بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ چوار یاریزانی بالە لە رێگەی کۆیە- هەولێر گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندار بوون. دواتریش لە کاتی گواستنەوەی بریندارەکان، یاریزانێکی دیکەش گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە کاتژمێر 07:30ـی ئێوارە روویداوە، ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە یاریزانی تۆپی بالە بوون و لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر تووشی ئەو رووداوە بوون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە، رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا و بارهەڵگرێکی جۆری ئەتیکۆ بووە کە شۆفێری بارهەڵگرەکە بریندارە.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە هەر پێنجیان یاریزانی بالە بوون، بەناوی بنەسڵاوە چوون بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەشداری لە یاریی پێشکۆتایی بکەن کە ژمارەیان نزیکەی 12 یاریزان بووە بەرەو کۆیە بەڕێکەوتوون، بەڵام لە نزیک گوندی گۆمەتاڵ تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن، ئەو 5 پێنج یاریزانە لەنێو یەک ئۆتۆمبێل بوون، واتە شۆفێرەکەش هەر یاریزانی باسکە بووە.
ناوی ئەو یاریزانانەی گیانیان لەدەستداوە ئەمانەن:
1. موسلیم موحسین عوسمان، تەمەن 22 ساڵ و دانیشتووی پردێ.
2. عەبدوڵڵا سەباح حاسی، تەمەن 22 ساڵ و دانیشتووی بنەسڵاوە لە شاری هەولێر.
3. محمد کەمال جەلال، تەمەن 22 ساڵ خوێندکاری زانکۆ لە کۆلێژی وەرزش دانیشتووی پردێ.
4. بەلێن ئازاد، تەمەن 18 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر.
5. ئاودێر محمد ئەبوو زێد، تەمەن 23 ساڵ و دانیشتووی ناحیەی قوشەتەپە لە شاری هەولێر.