ئەمرۆ ئۆكرانیا ئەركێكی نوێ بەرامبەر مەقدۆنیای باكوور تاقی دەكاتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمرۆ ئۆكرانیا ئەركێكی نوێ بەرامبەر مەقدۆنیای باكوور تاقی دەكاتەوە

 

هەڵبژاردەی ئۆكرانیا روو لە یاریگای ئەرێنا ناسیۆنالا دەكات و لە بوخاریستی پایتەختی رۆمانیا ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی لەیاری لووتكە رووبەرووی هەڵبژاردەی مەقدۆنیا ببێتەوە.

هەڵبژاردەی ئۆكرانیا بەسەركردایەتی ئەندرێ شیفشینكۆی راهێنەری هەڵبژاردەكە دەیەوێت خۆی بۆ ئەركەكانی داهاتوو بەباشی ئامادە بكات پێش ئەوەی بەخێرایی ئەم قۆناغە و پاڵەوانیەتییەكە بەجێبهێڵێت.

هەڵبژاردەی زەردپۆشەكان لە یاری یەكەمی ئەم پاڵەوانیەتییە رووبەرووی هۆڵەندا بوونەوە و دواكەوتنی خۆیان بە دوو گۆڵ یەكسانكردەوە بەڵام پێش ئەوەی یارییەكە كۆتایی پێبێت هەڵبژاردەی هۆڵەندا گۆڵی سەركەوتنی تۆماركرد و هەڵبژاردەی ئۆكرانیا دۆرا.

یاری ئەمجارەی ئۆكرانییەكان یاری مان و نەمانە بە دۆراندن ماڵئاوایی دەكەن و رێگا بۆ هۆڵەندا و نەمسا خۆش دەكەن بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی داهاتوو.

لە پێشتردا هەردوو هەڵبژاردە دووجار رووبەرووی یەكتربوونەتەوە ، هەردووجاریش لەیارییەكانی پاڵاوتنی یۆرۆی (2016) بووە ، لەهەردوو یاریش هەڵبژاردەی ئۆكرانیا باڵادەست بووە و گەیشتۆتە سەركەوتن.

لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی مەقدۆنیای باكوور كە نەهاتووە تەنها بۆ بەشداریكردن بەڵكو بۆ ئەوەی ببێتە ئەسپی رەشی قۆناغی یەكەم و باشترین دەستكەوت تۆماربكەن كە بڕینی قۆناغی یەكەمە دەیانەوێت سەركەوتن بەسەر ئۆكرانیا بەدەستبهێنن پێش ئەوەی لەیارییەكی زەحمەت رووبەرووی هۆڵەندا ببنەوە.

مەقدۆنیای باكوور لەیاری یەكەم بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا بە گۆڵێكی گۆران پاندێڤ بەرامبەر بە سێ گۆڵ تووشی دۆراندن هاتن ، كە بۆ ماوەی (78) خولەك بەرگریان كرد بۆ وەرگرتنی یەكەم خاڵ لە پاڵەوانیەتییەكە بەڵام لەكۆتاییدا بە سێ گۆڵ دۆران.

یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەشێوەیەكی فەرمی ناوبژیوانی ئەرجەنتینی (ئەندرێس رابالینی) دەست نیشانكردووە بۆ بەرێوەبردنی یارییەكەی نێوان ئۆكرانیا و مەقدۆنیای باكوور ، كە بووە یەكەم ناوبژیوانی ئەمریكای لاتینی یارییەكانی یۆرۆ بەرێوەببات ، لە گەڕی یەكەمیشدا توانی یاری نێوان بەلجیكا و رووسیا بەرێوەببات.

رابالینی تەمەنی (43) ساڵە و پێشتر هەلی بەرێوەبردنی چەندین یاری بەهێزی هەبووە لەوانە كلاسیكۆی ئەرجەنتین لەنێوان بوكا جۆنیۆرز و رێڤەربلێت.

ئەوەی ئێستا لەبەردەم هەردوو هەڵبژاردەدا هەیە تۆماركردنی سەركەوتنە بۆ مانەوەی هیوایەك لەپێناو ركابەریكردن بۆ گەیشتن بە قۆناغی دووەمی یۆرۆ.

هەڵبژاردەی ئۆكرانیا دواین یاری ئەم قۆناغە بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا دەبێت لە (21)ـی ئەم مانگە ، لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی مەقدۆنیای باكوور پێش ئەوەی چارەنووسی خۆی بەدەرچوون لە پاڵەوانیەتیەكە یان مانەوە لە ركابەریەكان یەكلایی بكاتەوە ، لە هەمان رۆژ رووبەرووی هۆڵەندا دەبێتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ