ئەیاد بونیانی سەرۆكی دەستەی كاتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق رەتی ئەو هەواڵەی كردەوە كە باس لە هەڵوەشاندنەوەی كامپی مەشقی عێراق دەكەن لەوڵاتی توركیا و ئێستا هەڵبژاردەكە بەشێوەیەكی باش ئامادەكاری دەكات.
لە ئێستادا هەڵبژاردەی عێراق لە ئیسپانیا مەشق و راهێنان دەكات بۆ پاڵاوتنەكانی مۆندیالی قەتەر، بونیان رایگەیاند لە 16 ئەم مانگە عێراق شاری مەلەگەی ئیسپانی بەرەو توركیا بەجێ دەهێڵێت لەوێ درێژە بە مەشقەكان دەكات".
بونیان گوتیشی :" هەوڵ دەدەین چەند یارییەكی تاقیكاری بەهێز بۆ تیپەكە رێك بخەین، دەمانەوێت كامپە مەشقەكە سەركەوتوو بێت لە توركیا چونكە دەبێتە قۆناغێكی گرنگ لە ئامادەیی تیپەكە.
لە مەشقەكانی ئەمرۆ پێنجشەممەی عێراق ، لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری هۆڵەندی ئەدفوكات یاریزانەكان بەگروتینەوە بەدیاركەوتوون و لە مەشقی هونەری و جەستەیی بەردەوامن.
بۆ رووبەرووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی كۆریای باشوور و ئیران لە پاڵاوتنەكانی جامی جیهان ، راهێنەری هۆڵەندی ئەدفوكات بانگهێشتی هەریەكە لە جەستن میرام و ژیلوان حەمەد و ئوسامە رەشید و فرانس بتروس و ئەمیر ئەلعەماری كردووە.