ئەمشەو یارییەكانی جەولەی پێنجەمی خولی یانەكانی ئیتاڵیا بەردەوامی دەبێت لەكاتژمێر 7:30 شەو یانەی یۆڤینتۆس لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر بە سبیزیا یاری دەكات.
یۆڤینتۆس بەدوای بەدەست هێنانی یەكەمین بردنەوە لەم یارییەدا دەگەڕێت، ئەم یانەیە لە چوار یاری رابردوو سەركەوتنی بەدەست نەهێناوەو تەنها دوو خاڵی هەیەو پلەی 18می ریزبەندی گرتوە.
یۆڤینتۆس خراپترین سەرەتای لەم وەرزە دەست پێكردووەو ئەم ئاستە لە یانەكە چاوەڕێ نەدەكرا، لەدواین یاریش لەگەڵ میلان بەرامبەر بوو.
بۆ ئەم یارییە ئەلێگری راهێنەری یۆڤینتۆس پێكهاتەی تیپەكەی بڵاو كردەوەو بەهۆی پێكانەوە جۆرجیۆ كلینی كاپتنی یانەكە بەشداری ناكات.
ئەلێگری لەبارەی یارییەكە گوتی :" لەیاری ئەمجارە چەند گۆرانكارییەك دەكەین، سبیزیا لەسەر یاریگای خۆی یاری دەكات بەبێ ترس ، یاری كردن بەرامبەر ئەم یانەیە ئاسان نیە، پێویستە لەبەرزترین ئاستی جەستەیی و هونەری بین بۆ ئەوەی هێزی خۆمان نیشان بدەین".
هەرچی یانەی سبیزیایە خاوەنی چوار خاڵەو پلەی 13می ریزبەندی گرتوەو لەدواین یاریش بردنەوەی بەرامبەر بە فینیزیا بەدەست هێناوەو هەوڵ دەدات درێژە بەئەنجامە باشەكان بدات و ئەو دۆخە بقۆزێتەوە كە یۆڤینتۆس تێیدایە بۆ ئەوەی ئەنجامێكی باش تۆمار بكات.