جادوكەر و تۆقێنەرەكە پێكان وەستاندی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جادوكەر و تۆقێنەرەكە پێكان وەستاندی

 



ژیار گۆڤەندی یاریزانی برایەتی، ئەگەرچی لە باڵی چەپ یاری دەكات، بەڵام وەك سەرەڕم و گۆڵكار لە خولی نایابی كوردستان دەبیندرێت، ژیژۆ كە ئەو نازناوەیە من پێمبەخشیوە، تووشی پێكان بووەو بە قسەی پزیشكی تایبەتی یانەكە لە نێوان چوار تا شەش هەفتە دادەبڕێت.


لاوە گۆڵكارەكەی نایابی كوردستان و تیپی تۆپی پێی یانەی برایەتی كە قۆناغەكانی تازەپێگەیشتوان و لاوانی بە سەركەوتوویی بڕی، ئێستا تۆقێنەری گۆڵپارێزەكانی خولی نایابی كوردستانە، بەڵام پێكان لە بەردەم درەەشانەوەی زیاترو هەژاندنی زۆرتری گۆڵی ركابەرەكان وەستاندی.

پشكنینەكان دەریانخستووە كە (ئێسكی سەرەكی قاچی درزی بردووە)، هەروەها (الرباط الظنبوبي الشظوي الَامامي و الرباط الكاحلي الشظوي الَامامي) بەهەمان شێوە درزیان بردووە.


گەر باس لەیاریكردنی ژیاری بەهرەمەند بكەین، هەست بەوە دەكەی شێوازی یاریكردنی جیاوازە، لەرووی پێكهاتەی جەستەیی، جەستەیەكی پتەو و توند و تۆكمە، ترسناك و تۆقێنەر بۆ گۆڵپارێزەكان، خاوەن لێدانی بەهێزە، جگە لەوە لێدانە سەرەكانی ترسناك و كاریگەرن، لەهەمان كاتدا بۆ لێدانی سزا بەشێوازی ئینگلیزی توند وناوەندی گۆڵ دەكات.


ژیژۆی هاروهاجەكەی برایەتی درێسی ژمارە (2) دەپۆشێت كەخۆشی لە باڵی چەپ و هێڵەكانی پێشەوەی یاریگا یاری دەكات، ئەمەش جیاوازیەكە دەیەوێت خۆی بۆ هاندەران و میدیاكارانی وەرزشی بنوێنێ، هەروەها تا دوا خولەكی یاری شەڕ لەسەر تۆپ دەكات وبە هێزێكی جەستەی باش دەجەنگێت و حەز بە گۆڕان ناكات، بۆ هاوڕێكانیشی پاڵنەرو پاڵپشتێكی باشە بۆ هێرشبردنی بە كۆمەڵ و دروست كردنی تۆپی جیاواز، لە گۆڵ دروستكردن و ئەسیستیشدا سەلماندویەتی نایابە، تاتۆكانی دەستی ژیژۆش بەشێكە لە مەكرو نمایشە جادووگەرییەكانی، لەیارییەكەیان بەرامبەر چەمچەماڵ كە گۆڵی سێیەمی تۆماركرد، بە دەستە تاتۆكەی هەر پێنج پەنجەی لەسەر رووخساریدانا ودیمەنێكی فێڵبازی وخۆنمایشكردنێكی تری نمایش كردو خۆی كردە تۆڕێكی نەردین بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ودەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكارانی وەرزشی، وایكرد بە چڕی خۆی بخاتە نێو باسی رووپەڕی رۆژنامە وماڵپەڕ و پەیجی كەناڵەكان و پەیجی میدیاكارانی وەرزشی و پەیجەكانی دیكە، بێگومان ئەمە ژیری ژیژۆی ژیرە.


بۆیە گەر پێكان نەبوایە ژیژۆ نمایشی نایابتر وسەرسۆڕهێنەرتری لە خولی نایاب پێشكەش بە خولەكە ویانەكە و هاوادارانی دەكرد، بۆیە گەڕانەوەی گەنجە سەرسەخت و سەركێش و جادوكەرەكە گرنگە، بۆیە ساغ و سەلامەتی یاریزانیش لە ئەنجام و پاڵەوانبوون و گۆڵكار زۆر گرنگترە، لە كۆتاییدا هیوای زوو گەڕانەوە بۆ ژیژو سەلامەتیش بۆ تێكڕای یاریزانانی جیهان دەخوازم.

 

هه‌واڵی گرنگ