ڕامـان لە چەمکی (ڕەنـج و تێکۆشـان) وەک سەرمایەی مرۆڤ
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕامـان لە چەمکی (ڕەنـج و تێکۆشـان) وەک سەرمایەی مرۆڤ

 بێگومان مرۆڤ لەودەمەی ئاوەز پەیدا دەکات و دەکەوێتە سەر باری (ھەوڵ و کۆشش و ڕەنج)کێشان، تا ئەو ساتەی لە پەلوپۆ دەکەوێ، ئەوجا لە ژیانی ئەم دونیایەوە گوزەر دەکات بۆ جیھانی پرساندن و پاداشت وەرگرتنەوە .

دەبینی ھەردەم لە ھەوڵ و تەقالاو کۆشش و ڕەنج دایە. کەوایە ئەم پرسە ھەقیەتی بەتاسەوە لەدوی بگەڕێ و لەسەری بووەستێ و لە ڕەگ و ڕیشک، لە بنج و بنەوانی بکۆڵێتەوە، تاکو لە مانای درووستی تێبگات ، وە بەجۆری چاک و خراپی ئاشنا بێت، لەوەودوا بڕیاری ڕاست و ھەڵوێستی درووست لەباریەوە وەربگرێت .

دەی بەدڵناییەوە چاکترین سەرچاوەی زانستی، بۆ تێگەیشتن لەم چەمکە، قورئانی خێردارە، بۆئەم مەستە لەچەند گۆشە نیگاوە ھەقیقەتی ئەم (پرس و مەبەست)ـە، لە بواری بیرخستنەوەدا بۆ خوێنەرانی ھاونیشتمانی دەخەینەڕوو.

یەکەم: چەمکی (السعي)، لەڕووی زمانەوە واتە: ڕۆشتن و ڕێکردنی خێرا، ھەوڵدان، ئیشکردن، چالاکبوون، بوژانەوە، ڕەنجکێشان.

جا چ لە بواری چاکەو خێردا بێت، یاخود لە بواری خراپەو شەر . وە تەواوی ئەو خۆ ئامادەکاریەی مرۆڤ دەیگرێتەبەرو، ئەو وزەو تواناو کەرەسەی ، بەختی دەکات بۆ ئەنجامدانی کارو پڕۆژەو پیشەیێ، ئەوە دەچێتە چوارچێوەی کۆششەوە (السعي).

دووەم: بێگومان کۆششکردن و ڕەنجدانی مرۆڤ چوون یەک نییە، وەک چۆن ساتی شەوو ڕۆژ، ڕەگەزی نێرو مێ و زۆر شتی دیکە دژو پێچەوانەی یەکن، ھەرواش ھەوڵ و کۆشش و ڕەنجی ئادەمیزاد جوداو جیاوازە، بە بەڵگەی: (إِنَّ سَعْيَكُمْ لَشَتَّى) .

کۆششێک ھەیە جێی ڕێزو نرخاندنە، چونکە بە قازانی خاوەنی دەشکێتەوەو، ھاوتایە لەگەڵ ڕێنوێنی خواوەندی جیھانیان .

وە ڕەنجێکیش ھەیە بێ خێرو مایە پوچیيەو، بەزیانی خاوەنی دەشکێتەوە لە پاشەِۆژدا، چوون دژ وەستاوەتەوە لەگەڵ ڕێنمایی خوایی.

سەرنج بدەن، خواوەندی جیھانیان (اللە)، چۆن ناخی کەسانێ دەخاتەڕوو: (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يُعْجِبُكَ قَوْلُهُ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا) ھەندێ کەس ھەن، بانگەشەو تاریف و ڕیکلام بۆ ڕەنجیان، دڵبەر و کەمەندکێش و سەرسام کەرە، (وَيُشْهِدُ اللَّهَ عَلَى مَا فِي قَلْبِهِ)، بگرە خواش دەکات بە شایەت لەسەر ڕاستی و درووستی ئەوەی کە دەیڵێت، کەچی لەناخەوە درۆ دەکات، (وَهُوَ أَلَدُّ الْخِصَامِ) وە ئەو سەرسەخترین نەیارە لە ھەموو جۆرە بەرەنگاربوونەوەیەکدا، چوون، (وَإِذَا تَوَلَّى)، ھەرکات پشتی ھەڵکردو دەسەڵاتی پەیداکرد، (سَعَى فِي الْأَرْضِ لِيُفْسِدَ فِيهَا)، ھەوڵدەدات بۆ ئەوەی لە زەویدا ئەوەی خراپە تێیدا بیکات و وڵات بشێوێنێت.

سێیەم: پەیوەندی نێوان ڕەنج و ئەنجام، ھۆکارو ئاکام، لە یاساو سوننەتی خوایی ویناگیراوەو جێگیرکراوە، جا ئەو کەسەی لە ژیاندا پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی دەوێت، ئەوا پێویستە کۆشش و ڕەنجی لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەدا تەریب بێت:

١ـ سەرکەتن و براوەیی پەیوەستە بە کارو کۆششەوە، نەوەک تەمبەڵی و پاڵدانەوە. بە نموونە: وەک بەراوردکردنی کۆششی قوتابێکی سەرکەوتوو، ڕەنجی جوتیارێکی کارامە، ھەوڵ و ھیممەتی شوانێکی دڵسۆزو چالاک، لەگەڵ پێچەوانەکەیاندا.

٢ـ پێویستە کۆشش و ڕەنج بەپێی پلانی زانستی و ئەزموونکراوی ورد بێت، نەک ھەڵچوون و تێکچوون و، کاردانەوەو پەرچەکدار.

٣ـ دەبێت ھەوڵ و ڕەنج و کۆشش گونجاوو شایستەو پڕبەکاڵای (ھەوڵبۆدراو)و بەئامانجگیراو بێت، چوون بەڕاستی ھەر کارو پڕۆژەو پیشەیەک، کۆشش و ڕەنجی تایبەت بەخۆی دەخوازێت، وە ئەمە بنەماێکی بەنرخی قورئانە: (وَسَعَى لَهَا سَعْيَهَا) ھەر شتەی دەیکەیتە ئامانج و بۆ بەدەست ھێنانی تێدەکۆشی، دەبێت ڕەنجکێشانت تەریب و ھاوشان بێت لەگەڵیدا: (وَمَنْ أَرَادَ الْآخِرَةَ)، وە ھەرکەسێکیش مەبەستی ڕۆژی دوایی بووبێت، وە (وَسَعَى لَهَا سَعْيَهَا)، وە ھەوڵی بۆ دابێت بەو جۆرەی شایستەی ئەوە، (وَهُوَ مُؤْمِنٌ)،باوەڕداریش بێت، (فَأُولَئِكَ كَانَ سَعْيُهُمْ مَشْكُورًا/ الإسراء:١٩) ئا ئەوانە ڕەنج و تێکۆشانەکەیان وەرگیراوە.

چوارەم: کۆشش و ڕەنج، سەرمایەو دەستمایەی مرۆڤە، کامە ئاڕاستەی گرتەبەر، حەتمەن بەری ئەو بوارە دەچنێتەوە: (وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَى/ النجم:39)، بەڕاستی ئادەمیزاد جگە لە کۆششی خۆی ھیچی تری نییە.

جا لەڕاستیدا ئادەمیزاد بوونەوەرێکی ئیشکەرو ڕەنجدەرە، وە خاوەنی (اللە)، شایەتی ئەم زەحمەتکێشانەی بۆداوەو فەرمویەتی: (يَا أَيُّهَا الْإِنسَانُ إِنَّكَ كَادِحٌ إِلَىٰ رَبِّكَ كَدْحًا فَمُلَاقِيهِ/ الانشقاق:٦)، بەڵام بۆ ڕۆشنکردنەوەی کرۆکی پرسەکە دەکرێ بپرسین ئایا ڕەنج و تێکۆشانی بەکەڵکی دێت و خۆشبەختی دەکات یاخود نا؟! بێگومان قورئانی پڕخێر، وەک تاکە سەرچاوەی دڵنیاکەرەوە، دیاری کردووە کامە کارو کۆشش و ڕەنجدان بەقازانج و بەرژەوەندی مرۆڤە، وەکامە بەزیانی دەشکێتەوە . چوون: (وَأَنَّ سَعْيَهُ سَوْفَ يُرَىٰ)، بێگومان ھەوڵ و ڕەنج و کۆششی دەبینرێتەوە .

(ثُمَّ يُجْزَاهُ الْجَزَاءَ الْأَوْفَىٰ/ النجم: ٣٩ـ ٤١)، پاشان پاداشت دەدرێتەوە بەتێرو تەواوی.

پێنجەم: خۆشبەختی و بەدبەختی پێوەنکراوە بەکارو کۆششەوە، وە ھەردووکی بۆ مرۆڤ بەدیدێت، ئەوەی ھەوڵ و کارو ڕەنج و کۆششی چاک بوو، وە لە ئاست (خواست و بە ئامانجگیراو)دا بوو، ئەوە یەقینەن با ئەرخەیان بێت چوون لەوادەی خۆیدا پێی دەگات و بەدەستی دەھێنێت، بە پێچەوانەشەوە، گەر ھەوڵ و کارو کۆششی خراپ بوو" چوون ئەوەی دەیخوازێ و بە ئامانجی گرتووە بەو تەرزە ڕەنجە بەدەست دێت" بەدڵنیاییەوە، بەری زەحمەت و مەینەتی خۆی دەچنێتەوە، گەر مەودایێ چێژی لێ ببات، دواجار دەچێتە ڕیزی زەرەرمەندان و ڕەنج بەخەسارانەوە: (قُلْ هَلْ نُنَبِّئُكُمْ بِالْأَخْسَرِينَ أَعْمَالًا)، ئەی محمد (ﷺ)، پێیان بڵێ: ئایا ھەواڵی ئەو کەسانەتان بدەمێ کە لەکارو کردەوەیاندا زەرەرمەندترینن، (الَّذِينَ ضَلَّ سَعْيُهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا)، ئەوانە ئەو کەسانەن کە ھەوڵ و کۆششیان لە ژیانی دونیادا، بەزایە و بەھەدەر چووە، (وَهُمْ يَحْسَبُونَ)، بەمەرجێ وایان دەزانی، (أَنَّهُمْ يُحْسِنُونَ صُنْعًا/ الكهف: ١٠٣- ١٠٤)، کە بەڕاستی ئەوان کاری چاک دەکەن و کردەوەی ڕەوا ئەنجام دەدەن .

کەوایە کۆشش و ڕەنجیان ھاوشانی ڕۆژی دوایی نەبووە.

هه‌واڵی گرنگ