دەنگ مەدە، دەنگت بەكاربێنە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دەنگ مەدە، دەنگت بەكاربێنە

 

       وتراوە هەڵبژاردن باشترینی خراپەكانە ، هەر چۆن بە زۆر فەرزكردنی كەسانی تریش گونجاو نییە ، ئاواش ئەگەر خەڵكی باشیش تەزكیە بكرێت ئەبێتـە نەریتێكی خراپ و هەر لایەنگیری تێدەكەوێت .. لە هەڵبژاردنیشدا لەوانەیە كەسانی لایقتر هەبن ، كاندید نین ، یان دوور ئەخرێنەوە ، هەروەكو كەسانی نەشیاو بەجۆرێك نمایش ئەكرێن كە شەیتان و رەحمانمان بۆ لە یەك جیانەكرێتەوە ...

لای ئێمە باوە كە ئەڵێن : بڕۆ دەنگ بدە ، ئیتر لە لا شعوری تاكەكاندا ئەوە ئەچەسپێنێ كە تۆ شتێكت هەیە و زایەی ئەكەی ، لە كاتێكدا وا نییە ، وا راستترە بڵێین : ئەمڕۆ تۆ چانست هەیە بڕۆ دەنگەكەت بەكاربێنە ، ئەو دەنگەی تۆیە ئەگەر بزانیت بەكاری بێنیت ، چاكسازی و گۆڕانكاری پێدەكەیت ..
دەنگی تۆ سەنگی تۆیە ، تۆ بەهێزی ، ئەوان لاوازن ، ئەوان پێویستیان بە تۆیە ، دەنگت لەوە گەورەترە بیبەخشیت بەكەسێك ، دەنگی تۆ ، بۆ گەورەكردنی كەسانی تر نییە ، بۆ دەوڵەمەندكردنی كاندیدەكان نییە ، تۆ دەنگت بەكار نەهێنی ، ئەوان ئەو دەنگەی تۆ بەكار دێنن....
جا چونكە تا ئێستاش زۆربەی حیزبەكان لەسەر میراتیی كۆچكردووەكانیان ئەژین ، هەر ئاوڕ ئەدەنەوە ، بۆیە ناگەن بە مەنزڵ..
هەموو حیزبێك جەماوەرێكی تایبەتی و مێژوویی خۆی هەیە و دەنگی مسۆگەرە و نەگۆڕە ، پارتییەك لەسەردەمی جەلالی و مەلاییەوە پارتییە و سوێند بەگۆڕی مەلا مستەفا ئەخوات ، هەر دەنگ بەپارتی و كوڕەكانی بارزانی ئەدات ، جەلالییەك كە دەیان ساڵە مام جەلال بەڕابەری شۆڕشی نوێ دەزانێت ، هەر یەكیـَتی هەڵدەبژێرێت و دەنگیشی بۆ بنەماڵەی مام جەلالە ، وا گۆڕانیش چوونیان بۆ سەر مەزارگەی رەوانشاد كاك نەوشیروان كردۆتە نەریت و هۆكاری دەمەزەردكردنەوەی رۆحیەتی هەوادارانیان ، ئەمانە و لایەنەكانی تریش هەر یەكە و بەجۆرێك ..
كەواتە لەهەڵبژاردندا گرەو لەسەر ئەو دەنگ و خەڵكەیە كە هێشتا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە و پێی ئەوترێت ( ناوچەی خۆڵەمێشی ) ، حیزبەكان و لایەنگرانیان ، كاندید و بەرنامە و بانگەشەكانیان بۆ راكێشان و كەسبكردنی ئەو دەنگە خۆڵەمێشیانەیە ..
لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا ، فەوزایەكی تایبەتی درووستكرا و مەبەستداریش بوو ، باس لە مووچەی زۆر و خانەنشینی پەرلەمانتاران كرا و لەبەرانبەردا مووچەی كەمی خانەنیشینان زەقكرایەوە و زۆری تری لەسەر ووترا ، بوو بە قەزیەی ساڵ...
ئەم هەڵمەتی راگەیاندنە مەبەست لێی توڕەكردنی جەماوەرە خۆڵەمێشییەكە بوو ، تا ساردیان بكەنەوە و دەنگ نەدەن ، یان دەنگەكانیان بسووتێنن ، ئە‌وەیان تۆخكردەوە كە بەدەنگی ئێوە ئەوان دەبنە خاوەن خانوو و سەیارە و مەعاش و خانەنشینی باش..!
ئەمە فێڵەكەیە ، تۆ كە هێشتا خۆت یەكلایی نەكردۆتـەوە ، وە لەوانەیە بچیت دەنگت بەكاربێنیت بۆ گۆڕانكاری و هەڵبژاردنی كەسانی تر لەدەرەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەكان ، موشكیلە و ركابەریان بۆ درووست دەكەیت ، جا واباشترە تۆ پەشیمان ببیتەوە و بەكوێریی لە ماڵی خۆت دانیشیت و ملیۆنان جار نەفرەت لەتاریكی بكەیت ..
ئەوانی دەسەڵاتداریش ، ئەوەندە هەوادار و لایەنگری خۆیان هەیە ، تەوریش ببارێت هەر ئەچن بۆ هەڵبژاردن ..
جا قسە هەزارە و دووانی بەكارە : بیانكەن بە نانی نیوەڕٍۆ بەر لەوەی بتانكەن بە شیووی ئێوارە ..

تاها سۆڵەیی
دارولمولكی بابان

هه‌واڵی گرنگ