هەرێم... لە ناوچە سنوورییەكان زیاتر لە ٨٠٠ گوند چۆڵكراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەرێم... لە ناوچە سنوورییەكان زیاتر لە ٨٠٠ گوند چۆڵكراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە

لەو كاتەوەی كە شەڕ و پێكدان و بۆردومانەكانی سەر سنوور دەستی پێكردووە، بۆتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هاووڵاتی و زیان گەیاندن بە گیان و موڵك و ماڵیان. هاوكات، هیچ لایەنێكی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەستپێشخەر نەبوونە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێك بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی كە موڵك و ماڵیان وێران بووە، زەوی و زاریان زیانی پێگەیشتووە، و ژیانیان لە مەترسی دابووە.

سەبارەت بەم بابەتە، د.دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا "كە هێرش و بەرەنگارییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی كە دانیشتووانی ئەم ناوچانە بە كۆمەڵ ئاوارە بن و هەروەها بۆتە هۆی ناجێگیری بەردەوام. لە نێوان مانگی ١ بۆ ٨ی ساڵی ٢٠٢١ دا، ١٦٥ هێرشی ئاسمانی، ٢٧٤ گولەتۆپ، و ٦ هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون. بۆردومانەكان ناوچەكانی پێنجوێن، چوارتا، هەوارە كۆنی سەربە پارێزگای سلێمانی، شنگال، ئەسكبلان، شیلانی، كلكا نسارا، كلكا ئیسلام، كشانی، هروری، كورزار، دشیش، سكیر، ئاورا، باپیری، هرور، خامتیر، كەلها شابانی، لیفانی، دیری، هفشن، بیدهوهی، بونكستای سەر بە پارێزگای دهۆكی كردۆتە ئامانج."

هەروەها، لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و گولەتۆپ گوندەكانی نزیك ناوچەی سیدەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردومان كراوە، لەگەڵ ئەوەش، گولەتۆپ گوندەكانی نزیك ناوچەكانی باتووفە، كانی ماسی، دركاری سەر بە پارێزگای دهۆكی لەسەرەتایی مانگی ٩/٢٠٢١ دا تۆپباران كرد.

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ووتیشی "ئەم هێرشانە مەترسی دەخەنە سەر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، زیان دەگەیەنن بە موڵك و ماڵ و زەوی و زاری جووتیاران، و بینا و خانووەكان وێران دەكەن، و زیان دەگەیەنن بە دارستانەكان. سەرەڕای ئەمەش، چەندین دانیشتووی گووند نشینەكان ئاوارە بوونە بەهۆی ئەم بۆردومانانە، و چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و دەیانی تر بوونەتە قوربانی. سەرباری ئەمەش، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان نێوان پەكەك و سووپای توركیا زیاتر لە ٨٠٠ گوند چۆڵكراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە."

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا زێباری وتی كە "داوا دەكەین كە كۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەكان لە ناوچە سنورییەكان بهێندرێت. هەروەها، داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە ڕەچاوی بارودۆخی هاووڵاتیان لە ناوچەكانی سەر سنور بكەن كە ئێستا رووبەڕووی بۆردومانەكان بوونەتەوە و ناچارن ماڵەكانیان جێبهێڵن و دەست لە موڵك و ماڵەكانیان هەڵبگرن."

هه‌واڵی گرنگ