ئەمشەو هۆڵەندا رووبەرووی نەمسا دەبێتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمشەو هۆڵەندا رووبەرووی نەمسا دەبێتەوە

 

لەسەر یاریگای یۆهان كرۆیف ئەرینا لە جەولەی دووەمی كۆمەڵەی سێیەمی یارییەكانی پاڵەوانێتی یۆرۆ هەڵبژاردەی هۆڵەندا میوانداری نەمسا دەكات.

هەردوو هەڵبژاردە دەیانەوێت سەرەتایەكی بەهێزیان هەبێت و بگەنە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتیەكە پاش ئەوەی هەریەكەیان لەیاری یەكەمیان بردنەوەیان تۆمار كردووە.

نەمسا لەیاری یەكەمی بەرامبەر مەقدۆنیای باكور بە 3-1 گۆڵ لە بوخارست براوە بوو، ئەمەش یەكەمین سەركەوتنی نەمسا بوو لە مێژووی بەشدارییەكانی لە پاڵەوانێتی یۆرۆ ، هەرچی هۆڵەندایە دوای دووركەوتنەوەی بۆ ماوەی حەفت ساڵ لە پاڵەوانێتیە گەورەكان یەكەمین بردنەوەی تۆمار كرد كاتێك بە 3-2 گۆڵ لە ئۆكرانیای بردەوە.

یاری ئەمجارەشیان لەسەر یاریگای یۆهان كرۆیف لە بەرژەوەندی هۆڵەندایە، بەڵام لەسەر هۆڵەندا پێویستە بەرگری تیپەكەی رێك بخاتەوە تا خۆی لەوە بەدووربگرێت كە لەیاری یەكەم بەرامبەر ئۆكرانیا بەسەری هات بەتایبەتی بە دوو گۆڵ لە پێشەوە بوو پاشان دوو گۆڵی لێ تۆمار كرایەوەو لەخولەكی 85 دینزل دمفریس تیپەكەی لە دۆڕان رزگار كرد.

فرانك دی بویری راهێنەری هۆڵەندا دەڵێت:" دوو گۆڵمان لێ تۆمار كرا سەیرم كردەوە، كارێكی خراپ بوو بەتایبەتی ئێمە كۆنترۆڵی یارییەكەمان كردبوو نەدەبوایە ئەوە روو بدات، هەنگاوێكی باشمان ناوە بەرەو قۆناغی داهاتوو بەڵام هیچ شتێك مسۆگەر نیە".

نەمسا دەیەوێت وەك سەركەوتنی یەكەم سەركەوتنێكی تریش تۆمار بكات، بەڵام هۆڵەندا زۆر زەحمەت ترە لە مەقدۆنیای باكور كە ئەمەی دوایی جاری یەكەمە بەشداری لە پاڵەوانێتیەكە دەكات.

فرانكۆ فۆدای راهێنەری نەمسا دەڵێت:" تاكە شت ئەوەیە پێویستمان بە كۆكردنەوەی خاڵە بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو".

سەرەرای تۆمار كردنی سێ گۆڵ لە یاری رابردوو لە بوخارست بەڵام پێشبینی دەكرێت نەمسا گۆڕانكاری لە هێڵی هێرشبردن بكات بۆ ئەوەی ئامانجەكانی بپێكێ .

پێشبینی دەكرێت ماركۆ ئەرناوتۆفیچ و میخائیل گریگۆریچ بەشێوەی سەرەكی یاری بكەن پاش ئەوەی ئەم دوو یاریزانە لەیاری رابردوو یەدەگ بوون و دوای هاتنە خوارەوەیان بۆ یاریگا سەركەوتنیان بۆ تیپەكە بەدەست هێنا.

ئەرناتۆفیچ رازی نابێت وەك یاریزانی یەدەگ رۆڵی هەبێت لە تیپەكە بەڵام چەند رۆژێكی كەمە دوای چاك بوونەوەی لە پێكان گەراوەتەوە مەشقەكان.

راهێنەری نەمسا دەڵێت:" كاتێك ماركۆ توانای جەستەیی تەواو بێت ئەوا لە پێكهاتەی سەرەكی یاری دەكات، بەڵام دەبێت بەهۆشیارییەوە كار بكەین دوای ئەو پێكانەی توشی هاتووە، ماركۆ زۆر گرنگە بۆ تیپەكەمان ڕەنگە لەیاری هۆڵەندا بەسەرەكی یاری بكات".

پێشبینی ناكرێت هۆڵەندا هیچ گۆرانكارییەك بكات و ڕەنگە بە پلانی 5-3-2 یاری بكات ، بەر لەیاری ئۆكرانیا لەوڵاتەكەی قسەو باسی زۆر لەسەر ئەو شێوازە كرا.

هه‌واڵی گرنگ