یاریگای ئەلیانز ئەرینا میوانداری یاری لوتكەی نێوان بایرن میونخ و بڕوسیادۆرتمۆند لە جەولەی 24ی بۆندس لیگا دەكات كە بەیاری كلاسیكۆ ناسراوە.
بایرن میونخ خاوەنی 52 خاڵەو پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە لەدواین یاری بردنەوەی بەرامبەر بە كۆڵن تۆمار كردووە، بایرن میونخ وەك خاوەن نازناو دەیەوێت درێژەی بە پارێزگاری كردن لە پێشەنگی یانەكان بدات و ئەم بەربەستە قورسە تێپەڕێنێت .
بایرن میونخ یاری چوونی بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە دۆرتمۆند بردیتەوە،بۆ ئەم یارییە هانز فلیكی راهێنەر تیپەكەی بەشێوەیەكی باش ئامادە كردووە چاوی لەوەیە بردنەوە تۆمار بكات، پێشبینی دەكرێت بنیامین باڤاردی بەرگریكار بگەڕێتەوە یاری كردن كە لەوەتەی پێنجی شوباتی رابردوو بەهۆی توش بوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تیپەكە دوورە، لە چەند یاری رابردوو راهێنەر نیكلاس زۆلەی لە بەرگری باڵی راست یاری پێ كردووە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە ئەگەر لەم یارییەدا باڤارد بەشێوەیەكی باش ئامادە نەبێت زولە لە شوێنی ئەو یاری دەكات.
بایرن میونخ لەم وەرزە لە 23 یاری 16 بردنەوەو چوار بەرامبەر بوون و سێ دۆڕانی هەیەو خاوەن بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە 67 گۆڵی تۆمار كردووە، بەڵام بەرگرییەكەی وەك پێویست نیەو 32 گۆڵی لێ تۆمار كراوە، راهێنەر دەبێت كار بۆ ئەوە بكات بەرگری تیپەكەی رێكبخاتەوەو بەهێزی بكات.
هەرچی یانەی بڕوسیادۆرتمۆندە ئەم وەرزە لە دۆخێكی خراپدایە ئێستا پلەی پێنجەمی گرتوەو خاوەنی 39 خاڵە، ئەم یانەیە لەدواین یاری بردنەوەی بەرامبەر بە ئەرمینیا بیڵیفڵد تۆمار كردووە،ئەم تیپە لەكاتێكدا ئەم یارییە ئەنجام دەدات لە چەند رۆژی رابردوو خۆی گەیاندە یاری پێش كۆتایی جامی یانەكانی ئەڵمانیا پاش ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە بروسیامونشن گڵادباخی بردەوەو كار بۆ ئەوە دەكات لە خولی ئەڵمانیا درێژە بەسەركەوتنەكان بدات تا هیچ نەبێت لە چوار تیپەكەی پێشەوەی ریزبەندی بێت.
دۆرتمۆند چاوێكی لەیاری گەرانەوەی قۆناغی 16می یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر ئیشبیلیە كە بریارە لەم هەفتەیە ئەنجامی بدات، پێناچێت بەشداری بە زۆرێك لە یاریزانە سەرەكیەكانی بدات لە پێناو درێژەدان بەسەركەوتن لەسەر ئاستی ئەوروپا، ئەمەش ئەركی زەحمەت دەكات لە یارییەكە.
بروسیادۆرتمۆند لەم وەرزەی بۆندس لیگا لەكۆی ئەنجامدانی 23 یاری 12 بردنەوەو سێ بەرامبەر بوون و هەشت دۆڕانی هەیە،هێرشبەرانی 48 گۆڵیان تۆمار كردووە خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە لەخولەكەو 31 گۆڵی لێ تۆمار كراوە.
دۆرتمۆند لەم یارییەدا لە تواناكانی گادۆن سانشۆ و رافائیل گێرێرۆ و جیوڤانی رینا بێ بەش دەبێت.
دواین بردنەوەی دۆرتمۆند بەرامبەر بایرن میونخ بۆ تشرینی دووەمی ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە لەخولی ئەڵمانیا كاتێك بە بەسێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ براوە بووە، لەدوای ئەوە لەخول لەچوار یاری لەدوای یەك توشی دۆڕان هاتوە.