مانچستەرسیتی دواكەوتنی خۆی بە گۆڵێك، بە شەش گۆڵ وەڵام دایەوە بەرامبەر ویكمپ ویندەرز لەیارییەكانی قۆناغی سێیەمی جامی ڕابیتەی ئینگلتەرا.
یارییەكە لەسەر یاریگای ئیتحاد بەڕێوەچوو، براندۆن هانلان گۆڵەكەی ویكمپی لەخولەكی 22 تۆمار كرد، پاشان سیتی شەش گۆڵی تۆمار كرد،كیڤن دی بروین لەخولەكی 29 گۆڵی بەرامبەری تۆمار كردەوە،ریاز محرز لەخولەكی 43 گۆڵی دووەمی تۆمار كرد، دوای دوو خولەكی تر فیل فۆدین گۆڵی سێیەمی تۆمار كرد گێمی یەكەمیش بەم ئەنجامە كۆتایی هات.
لەخولەكی 71 فیران تۆرێس گۆڵی چوارەمی تۆمار كرد،پاشان ریاز محرز لەخولەكی 83 گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی تیپەكەی تۆمار كرد،بەر لەكۆتایی یارییەكەش بە دوو خولەك كۆل بالمەر گۆڵی شەشەمی تۆمار كرد،بەم بردنەوەیەش سیتی خۆی گەیاندە قۆناغی چوارەم.
هەریەك لە یانەكانی ساوسهامبتۆن و سەندەرلاندو ستۆك سیتی و برینتفۆرد و لیدزیۆنایتد و بریتسۆن نۆرس ئیند و كوینز پارك رینجەرز بۆ قۆناغی داهاتوو سەركەوتن.