لەم شارە سێ‌ ڕووداوی نەخوازراو روویاندا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەم شارە سێ‌ ڕووداوی نەخوازراو روویاندا

 

 

هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، سەركەوتوبوون لە رزگاركردنی ژنێكی (46) ساڵ كە دەیویست كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، لە دوو رووداوی تردا منداڵێكی تازە لە دایكبوو لەناو گۆڕستانێكدا هەڵگیرایەوەو تەرمی منداڵێكی تریش دۆزرایەوە.

ئەو سێ رووداوە نەخوازراوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لەناو شاری كەركوك روویاندا.

(مازن غەریب) بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك رایگەیاند، مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن توانیان ئافرەتێكی (46) ساڵ، لە خۆكوشتن رزگاربكەن كە بەنیاز بوو لەسەر پردی چوار خۆی فڕێبداتە خوارەوە.

پۆلیس دوای ئاگاداركردنەوەی لە هەوڵی ئەو ژنە بۆ خۆكوشتن، چونە شوێنی رووداوەكەو سەركەوتوبوون لە پەشیمانكردنەوەی، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ژنەكە فشاری دەروونی لەسەر بووە.

(مازن غەریب) جەختیكردەوە لەوەی لە روداوێكی تردا لە گەڕەكی پەنجا عەلی، هێزەكانیان تەرمی منداڵێكی ساوایان لەناو جلیكانێكدا دۆزیوەتەوە، پۆلیس هیچ زانیارییەكی لەسەر تەرمەكە نییە.

هەر لەشاری كەركوك پۆلیسی رەحیماوا منداڵێكی تازە لە دایكبوویان لەناو گۆڕستانی گەڕەكەكە هەڵگرتەوە، (فەرهاد مەحمود) بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا بۆ كەركوك ناو وتی، هاوڵاتییەك لە بوونی ئەو منداڵە ئاگاداری كردینەوە لەنێو گۆڕستانی رەحیماوا، مەفرەزەیەكمان منداڵەكەی هەڵگرتەوە، دیارە تەندروستی باش بووەو پێدەچێت كاتژمێرێك بێت جێهێڵدرابێت، وتیشی: منداڵەكە لە رەگەزی نێرەو لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی منداڵان لەژێر چاودێریدایە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ