پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەرسیتی رایگەیاند بایرن میونخ باشترین یانەیە لە جیهان.
بایرن میونخ لەم وەرزە توانی شەش نازناوی لەسەریەك بباتەوە، بەمەش ژمارەی پێوانەیی بەرشلۆنەی لەیەك وەرز لە بردنەوەی نازناو بەرامبەر كردەوە كە 12 ساڵ بەر لە ئێستا تیپە كاتالۆنیەكە بەسەرپەرشتی گواردیۆلای راهێنەر ئەم دەستكەوتەی تۆمار كردبوو.
بەر لەیاری ئەمشەوی تیپەكەی بەرامبەر ولفرهامبتۆن لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە گواردیۆلا پرسیار كرا مانچستەرسیتی باشترین یانەیە لە ئەوروپا لە ئێستا ئەویش لەوەڵامدا گوتی :" باشترین یانە لە ئەوروپا و جیهان بایرن میونخە، چونكە سەرجەم نازناوەكانی بەدەست هێناوە، بێگومان ئەو باشترین یانەیە".
گوتیشی :" لە ئینگلتەرا لیڤەرپول باشترین یانەیە چونكە خاوەن نازناوی پرێمەرلیگە،ئەگەر بمانەوێت نازناوەكە ببەینەوە دەبێت بەشێوەیەكی باش لەكاركردن بەردەوام بین".
لەكۆتایشدا گوتی:"پاڵەوان لەم مانگە بەدیار ناكەوێت، لەسەرمان پێویستە بەشێوەیەكی باش بەردەوام بین تا نازناوەكە دەبەینەوە،ئێمە نكۆڵی لە ڕابردوو ناكەین چەند مانگی ڕابردوو نایاب بووە بۆ ئێمە لە ئەنجامە باشەكان".