یۆرۆ.. ئەمرۆ لە دێربی ئەسكەندەنافیا دانیمارك و فینلەندا رووبەرووی یەكتردەبنەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یۆرۆ.. ئەمرۆ لە دێربی ئەسكەندەنافیا دانیمارك و فینلەندا رووبەرووی یەكتردەبنەوە

 

لەسەر یاریگای پاركن ستادیۆن لە كۆبنهاگن هەڵبژاردەی دانیمارك یەكەمین یاری خۆی لە كۆتاییەكانی یۆرۆ بەرامبەر بە هەڵبژاردەی فنلندا لە كۆمەڵەی دووەم ئەنجام دەدات، ئەم یارییەش یەكێكە لە دێربییەكانی ئەسكەندەنافیا.

دانیمارك لە ئێستادا یەكێكە لە تیپە بەهێزەكانی ئەوروپا، ئەم تیپە بەر لە یۆرۆ بەشێوەیەكی باش ئامادەكاری بۆ كۆتاییەكان كردووە بەسەرپەرشتی راهێنەر كاسپەر هیۆلماند و بوونی چەندین یاریزانی بەتوانا لە ریزەكانی لەوانەش كاسپەر شمایكل و ئەندریاس كریستینسن و سیمۆن كاییر و كریستیان ئیریكسن و تۆماس دیلاتی و كاسپەر دۆلبێرگ و یۆسف بۆلسن و مارتن برایسوایت.

وەك ئامادەكاری بۆ كۆتاییەكان دانیمارك دوو یاری دۆستانەی ئەنجامداوە، لەیارییەك لەگەڵ ئەڵمانیا بەرامبەر بووەو لە یارییەكیش بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە بۆسنەو هەرسكی بردەوە.

دانیمارك لەسەرجەم هێڵەكان هاوسەنگی هەیەو توانای ئەنجامی باشی هەیە، بەشداری ئەمجارەی دانیمارك لە پاڵەوانێتیەكە بەشداری نۆیەمە، ئەم تیپە باشترین ئەنجامی بەدەست هێنانی نازناوەكە بووە لەساڵی 1992 ئێستا بە گڕوتینەوە هاتۆتەوە بۆ ركابەری كردن لەسەر بەدەست هێنانی نازناوەكەو تۆمار كردنی باشترین ئەنجام.

هەرچی فنلندایە لە ئێستادا ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات یەكێكە لە تیپە باشەكان لەسەر ئاستی ئەوروپا توانای ركابەری هەیە لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو.

ئەم تیپە لە پاڵاوتنەكان ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد توانی بۆ جاری یەكەمین لە مێژوودا بگاتە كۆتاییەكانی ئەوروپا، فنلندا كار بۆ ئەوە دەكات ئەنجامێكی باش لە قۆناغی كۆمەڵەكان بەدەست بهێنێت و بگاتە قۆناغی داهاتوو.

ئەم تیپە لە ئامادەكارییەكان چەند یاریزانێكی پێكانی هەبوو، دوو یاری دۆستانەی ئەنجامدا، لەهەردوو یارییەكەش توشی دۆران بوو، لەیاری یەكەم بە سوید دۆرا بەئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر، لەیاری دووەمیش بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر بە ئستۆنیا دۆرا.

ماركۆ كانیریفای راهێنەر كار بۆ ئەوە دەكات پێكهاتەیەكی گونجاو دەست نیشان بكات و ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت، چەند یاریزانێكی بەتوانا لە ریزەكانی تیپەكە یاری دەكەن لەوانەش تیمۆ بۆكی و گویل بۆهاتیالۆ و فریدریك یانسن و تۆماس لام .

دواین یاری نێوان ئەم دوو تیپە دەگەڕێتەوە بۆ 15 تشرینی دووەمی ساڵی 2011 لە یارییەكەش دانیمارك بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك براوە بوو كە یارییەكی دۆستانە بوو.

 

هه‌واڵی گرنگ