ڕاستییەك لە ڕۆژی درۆدا
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕاستییەك لە ڕۆژی درۆدا

لە ووڵاتی [غانا]ی ئەفریقی دا ، سەیركردنی سەعات زیادەیە، چونكە لەم ووڵاتەدا مەوعید بایەخی نییە ، سەرۆكی ووڵات ، سیاسییەكان ، هاووڵاتیان ، كەم كەس پابەند دەبێت بە مەوعیدەوە..
ئەگەر لە مەوعیدی دیاریكراودا بگەیتە شوێنی مەبەست ، تەنها خۆت دەبینیتەوە ، ئەوانەی بڕیارە ئامادەبن نایانبینیت ..
"ئلیزابێس ئۆهینی " كە پێشتر وەزیر بووە و ئێستاش رۆژنامەنووسە ، جەخت لەوە دەكات كە هەتا سەیركردنی سەعاتیش كات بەفیڕۆدانە.. 
ئەو بۆ بی بی سی دەڵێت : من و چەند وەزیرێك لەو باوەڕەدا بووین ، ئەگەر سەرۆك لەكاتی خۆیدا ئامادەبێت ، ئەم كلتوورە دەگۆڕێت....
سێ جار تیمی سەرۆك هەوڵەكانیان شكستی خوارد بۆ رێكخستنی مەوعیدەكان،چونكە سەرۆك ملی دا بۆ تیمی حیمایە ، گوایا بۆ پارێزگاریكردن لەسەرۆك ، دەبێت هەرگیز لەكاتی دیاریكراودا ئامادە نەبێت!.
ئۆهینی دەڵێت : كە بینیم وەزیرێكی یابانی داوای لێبووردنی كرد لە پەرلەمانی ووڵاتەكەی ، چونكە سێ خولەك دواكەووتوە، ووتم ئاخۆ چەند وەزیرمان هەیە لە غانا كە شوكری خوا دەكەن ، كە ژاپۆنی نیین ؟
خنكانی مروریی ، كە زۆرجار سەعاتێكی پێدەچێت ، بەهانەیەكی باشە بۆ دواكەوتن لە مەوعیدا..
ئیلیزابێس دەڵێت: لە غانا میوانداریت دەكەن ، بەڵام دوای چەند سەعاتێك خواردن ئامادە دەكەن ، لەبۆنەكانیشدا مەوعیدی تەواو بوون دیار نییە....
تەنانەت خەڵكی غانا ، ئەم دواكەوتن و بێ مەوعیدییەیان كردووە بە قەشمەری ، ئەوان بە GMT ، ئەڵێن Ghana Maybe Time...

ئەڵبەتە غانا بەتەنها نییە و كوردستانیش دەستە خوشكیەتی ، چونكە ئێمەی كورد دەمانەوێت خەجاڵەت نەبین و هەتا بەدرۆزن دەرنەچین ، وەعد نادەین ، چونكە قەت ئامادەی نابین ! ئەوەتا لەمێژووماندا یەك جار هەڵبژاردنی شارەوانیمان كرد ، نۆزدە ساڵ لەمەوپێش ، هێشتا مەوعیدی هەڵبژاردنی داهاتوو دیار نییە ، خولێكی پەرلەمانیمان كه چوارساڵە ، جارێكیان بوو بە سیانزە ساڵ..
هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ناكرێ ، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قەت نەبووە لەكاتی خۆیدا رابگەیەنرێ ، راگەیاندنی ئەنجامەكان بێ مەوعیدە ، چونكە كاتی دەوێت كاكە ، خۆ هەروا گاڵتە نییە بێیت ژمارەی دەنگ و كورسیەكان بخوێنیتەوە ، هەتا لەئەلبیسەكە و شەڕەتەقە لەگردەكە و تەزویری ئەلیكترۆنی و مقەڕ سووتاندن و ئاغای سلێمانی دەبینەوە ، هەتا سنوقەكان دەگۆڕین و هی پڕكراوەی تر دێنین، خۆ مردووەكانیش كاتیان دەوێت تا لەو قەبرستانانەوە عەزیەت دەكێشن و دێن دەنگ دەدەن ، ئێ ئەمانە خۆ سێ مانگێكیان هەردەوێت ، دواجار لەبەرخاتری دەنگدەرانی بەشەرەف هەڵیدەكۆڵینین ..پەلەمان چییە؟ خۆ ئەگەر ئەنجامەكان راگەیەنرا ، ئەوا مەوعیدی تەشكیلی حكومەت هەر دیارینەكراوە، چونكە كەس نازانێت دوا مەوعید بۆ تەواوبوونی كۆبوونەوەكان كەی دەبێ .. 
هیچ وادەیەكمان نییە بۆ بەدواداچوونی كەیسەكانی لێپێچینەوە لە گەندەڵی موشكیلە نییە چونكە دادگا زەحمەتە بێتە سەرخەت ، ئەگەر هاتیش ، ئەوا مەوعیدی هەرناوێت ، چوونكە هیچ ناكەن ...
لە غانا مەوعید دادەنێن ، بەڵام دوادەكەوون ، بۆیە سەیری سەعات ناكەن ، بەڵام لای ئێمە ئەسڵەن مەوعید دانانێین بۆیە پێویست ناكات سەیری تەقویمیش بكەین نەك سەعات ، كارەبای موەلیدە مەوعیدی راست نییە ، مەوعیدی رەئیسی وەكو ئەجەل وایە، مووچەی ئەمساڵ ئەچێتە ساڵی داهاتوو ، پرۆژەی دوو ساڵیی دوای چوار ساڵ بوودجەی بۆ نوێ دەكرێتەوە ، بایعی و نەوت وەرگرتنیش مەوعیدیان نییە ، سەرۆكی حیزب و مەكتەب سیاسیەكان مەگەر خوا خۆی لەكۆڵمانی بكاتەوە ، ئەگینا هەتا قەرەی قیامەت هەر خۆیانن و تەقاعودیش نابن، بیست و هەشت ساڵە هەر لە باری ئەزمونیداین ، جا هەتا ئەكەوینە سەرخەت ، ئەوە خوا خۆی ئەمێنێ و موڵكی .. 
ئەمە بەشەرتێكیش ئێمە لەوڵاتێكی موسڵماندا دەژین ، كە لەهەموو شاروشارۆچكەیەكدا رۆژی پێنج جار لەكاتی خۆیدا بانگ دەدرێت..

شێخ فاتحزادە
تاها سۆڵەیی
یەکی نیسانی نۆزدە
دارولمولکی بابان
#tahasolaee

هه‌واڵی گرنگ