ژیان کورتەو خێرا تێدەپەڕێت، بەڵام ھەرکەسەو تیایدا سەرقاڵی مامەڵەیە بە نیازی قازانج و دەسکەوت، بەجۆرێک تیایدا براوەو ڕووسورانە بگاتە ئاکام . دیارە وەھا بیرکردنەوەو بۆچونێک جێی نرخاندە، ھەرچەندە ھەروا بەتەنیاو بەخواستی مرۆڤ ناێتەوە، بەڵکو ژیان ڕێساو یاساو بنەمای بنچینەیی و جێگیری ھەیە، لەمێژە ئەم ڕاستیە لای ئاوازدار ڕۆشنەو بۆ مرۆڤایەتی چەسپاوە، ئەوجا ئەوەی پشتگوێی خستبێ و کاری پێ نەکردبێ، (بەداخەوە) لە سەوداکەی زەرەرمەند بووە، دەرفەتیش تەنھا یەک کەڕەتە!!
بێگومان، ھەقیقەتی ئەم پرسە پێویستە لە قورئانی پڕخێرەوە ھەڵگۆزین، چونکە وا لەترۆپکی (ڕاستی)دا، وتەو وادەیشی (یەقین) بەخشن بۆ خەڵکانی تێگەیشتوو: (ان هذا لهو حق اليقين).
لەم ڕوانگەوە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشم بۆ چوونە ناو پرسەکە، وەچەند نموونە لەو سەرچاوە (ھەق)قە وەردەگرین تاکو بەزەین و ئاوەز لەگەڵی بژین، بە ژیربێژی و مەنتیق ھەڵوێستی لەبارەوە وەربگرین.
ڕۆژگارێکی توولانی (نوح) پێغەمبەر (علیە السلام)، بە ئەرکی بانگخوازیەوە سەرقاڵ بووە، بەڵام مەخابن!! گەلەکەی قەدری ئەو گەوھەرە بەنرخەیان نەزانیوە، وە لە ئاست بەخشندەیی و بەخششی خواوەند، سپڵە و نمەک نەناس بوون!! پاش نزیک بە ھەزار ساڵ کارکردن و ماندووبوون، وە بینینی سەرپێچی و لاساری و سەرەڕۆیی قەومەکەی، بەدرۆخستنەوەی خۆی و پەیامی!! ئینجا ھاناو ھاوار دەبات بۆ خاوەنی (اللە)،دەڵێ: (فدعا ربهۥٓ انى مغلوب فانتصر)، بەڕاستی من شکستم خواردووە ، تۆ یارمەتیم بدەو سەرکەوتنم پێ ببەخشە. بەزیو داوای سەرکەوتن دەکات!! چوون ترسی ئەوەی ھەیە کەوا نەی توانیبێت بە ڕێکوپێکی ئەرکەکەی بەجێ بگەیەنێت و سوچ و خەتاکە لە ئەم بێت نەوەک لە گەلەکەی!!
دواجار ئەو قەومە ئارەزوو پەرستە شایستەی خەشمی خوا دەبن، بۆ ئەو مەبەستە فرمان بە نوح دەکرێت: (واصنع الفلك)، تاوەکو دەستبکات بەدروستکردنی کەشتیەکە، بەڵام: (باعيننا ووحينا)، بەچاودێری و سرووشی ئێمە، دەسا چیت پێدەڵێن وابکە . وريابە، لە بارەی ئەوانەی وا ستەمیان کردووەو نەھاتوونەتە سەر ڕێی ھەق و ڕاستیان بەدرۆ خستۆتەوە، قسەم لەگەڵدا مەکەو تکایان بۆ مەکە: (ولا تخطبنى فى الذين ظلموا)، چونکە بڕیاری خنکاندن و لەناوبردنی ئەوان دراوەو کاتی ھاتووە: (انهم مغرقون/ هود:٣٧).
کەشتیەک!! بە کەرەستەی سادەی ئەوکاتە کە بە چەند پارچە تەختەو بزمار درووست کرابوو: (وحملناه على ذات الواح ودسر)، کاتێک ئاو لە ئاسمانەوە بەردەبێتەوەو لەزەویەوە فوارە دەکاو سەردەکەوێ!! بەڕێ دەکەوێ، بەناو ئەو دۆخە سامناک و زریانە بەھێزو تۆقێنەرەدا، کەشتیەکە دەیانبات بەناو شەپۆلی بەرزی وەک شاخ و چیادا: (وهى تجرى بهيم فى موج كالجبال/ هود:٤٢)، لەحاڵێکدا ئەمڕۆ کە تەکنەلۆژیا لەو ئاستە بەرزەدایە، کەچی کەشتی و بارھەڵگر ، بەرگەی شەپۆلی بەرز ناگرێ و دەشکێ و نوقم دەبێت، کەچی ئەو کەشتیە سادەیە، پارێزراو دەبێت، بۆچی؟! چونکە: (تجرى باعيننا)، بە چاودێری و پارێزگاری خواوەند دەڕۆیشت.
ئەودەمەی پێغەمبەر موسی (علیە السلام)، ساوایە، بۆ پاراستنی لە جەلادی خوێنمژی فیرعەون، دایکی نیگای بۆدێت: (ان اقذفيه فى التابوت فاقذفيه فى اليم)، کە ئەو شیرەخۆرە بخەرە ناوسندوقێکەوەو ئینجا فڕێی دەرە ناو دەریاوە!! جا با دەریاش بیباتە کەناری ئاوەکە: (فَلْيُلْقِهِ الْيَمُّ بِالسَّاحِلِ)،لە ئاکامدا ئەوەی دوژمنی من و دوژمنی ئەوە (کە فیرعەونە) بیگرێتەوە: (ياخذهه عدو لى وعدو له)، ئا ئەمە چۆن سەردەگرێت خودایە؟! (والقيت عليك محبة مني)، چونکە لەلایەن خۆمەوە خۆشەویستیم پێ دابویت، لەوەش بانتر: (ولتصن عل عينى/ ٣٩ طه) بۆ ئەوەی پەروەردە بکرێت لەپێش چاوی من و بە چاودێری و پارێزکاری خۆم.
دەی ھەر ئەو خوایەی بەدیھێنەر (خالق)ی ئاسمانان و زەوی و گەردوون و بوونەوەرە، وە چاودێرو ئاگادارو ڕاگیرکەرو بەڕێوەریانە، بە پێغەمبەر (ﷺ)ی پێشەوامان، فەرموویەتی: (واصبر لحكم ربك)، ئارام بگرە بۆ بڕیار و فەرمانی خاوەنەکەت، (فانك باعيننا/ الطور: ٤٨)، ئەوسا تۆ لەژێر چاودێری و پارێزکاری ئێمەدایت. تەنھا یەک چاوتروکان لاشەخەرت ناکەین.
وشەی ( باعيننا)، زمان لە ئاستیدا لاڵ و خامە کولەو ناتوانن وێنای بکەن، خواێک فەرمانی کرد بە ئاسمان سەر زەوی بکە بە زریان و تۆفان، وە لەناو ئەو گشت شەپۆلە بڵندو ترساناکانەدا کەشتی (نوح)و سەرنیشانی پاراست. وە (موسا)ی شیرەخۆری بردە بەردەستی ستەمکاری مێژوو (فیرعەون)، تاکو لە ماڵەکەیدا ئاسان گەورە ببێت!!
خواێک کەوا لە (دژ) (دژ) درووست دەکات، وەک دەرھێنانی ئاگر لە درەختی سەوز: (الذي جعل لكم من الشجر الاخضر نارا/ يس: ٨٠). وە زیندوو لەمردوو، وە مردوو لە زیندو دەردەھێنێت: (يخرج الحي من الميت ويخرج الميت من الحي). وە زەوی دوای مردنی زیندوو دەکاتەوە: (ويحيي الارض بعد موتها/ الروم: ١٩).
دەسا گەربێتو من و تۆی خاوەن فام و ئاوەز، لەو گرێبەستەی لەگەڵ خوادا بەستومانە ئارامگرو پشوودرێژ بین، وە ئەرکی خۆمان بەڕێک پێکی و بەپێی توانا، ئەنجامی بدەین، ئیتر با بێخەم بین و لە ھیچ باکمان نەبێت، چونکە ئەو بەو مەزنیەوە ئاگادارو چاودێرو پارێزەرمانە. دەسا کامە (سەوداو بازرگانی)تر وەک ئەم مامەڵەیە لەگەڵ (اللە)، تیایدا براوەو سەربەرزین؟!