە چارەسەر بكات و ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمبكاتەوە، لەوانە لەدەستدان و كەمبوونەوەی تەركیزی شۆفێر لەكاتی لێخوڕیندا.
ئاسایی وەك هەموو بوارەكانی دیكە، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا كاریگەریی لەسەر پیشەسازی ئۆتۆمبێلیش هەبوو، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە زۆرێك لەكۆمپانیاكان كارەكانیان ڕاگرتووەو زۆرێك لەئەندازیارو كارمەندەكانیان ناردووەتە ماڵەوە، ئەمەش بێ گومان كاریگەریی دەبێت لەسەر تەواوكردنی تاقیكردنەوەكانو دروستكردنو نمایشكردنی ئەم جۆرە ئۆتومبێلانە، كە پێشبینیدەكرێت تاوەكو ساڵی (2030) بەرهەمهێنانو بازاری ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر پەرەبسەنێتو ئاستی بازرگانیو فرۆشی ساڵانەی، بگاتە (70) ملیار دۆلار لەجیهاندا.
ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە زۆرێك لەهەستەوەرو كامێرایان تێدایەو سەنتەری زیرەكی ئۆتۆمبێلەكە زانیاریو وێنەكان كۆدەكاتەوەو لەو ڕێگەوە كۆنترۆڵی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێلەكە دەكرێتو پێشبینیدەكرێت، ببێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ.
سەبارەت بەكاردانەوەی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بۆ پێشهاتو ڕووداوەكانی ڕێگەوبان، سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین كە شۆفێر لەماوەی دوو چركەو نیو تاوەكو سێ چرك كاردانەوەی بۆ پێشهاتو ڕووداوەكان دەبێت، بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلانە كاردانەوەیان بۆ پێشهاتەكانی ڕێگە لە(0,2) چركەیەكدا دەبێت.
بابەتێكی دیكە هەیە پێویستە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ بدەین، ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە نرخیان لەئۆتۆمبێلەكانی دیكە گرانتر دەبێت، هاوكات ئەم ئۆتۆمبێلانە بۆئەوەی بتوانن كاربكەن لەهەر وڵاتێكدا، دەبێت ڕێگەوبانەكان هێڵو هێماكانی هاتوچۆو ترافیك لایتیان هەبێت.
ئامادەكردنی: فوئاد هەورامی