ڕۆحیەتی وەرزشی ،ئەو دەستەواژەیەیە کە تەنانەت بۆ پرسە سیاسیەکانیش زۆرجار بەکاردێت ، ئەویش کاتێک کەمەبەست یەکتر قبوڵکردن و لەخۆبوردەیی بێت لەگەڵ بەرامبەرەکاندا. سەیرئەوەیە کەئەم ڕۆحیەتە هەندێ جار لەیاریە وەرزشیەکاندا بزر دەبێ و پێشێل دەکرێ ،چ لەلایەن خودی یاریزانەکانەوە بێت ،یاخود لەلایەن هاندەرانی تیپە وەرزشیەکانەوە..
لەوەش سەیر تر ئەوەیە کە ئەم ڕۆحیەتە لەنێوان دوو تیپی وڵاتێکدا ( هەرێمێکدا) بەرجەستە نەبێ و پێشێل بکرێ! ئەوەی بیستمان و بینیمان کە شەوی ڕابوردو لە یاریگای هەولێر ڕوویداوە، ڕەفتارێکی نەخوازراوی ناشارستانی بووە ، کاتێک کەژمارەیەک لەهاندەران بوتڵە ئاویان گرتۆتە یاریزانانی زاخۆ ، یان لەوەش خراپتر تیشکی لیزەریان ئاراستەی چاوی ئەو یاریزانانە کردوە.. بێگومان کەسانێکیش بەزمانیان قسەی ناشیرینیان وتووە .
ئەم هەڵسو کەوتو ڕەفتارانە بەهەموو پێوەرەکان ،نادروست و ناپەسندن ،بگرە قێزەونن،بەتایبەت بەرامبەر تیپی میوان و لەشەوێکی ڕەمەزاندا و لەپێش چاوی کامێراکان.
ئاخر ئەم کارە ئەگەری زۆری هەیە بێ کاردانەوە نەبێت و لەداهاتودا هاندەرانی یانەی بەرامبەریش لە شارو یاریگای خۆیان ئەم ڕەفتارە لەگەڵ بەرامبەرەکانیان ئەنجام بدەن، بەوشێوە ڕق و کینە ی نێوان دوو یانەو جەماوەرەکانیان پەڕەدەسێنێ و دواتریش ڕەنگە سەربکێشێ بۆ ڕقەبەرایەتی نێوان خەڵکی دووشارەکەو ئەوەش زۆر مەترسیدارو خراپە. بەئومێدی ئەوەی کە وەرزش هۆکارێک بێت بۆ پەرەپێدانی خۆشەویستی و پتەوکردنی پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان ، نەک بەپێچەوانەوە.