ئەرکی دایك و باوك لە دەستپێکی پرۆسەی پەروەردە کردنی منداڵ
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەرکی دایك و باوك لە دەستپێکی پرۆسەی پەروەردە کردنی منداڵ

 ھەموو دایك و باوکێك ئارەزوو دەکەن کە منداڵەکەیان لە داھاتوو کەسێکی سەرکەوتووی لێ دەربچێت ئەو بابەتە گرینگە بۆ دایك و باوك بەڵام لەوەش گرینگتر چۆنیەتی ھەنگاونانە سەبارەت بە پرۆسەی پەروەردەیەکی دروست ، مرۆڤ لەو کاتەی لەدایك دەبێت تاکۆتای ژیانی لەرووی گەشە و پەرەسەندنەوە بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەر دەبێت ئەو پەرەسەندنەش بە گشتی بەسەر (٥)قۆناندا دابەش دەبێت ئەوانیش. ( منداڵی ساوا ، نەوجەوان ، ھەرزەکار ، جوامێری ، پیربوون ) قۆناغی یەکەم پێی دەوترێت

منداڵی ساوا : بریتیە لە قۆناغی پەرەسندن کە لەکاتی لە دایکبوون دەست پێ دەکات ھەتا تەمەنی (٢)ساڵی ، قۆناغێکە کە منداڵ لەرووی پێگەیاندنی جەستەییەوە بەتەواوەتی پشی بە دایك و باوك دەبەستێت .

نەوجەوان : قۆناغێکی دیکەی گەشەکردنی خێرای مرۆڤە لە رووی جەستەی و سەرەتای فێربوون کە لەتەمەنی ( ٢) ساڵی دەستپێدەکات ھەتا تەمەنی توخمە پێگەیشتن .

ھەرزەکار : ئەو قۆناغەیە کە لە تەمەنی پێگەیشتنی توخمییەوە دەست پێ دەکات ھەتا تەمەنی جوامێری ، کە بەزۆری لە رەگەزی نێرەوە  قۆناغی پێگەیشتنی ( بلوغ ) لە تەمەنی ( ١١ تا ١٥ ) ساڵی ڕوو دەدات ، بەڵام لە رەگەزی مێینە قۆناغی توخمە پێگەیشتن لە تەمەنی ( ٩ تا ١٤ ) ساڵی رودەدات .

جوامێری : قۆناغێکی تری گەشەکردنی مرۆڤە کە لە تەمەنی ( ٢٠ ) ساڵی دەست پێدەکات ھەتا نزیکەی تەمەنی ( ٤٠) ساڵی کە تیایدا مرۆڤ وەك جوامێرێکی گەنج دەردەکەوێت .

پیربوون :پرۆسەی بەناو ساڵ داچوون بەردەوام  دەبێت لە تەمەنی ( ٤٠ تا٦٥)ساڵی لە دوای تەمەنی ( ٦٥ ) ساڵی مرۆڤێکی پیری پێدەوترێت .

ھەر تەمەنێك لەو تەمەنانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنییان ھەیە بەسەر ( خێزان ، ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژیت ، تەنانەت جیھانیش ) بۆ ئەوەی منداڵەکەت ببێتە تاکێك کە کاریگەری ئەرێنی ( باش )ی ھەبێت لەسەر کەسانی دەوروبەری وە ببێتە جێگەی شانازی دەبێت پەروەردەیەکی باشی ھەبێت کە ئەوەش  ئەرکی دایك و باوکە .

لێرەوە چەند ڕێنماییەك دەخەینەڕوو کە کاریگەری ئەرێنی زۆر باشیان دەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵ لە قۆناغی نەجەوان :

-١-  پەروەردەکردنی منداڵ ئەرکی کێیە ؟

دایك و باوك پێویستە بەیەکەوە منداڵەکەیان پەروەردە بکەن و بەخێوی بکەن گەربێت و یەکێکیان بە تەنیا ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی ئەوە زیانێکی زۆر بە  پەروەردەکردنی منداڵ دەگەیەنێت بۆ نموونە ( تەنیا گوێڕایەڵی ئەو کەسەیان  دەبێت کە ئەو ئەرکەی گرتۆتە ئەستۆ ) کە دایك و باوك بەیەکەوە منداڵەکەیان پەروەردە کرد ئەوە کاریگەری زۆر باش دروست دەکات لە لایەنی دەرونی منداڵ چونکە ئەو ھەستە لەلای منداڵ دروست دەبێت کە ئێوە گرینگی پێدەدەن چونکە پەروەردەکردن یەکسانە بە گرینگی پێدان ، وە ئەو خێزانانەی کە ئەرکێکی وەزیفیان ھەیە یان بەکارێکەوە خەریکن دەبێت دڵنیابن کە منداڵەکەیان تەسلیم بە شوێنێکی ئەمین کردووە بۆ نموونە کەسی نزیکی دایك یان باوك یان داینگە کە لە نزیکەوە ئاگەداری کارەکانیان بن و دڵنیابن .

 

-٢- ڕاستگۆی لە منداڵ ؛ ڕاستگۆی واتا ( دەربرینی وتەکان وەك خۆی ) دەبێت سەرەتا ئەوە بزانن ، ھۆکار چییە منداڵ ڕاستییەکان باس ناکات ؟ وە چ کاتێك منداڵ ڕاستیەکان باس ناکات ؟چەندین  ھۆکار ھەیە کە وا لەمنداڵ دەکات کە  ڕاستییەکان باس نەکات ، ڕەنگە ھۆکارەکەی دووبارە ئەنجامدانی کارێك بێت لە لایەن منداڵ کە پێشتر  لەسەر ھەمان کار کە ئەنجامی داوە سەر زەنشت کراوە ، یان ڕەنگە ھۆکارەکەی نا دادپەروەری دایك و باوك بێت لە نێوان منداڵەکان کە ئەوەش ئەو دایك وباوكانە دەگرێتەوە کە لە منداڵێك زیاتریان ھەیە شتێکی سروشتییە کە منداڵێکیان لەوانیتر خۆشتر بووێت بەڵام دەربڕینی لە بەرچاوی ئەوانیتر سروشتی نیە ، بۆ ئەوەی منداڵ ڕاستییەکان نەشارێتەوە باشتر وایە کە ببن بە ھاوڕێی منداڵەکەتان ، ئەوەش لە چەندین ڕێگەوە دەتوانن ئەو ھاوڕێیەتیە دروست بکەن ( گفتووگۆ ، ئەو شتانەی کەمنداڵ ئارەزوو دەکات ئەنجامیان بدات ئێوە لە گەڵی دابن و ھاوکاری بکەن بۆ نموونە /کاری دەستی ، سەیرکردنی ئەفلام کارتۆن، چوونەدەرەوە ، وێنە کێشان ، گۆرانی وتن ھتد....) ئەگەر منداڵ ڕاستگۆبوو چەندین بەھای جوانتری تییایدا دەردەکەوێت نموونە ( دەستپاکی) چۆن وابکەم منداڵەکەم دەسپاك بێت ؟

-٣- دەستپاکی لە منداڵ ؛

دەستپاکی واتا (نەبردنی ئەو شتەی کە موڵکی کەسێکی ترە بەبێ ئاگەداری خاوەنی شتەکە ) سەرەتا نابێت چەمکی ( دزین یان بردن ) بەرامبەر بە منداڵ بەکاربھێندرێت ، پێویستە منداڵەکانمان فێری چەمکی ( ڕوخسەت ) وەرگرتنی بکەین بۆ نموونە کاتێك دەتەوێت ( یاری ، قەڵەم ،ھتد....) منداڵەکەت بەکاربھێنی سەرەتا روخسەتی لێ وەربگرە ، کاتێك منداڵ دەستپاك بوو لە ھەمان کات دا کەسێك دەبێت کە ئامانەت بپارێزێت ، چۆن وا بکەم منداڵەکەم ئامانەت بپارێزێت ؟ ئامانەت واتا ( کەسێك شتێکت لا دادەنێت بۆ ئەوەی بیپارێزیت وە بۆ ماوەیەکی کاتیە ئەو شتە ھەرگیز نابێت بە موڵکی تۆ تەنیا پاراستنی دەبێتە ئەرک) دەتوانن بە شێوازێکی پراکتیکی وا لە منداڵ بکەن کەسێك بێت لە دا ھاتوودا ئامانەت پارێزبێت بۆ نموونە  ( کامە شتی خۆتان کە لە لا زۆر بەنرخە منداڵەکە ئاگەداری ئەوەبێت ئەو شتە چەندە بەنرخە لە لاتان بیدەن بە منداڵەکەتان داوای لێ بکەن کە لەلای خۆی بیپارێزێت ) .

 

-٤- ھەڵبژاردنی ھاوڕێ لە لایەن منداڵ ؛

ھاوڕێ کاریگەری ھەیە لەژیانی ھەر تاکێکمان ڕەنگە ئەو کاریگەرە ( ئەرێنی یان نەرێنی )بێت ، لەسەرەتا منداڵ تەنیا ئەو کەسانە دەناسێت کە دایك و باوك سەردانیان دەکەن وە دەکەوێتە دروستکردنی پەیوەندی ھاوڕێیەتی لە گەڵ منداڵی ئەو کەسانە بۆیە پێویستە وریابن لە سەردانی کردن ، پاشان منداڵ تێکەڵ دەبێت بە کۆمەڵگە بۆ نموونە ( باخچەی ساوایان ، قوتابخانە ) بۆیە دەبێت وریابن لە ھەڵبژاردنی چونکە منداڵ لەو شوێنانە ھاوڕێ دەدۆزێتەوە ، زۆر گرینگە بزانن کە منداڵەکەتان ھاوڕێیەتی کێ دەکات ؟ ئەگەر  زانیتان کێشەی ھەیە یان توانای نیە لە ھەڵبژاردنی ھاوڕێ  پێویستە ھاوکاریبن لە ھەڵبژاردنی ھاوڕێی باش و بەسود ، دەتوانن لە چەندین ڕێگەوە یارمەتی منداڵەکەتان  بدەن بۆ نموونە باسی بنەماکانی ھاوڕێی باش بۆ منداڵ بکەن بە پێی ئاستی تێگەیشتن و ئارەزووی منداڵ لە ڕێگەی ( گفتووگۆ ، چیرۆك ، ئەفلام کارتۆن کە گوزارشت لە بنەماکانی ھاوڕێی باش بکات ) ئەوە بابەتێکی گرنگە بە تایبەت بۆ منداڵێک کە تەمەنی بچوکە چونکە لەو قۆناغە زیاتر ھەوڵی لاسای کردنەوە دەدات ،ھاوڕێ کاریگەری دروست دەکات لە سەر کەسایەتی منداڵ لە داھاتوو .

-٥- چۆن وابکەم منداڵەکەم لە داھاتوو خاوەن کەسایەتیەکی سەرکەوتووبێت ؟

دایك و باوك زۆر جار تەنیا گرینگی بە پرکرنەوەی پێداویستیەکانی منداڵ دەدەن ، لە ڕوانگەی زانستییەوە دەبێت وەك "گەوەرەیەکی بچوك "بیر لە منداڵ بکرێتەوە واتا چۆن گەورە ھەست و سۆز و ھیوا و ئاواتی ھەیە منداڵیش بەھەمان شێوە ،ژینگە کاریگەری ھەیە لەسەر کەسایەتی منداڵ لە داھاتوو بۆیە دەبێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ منداڵ بڕەخسێندرێت ، لە ڕوانگەی زانستییەوە چەندە بەڵێت بەرامبەر بە منداڵ بەکار ھێنا ئەوەندەش نەخێری بەرامبە بەکار بێنن بەڵام دەبێت بزانن کە چۆن بە منداڵ دەوترێت نەخێر لەو رێگانە دەتوانن بە بە منداڵ بڵێن نەخێر

-ا- شوێنگرەوەی پێ بدە واتا منداڵ داوای شتێکی کرد کە لە توانای ئێوە دا نەبوو یان بۆ تەمەنی منداڵەکەتان گونجاو نەبوو ئەوکات شتێکی تری لە شوێن ئەو شتە بۆ دابین بکەن کە داوای دەکات

-ب- ھۆکارەکەی پێ بڵێ واتا کاتێك منداڵ داوای ھەر شتێکی کرد گەر بۆتان دابین نەکرد ھۆکارەکەی پێ بڵێ بۆ نموونە داوا دەکات کە ئامێرێکی ئەلیکتڕۆنی بۆ بکڕن کە ئێوەش ئارەزوو ناکەن  یان تواناتان نیە یان بەپێی تەمەنی منداڵەکەتان باش نیە کە ئەو ئامێرەئەلیکتڕۆنیە بەکاربھێنێ ئەوکات دەتوانن بە پێی ئاستی تێگەیشتنی منداڵەکەتان ھۆکارەکەی پێ بڵێن

-ج- بەراوردی بۆ دروست بکە واتا گەر داوای ھەر شتێکی کرد ئارەزوو ناکەن کە بۆی دابین بکەن ئەوکات دەتوانن لەگەڵ ئەو منداڵانە بەراوردی بۆ بکەن کە ئەوانیش نیانە ، بەو ڕێگانە والە منداڵەکەت دەکەی کە لە داھاتوودا خاوەن کەسایەتیەکی سەرکەوتو بێت وە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە منداڵ متمانەی بەخۆی بێت .

٦- دروستکردنی متمانە لەلای منداڵ ؛

کۆمەڵێك ھۆکار و ھەڵسوکەوت کە دەبێتە ھۆی ئەوەی منداڵ زیاتر متمانەی بەخۆی بێت ، لە وانەش نیشاندانی خۆشەویستی بەردەوام بەرامبەر  منداڵ بۆ نموونە کاتێك منداڵ (ژوورەکەی ) رێکخست دەست خۆشی لێبکەن وە پێی بڵێن بەو کارە زیاتر دڵمانت خۆش کرد ، وە ماچیان بکەن کە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە منداڵەکەتان زۆر خۆش دەوێت ، کاتێك دەبێتە موشتەمڕتان لەسەر بابەتێك ھەوڵ بدەن دوور لە چاوی منداڵەکانتان بێت ، کاتیان بۆ تەرخانبکەن بۆ چوونەدەرەوە و گفتووگۆ ھتد.... ، بەردەوام پشتگیریان بکەن بۆ بەدەسھێنانی ئامانجەکەیان پێیان بوترێت دەتوانی بگەیت بە ئامانج ، ڕێز لە کەلوپەلی تایبەتی منداڵەکەتان بگرن ، زۆر گرینگە لەو کاتەی کە منداڵ بێتاقەتە لە گەڵی بن ، باسی سەرکەوتنی منداڵەکەتان بکەن لەلای کەسانی دیکە ، وە باسی ئەوە بکەن کە چەندە بەنرخە لەلاتان ، ڕێز لە منداڵەکەتان بگرن لەلای کەسانی دیکە ، جگە لە خوێندن ھانیان بدەن کە بەچالاکی دیکە خەریك بن بۆ نموونە ( وەرزش )ئاگاداری ئەوە بن کە منداڵەکەتان بەچی خەریکە ، ھانیان بدەن بەژداری چالاکییەکانی قوتابخانە بکەن بۆ نموونە شعر خوێندنەوە یان ھەر چالاکییەکی تر ، کاتێك کەسێك پرسیار لە منداڵەکەتان دەکات ڕێگەبدەن کە خۆی وەڵام بداتەوە .

-٧- چۆن وابکەم منداڵەکەم بە باشترین شێوە ئامێرەئەلیکتڕۆنیەکان و ئینتەرنێت بەکاربھێنێ ؟

جیھان بووە بە گوندێکی بچوك بەھۆی تەکنەلۆژیا شەپۆڵی ئەو تەکنەلۆژیایەش ھەموو تەمەنێکی گرتۆتەوە بۆیە دەبێت زۆر بە ھەستیارانە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکەن بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە بەکاری بھێنێت ، باشتر وایە کە ئەو ئامێرە ئەلیکتڕۆنیانە بۆ ژیر کردنەوەی منداڵ بەکار نەھێندرێت ، پێویستە دایك و باوك کات ڕێکبخەن بۆ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکتڕۆنەکان و ئینتەرنێت لە لایەن منداڵ ، دەبێت لە  مێشك و ھزری  منداڵەکەیان چەسپاندبێتیان کە ئەو ئامێرە ئەلیکتڕۆنیانە ئینتەرنێت بۆ سودی مرۆڤایەتییە بۆ نموونە با چالاکیتان ھەبێت لەگەڵ منداڵەکەتان ئەویش لەڕێگەی ئامێرە ئەلیکتڕۆنەکان  و ئینتەرنێت بێت بۆ نموونە دەتوانن چەندین پرسیار ئامادە بکەن وە ھەوڵ بدەن کە لە ڕێگەی ئینتەرنێت وەلامەکە بدۆزنەوە ، باشتر واییە کە یاری ئەڵکترۆنی و ئینتەرنێت لە تەمەنێکی گونجاو بۆ منداڵ دابین بکرێت .

 

-٨- چارەسەرکردنی ھەڵەی منداڵ لەلایەن دایك و باوك ؛ دایك و باوك وەك ئاوێنە وان کاتێك لە ئاوێنە سەیری خۆمان دەکەین ھەرکێشەیەك لە روخسارمان یان جلوبەرگمان ھەبێت ئەوە لە ئاوێنەکە دەبینین ، دەتوانن پێش ئەوەی منداڵ ھەڵەیەك ئەنجامبدات ڕێگری لێبکەن ئەویش لە چەندین ڕێگەوە بۆ نموونە ( پێش ئەوەی ئامێری ئەلیکتڕۆنی بۆ منداڵ دابین بکەن فێریان بکەن کە چۆن بە باشترین شێوە بەکاریبھێنێت ) بەڵام ھەندێك جار مناڵ ھەڵەیەک دەکات لە و کاتەدا ئەرکی دایك و باوك چییە ؟ سەرەتا نابێت وا بیر بکەنەوە کە منداڵەکەیان وەك خۆیان ھەڵسوکەوت بکات چونکە وا لە منداڵ دەکات کە چێژ لە تەمەنی منداڵی نەبینێت ، بەڵام ھەندێك کات منداڵ ھەڵەیەك دەکات کە بەپێی تەمەنی منداڵ نابێت ئەو ھەڵەیە بکات بۆ نموونە ( جنێودان ) واباشترە لەو ڕێگانەوە ھەڵەی منداڵ چارەسەر بکرێت  ( بە تەنیا لەگەڵی واتا لەلای کەسانیتر نەبێت ، بە نەرموو نیانی ، ھێنانەوەی نموونەی جوان) .

-٩-  چۆن وابکەم منداڵەکەم قوتابخانەی خۆش بوێت ؟

قوتابخانە شوێنی پێگەیاندنی منداڵە ڕەنگە ببێتە شوێنی دۆزینەوەی بەھرەی منداڵ ، ھەندێك منداڵ ئارەزووی چوون بۆ قوتابخانەیان نییە ھۆکاری زۆر ھەیە کە منداڵ ئارەزووی چوون بۆ قوتابخانە ناکات ، ڕەنگە بەھۆی بینای قوتابخانە بێت یان ئەو ئامرازانەی کە لە ڕێگەیەوە زانیاری دەگوازرێتەوە بۆ قوتابیەکان یان بەھۆی ھەندێك لە قوتابیەکان بێت ھتد...... ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێك ھۆکار ھەیە کە بۆ دایك و باوك دەگەرێتەوە کە بەپێی پێویست گرینگی بە منداڵ نادەن ، ھەندێك ڕێگا ھەیە کە وا لە منداڵ دەکات ئارەزووی چوون بۆ قوتابخانە بکات کە ئەوەش ئەرکی دایك و باوكە ، سەرەتا دەبێت سیستەمی ( خەو ، خۆراك ، چونەدەرەو ) بۆ منداڵ ڕێکبێخن ، وە لەلایەنی ماددی پێویستە پێداویستییەکانی قوتابخانە بەپێی پێویست دابین بکەن وە خەرجی رۆژانەش بۆ منداڵ دابین بکرێت ، وە ھەڵبژاردنی کەلوپەلی قوتابخانە بەپێی ئارەزووی منداڵ بێت ، بردنی منداڵ بۆ شوێنی زانستی بەپێی تەمەنی منداڵ بۆ نموونە ( پێشانگای کتێب ، کۆر و سیمینار ھتد.... )

باشتر وایە کە کورو کچ پێش ھاوسەرگیری ھەولی زیادکردنی ئاستی ھۆشیاریان بدەن سەبارەت بە بابەتی پەروەردە کردنی منداڵ لەو ڕێگانە ( بەژداریکردن لە کۆر و سیمینار ، پرسیار کردن لە پسپۆرانی تایبەت دەربارەی پەروەردە کردن منداڵ ، کتێب خوێندنەوە دەربارەی پەروەردەکردن ) چارەسەرکردنی ئەو ھەڵانەی کە کاریگەری ( نەرێنی ) دروست دەکات لە پەروەردەکردنی منداڵ .

لە کۆتایی دا ؛ لەڕێگەی ئەو ڕێنماییانەی کە باسکرا دەتوانن چەندین بەھای جوان لەلای منداڵ دروست بکەن بۆ نموونە ( راستگۆی ،دەستپاکی  ھتد.....) وە لە داھاتوو دا کەسێك دەبێت جێگەی متمانە بێت وە سەرکەوتو بێت لە ژییاندا وە ببێتە جێگەی شانازیتان وە دەبێتە کەسێك کە کاریگەری باشی دەبێت وە لە بریارەکانی دەتوانێت بە باشترین شێوە بریارەکانی بدات کە ئەوەش ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە متمانەی بەخۆی دەبێت وە سەرکەوت و دەبێت لە پەیوەندیەکانی لەگەل کەسانی دەوروبەری کە ئەوەش زۆر گرینگە چونکە سروشتی مرۆڤ وایە کە کە ھەمیشە لە پەیوەندی دایە لەگەل کەسانی دەوروبەری

هه‌واڵی گرنگ