ئەمشەو قەتەر لەجامی كۆنكاكاف رووبەرووی ئەمریكا دەبێتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمشەو قەتەر لەجامی كۆنكاكاف رووبەرووی ئەمریكا دەبێتەوە

 

هەڵبژاردە و شاندی قەتەر گەیشتە شاری ئۆستنی پایتەختی ویلایەتی تەكساسی ئەمریكی دوای ئەوەی شاری فینیكسی پایتەختی ئەریزۆنای بەجێهێشت بۆ ئەوەی لەیاری پێشكۆتایی پاڵەوانیەتی جامی كۆنكاكافی زێرین رووبەرووی هەڵبژاردەی ئەمریكا ببێتەوە.

هەڵبژاردەی قەتەر لەماوەی (48) سەعاتی رابردوو لەشاری ئۆستن مەشق و ئامادەكارییەكانی بۆ یاری پێشكۆتایی جامی كۆنكاكاف ئەنجامداوە ، ئەو هەڵبژاردەیە بەسەركردایەتی فیلیكس سانچێزی ئیسپانی مەشقی پێ دەدرێتەوە و لەباشترین ئاستی خۆیدایە.

یاریزانەكانی قەتەر بەباشی خۆیان بۆ تۆماركردنی مێژەوو ئامادەكردووە , ئەگەرچی دەزانن ئەركیان قورسە كاتێك رووبەرووی ئەمریكا دەبنەوە ، بەڵام قەتەرییەكان پێش ئەوەی پێشوازی لە مۆندیال بكەن دەیانەوێت چەندین ژمارەی نوێ تۆمار بكەن و ناوی خۆیان بە ئاوی زێر لە پاڵەوانیەتی كۆنكاكافی زێرین بنوسنەوە.

هەڵبژاردەی قەتەر لەم پاڵەوانیەتیە ئەگەرچی وەك میوان بەشداری كردووە ، بەڵام لەباشترین ئاست دەركەوتووە , لە قۆناغی گرووپەكان لە گرووپی چوارەم یاریكردووە شان بەشانی هەڵبژاردەكانی هندۆراس و پەنەما و گرنادا كێبركێی كردووە.

قەتەر توانی پلەی یەكەمی گرووپەكەی وەربگرێت و سەربكەوێت بۆ قۆناغی دووەم دوای ئەوەی حەوت خاڵی كۆكردەوە , لەگەڵ پەنەما یەكسانبوو , لەوكاتەی توانی لەهەردوو هەڵبژاردەی هندۆراس و گرنادا بباتەوە.

قەتەر بەوە نەوەستا و لە قۆناغی گرووپەكان بەهێزترین هێڵی هێرشبردنی هەبوو بە تۆماركردنی (9) گۆڵ، قەتەر لە قۆناغی چارەكی كۆتایی رووبەرووی هەڵبژاردەی سلڤادۆر بوویەوە و لەماوەی (55) خولەك سێ گۆڵی تۆماركرد ، بەڵام بەهۆی كارەساتێكی هەڵەی بەرگریكاران لەماوەی سێ خولەك دوو گۆڵیان لێ تۆماركرا ، لەگەڵ ئەوەش قەتەر توانی بگاتە قۆناغی پێشكۆتایی جامی كۆنكاكافی زێرین.

قەتەریەكان توانیویانە دەست بەسەر ئەو پاڵەوانیەتەدا بگرن ئەگەرچی وەك میوان هاتووە ، بەڵام گۆڵكاری پاڵەوانیەتیەكە لای معز عەلییە توانیویەتی لەماوەی (4) یاری (4) گۆڵ تۆمار بكات.

یاریزانەكانی قەتەر بەهۆی یاری بەرامبەر سلڤادۆر تووشی ماندووبوونێكی زۆر بوون ، بەڵام وەك یوسف حەسەنی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی قەتەر باسی دەكات ، تیپەكە بەباشی خۆی ئامادە كردووە و ئەوان دەیانەوێت لە ئەمریكا ببەنەوە.

دەشڵێت , ئەو هەڵبژاردانەی ئێمە رووبەروویان دەبینەوە پێشتر بەشداری كارایان لە مۆندیال هەبووە ئەمەش دەریدەخات ئێمە لە پاڵەوانیەتییەكی بەهێز كێبركێ دەكەین.

هەرچی حەسەن هەیدوسی كاپتنی هەڵبژاردەی قەتەرە دەڵێت ئێمە زۆر شت لەم پاڵەوانیەتیە فێربووین بەڵام ئێمە بەوە ناوەستین و دەمانەوێت بگەینە یاری كۆتایی پاڵەوانیەتی جامی كۆنكاكافی زێرین.

براوەی یارییەكەی نێوان قەتەر و ئەمریكا لەیاری كۆتایی رووبەرووی براوەی یاری نێوان مەكسیك و كەنەدا دەبێتەوە

هه‌واڵی گرنگ