تۆرە كۆمەڵایەتیەكان سەرەتای تونێلەكە یا كۆتا ؟!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تۆرە كۆمەڵایەتیەكان سەرەتای تونێلەكە یا كۆتا ؟!

 

دیمەنی میدیایی لە جیهاندا، پاش دروستبون و گەشەكردنی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان، گۆرانگاریەكی ریشەیی بەسەردا هاتوە و ئەوەی جیهان بەچەند سەدەیەك پێی گەشت، مرۆڤایەتی بەم گەشەكردنە میدیاییە لەماوەی ئەم دە ساڵەی دواییدا بە شێوەیەكی سەرسورهێنەر هەموی تێپەراند، مرۆڤایەتی دوو سەدەی ویست تا قۆناغی چاپی تێیپەراند بۆ لەدایك بونی رۆژنامە و دوو سەدەی دیكەشی ویست تا گوێی بەر لەرەلەرەكانی رادیۆ كەوت، بەڵام خێرایی گەشەكردنەكە لە سەدەی بیست و بیست و یەكدا ئەفسوناوی و جێگەی سەرنج و وردبونەوەیە.
ئەمرۆ نەخشە و دیمەنی میدیای لە جیهاندا وێنایەكی دیكەی وەرگرتوە و كایەی میدیایی تێكەڵ بە گۆرانكاریە كۆمەڵایەتیەكان و ژینگە سیاسیەكە و جموجوڵە رۆشنبیریەكان و هەرای بازار و وردەكاریەكانی ژیان و رەفتارەكانی رۆژانەی تاك بوە و سات و بوار و لایەنێك نەماوە میدیا خۆی نەخزاندبێتە كون و قوژبنە تاریكەكانی، بێ ئەوەی داوای مۆڵەت بكات یاخود تەقە لە دەرگاكانمان بدات !
لە نێو ئەم دیمەنەدا، كە ئەكتەرە دیارەكانی كەناڵە ئاسمانیەكان و تۆری جیهانی جاڵجالۆكەیی (ئینتەرنێتە)، (تۆرە كۆمەڵایەتیەكان) رۆڵێكی كاریگەر و دیار دەبینن ولە تەشەنكردنێكی شێتانەدان و وەك شارەزایان و پسپۆران پێشبینی دەكەن و زەنگەكەیان لێداوە، پێدەچێت لە چەند ساڵی داهاتودا تەواوی دیمەنەكە داگیر كەن و خۆیان ببنە پاڵەوان و تاكە ئەكتەری گۆرەپانەكە .
كاتێك خوێندنەوە بۆ ئەزمونی (كەسیی) هەندێك لە چالەكەوان و ئەكاونت و پەیجەكانی نێو ئەم تۆرە كۆمەڵایەتیە دەكەیت، و ئەو پانتاییە دیارە لە كاریگەریی و تەشەنەكردن و روماڵكردن دەبینیت، ئەو قەناعەتەت لا تۆختر دەبێتەوە كە چۆن ئەم بوارە بێ خەرجی و ئیمكاناتێكی زۆر و بە ژمارەیەكی دیاریكراو، رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبێت و هەموان بۆ خۆی پەلكێش و كەمەندكێش دەكات.
(تۆرە كۆمەڵایەتیەكان) تەمەن و رەگەز و ئاستی خوێندن و ئاستی بژێوی تێپەراندوە و میدیای لە دەستی نوخبە و دەستەبژێر سەندەوە بۆ هەموان، ئەمرۆ بۆ ئەوەی بەشدارێكی چالاكی ئەو بوارە بیت، پێویستیت بە پسپۆریتیەكی قوڵ و بروانامە و شارەزاییەكی تایبەت نیە، خۆت و موبایل و ئایپادەكەت دەتوانن ببنە دەزگایەكی میدیایی زەبەلاح و كاریگەر، دەتوانیت روماڵ بكەیت و تەنانەت ببیتە سەرچاوەی هەواڵەكان ! دەتوانیت بیرۆكە و ئایدیاكانی خۆت بگەیەنیتە دورترین شوێن، نە پاسەوانی دەرگا هەن رێگەت لێ بگرن پشكنینت بۆ بكەن، نە پێوستیت بە ساختمان و پاسەوان و ئۆتۆمبێل و بودجەیەكی زەبەلاحە بۆ ئەوەی پەیامەكانت بگەیەنیت و دواجار لەم دونیا جەنجاڵەی میدیا و هەواڵ و روداوەكاندا خۆت بسەلمێنیت .
ئەمرۆ لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا و لە هەرێمی كوردستانیشدا، تۆرە كۆمەڵایەتیەكان رۆڵە كۆمەڵایەتیەكەی تێپەراندوە بۆ رۆڵی سیاسیانە و هەندێ جاریش رەنگە كاریگەریی لەسەر ناوەندەكانی بریار و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكانیش دروست بكات، تەنانەت جار جارە دەبێتە سەرچاوە بۆ هەواڵ و روماڵ و راپۆرتی دەزگا میدیاییەكانی دیكەش، ئەگەر چی لە روی یاساییەوە تا ئێستە لە جیهان و لە كوردستانیش ئەم بوارە بە تەواوی رێك نەخراوە و چوارچێوەیەكی یاسایی كامڵی نیە، بەڵام خۆی كردۆتە واقیع و هەموانی ناچار كردوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، راستە هەرگیز هەڵوێستی فەرمی لایەن و كەسایەتیەكی سیاسی لە ئەكاونت و پەیج و تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە وەرناگیرێت، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە كە باس و خواسی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان خۆی خزاندۆتە نێو كۆبونەوەی باڵای لایەنە سیاسیەكان و هەندێ جار قەیرانی گەورەی دروست كردوە و لایەن و كەسایەتیە سیاسیەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردوە ناچاری كردون رونكردنەوەی فەرمی و بەیاننامە دەركەن و پۆزش و بەهانە بهێننەوە.
هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو راستیەن كە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و ئەوەی بە (سۆشیەلمیدیا) ناوزەد دەكرێت ناونیشانە سەرەكیەكەی ئەو دەستەواژە میدیاییە نوێیە كە بە (میدیای جێگرەوە – الاعلام البدیل) دەناسرێت و پانتاییەكی دیاری لە توێژینەوە زانستیەكان و شرۆڤەكردنەكانی تایبەت بە جیهانی میدیا داگیر كردوە، میدیای جێگرەوە بەمانا ئەو گۆرانگاریە ریشەییانەی لە فۆرم و ناوەرۆكی میدیاییدا دروست بوە و سەرەتای تونێلێكە كە رەنگە نەزانین ئەو سەری بەرەو كوێمان دەبات و سەرمان بەروی چی دیكەدا دەتەقێتەوە ؟!

 

هه‌واڵی گرنگ