هەردوو یانەی زاخۆی بە متمانە و هەولێری بریندار ئەمرۆ یارییەكانی خۆیان لە گەڕی (12)ـی خولی نایابی عێراق لەپێناو سێ خاڵ ئەنجامدەدەن.
یانەی زاخۆ كە بە بارودۆخێكی باش تێپەردەبێت و لەدواین دوو یاری شەش خاڵی بەدەستهێناوەو لە بەغداش لە زەورای بردۆتەوە رووبەرووی یانەی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە.
زاخۆ بە كۆكردنەوەی (17) خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە ، لەكاتی بردنەوەی یارییەكە پلەی سێیەمی ریزبەندی وەدەگرێت.
بەپێچەوانەی زاخۆ ، هەولێری بریندار ماوەی پێنج یارییە نازانێت تامی سەركەوتن چییە و بە كۆكردنەوەی (13) خال پلەی (14)ـی ریزبەندی گرتووە.
هەولێر لە كاتژمێر (2:45) عەسر لەیارییەكی زەحمەت رووبەرووی یانەی نەفت دەبێتەوە.
یانەی هەولێر بەراهێنەرایەتی رادان گاسانین نەیتوانیوە كلیلی سەركەوتن بدۆزێتەوە و جارێكی دیكە بگەرێتەوە رێچكەی سەركەوتنەكان و دڵی هاندەران رازی بكات.