ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەهۆی چاكسازییەكانی كەرتی كارەبا، توانراوە بڕی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە وەرزی سەرمادا زیاد بكرێت، بە شێوەیەك لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا بۆ یەكەمجارە بتوانرێت ڕۆژانە نزیكەی ١٧ كاتژمێر كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.
گوتیشی: تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم نزیكەی ٢٢ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابینكراوە، لەمە بە دواوەش تا ئێستا ڕۆژانە نزیكەی ١٧ كاتژمێر كارەبا دابینكراوە.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: تا ئێستا٤٠٠ ھەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە و لە ئایندەیەکی نزیکشیدا پێوەرە بەستراوەکان کارا دەکرێن.