لیژنهی سامانه سرۆشتییهكان له پهرلهمانی كوردستانیڕایدهگهیهنێت، نزیک لە نیوەی ئهو کارەبایهی بەرھەم دێت بەفیڕۆ دەچێت، بەشێکی پەیوەستە بە زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکانی کارەباوە، تیمەکانی تایبەت بە لابردنی زێدەڕۆیی دەستیان بەکارکردوه.
ئهمرۆ شهممه 28 ی تشرینی دووهمی 2020 گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان له پهرلهمانی كوردستان، رایگەیاند، دوای ئەوەی ئێمە داوامان لە وەزارەتی کارەبا کرد، کار بۆ لابردنی زێدەڕۆیی لەسەر ھێڵەکانی کارەبا بکەن، ھەوڵەکان دەستیان پێکردووە و لە هەفتەی رابردوودا لیژنەکانی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لە ھەولێر، نزیکەی ھەزار زێدەڕۆیان لابردوە.
گولیزار رەشید ئاماژهی بهوهش كرد، نزیک لە نیوەی کارەبای بەرھەم دێت بەفیڕۆ دەچێت، بەشێکی پەیوەستە بە زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکانی کارەباوە، ئەگەر ئەو زێدەڕۆییانە لاببرێن رەوشی کارەبای نیشتیمانی زۆر بەرەو باشتر دەچێت و، کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەکرێن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان له پهرلهمانی كوردستان ئهوهشی خستهروو، لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لە ھەوڵداین لە ھەموو ناوچەکان تیمەکانی لابردنی زێدەڕۆیی دەست بەکار بن، لەگەڵ لابردنی زێدەڕۆیی پلانی دانانی پێوەری زیرەکیش دەستی پێکردووە و، پەیوەندیمان بە وەزیری کارەبا کردووە و، پێی راگەیاندووین لە ماوەی یەک ساڵدا ھەموو ھاوبەشەکان دەبنە پێوەری زیرەک.