وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە ھەفتەی داھاتو دەستدەکرێت بە کاری چاککردن و نۆژەنکردنەوەی پردی دەربەندی رانیە.
لەروونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، پڕۆژەکە لەلایەن خودی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لەجێبەجێکردنی پڕۆژەکەو ھەرچی زو تەواوکردنی، بەمەبەستی خزمەتکردنی بە ھاوڵاتیان و جوتیارانی سنورەکە.
جێی باسە سێ ڕۆژ لەمەوبەر هاوڵاتیانی ناحیەی بنگردو دانیشتوانی 54 گوندی سنورەكە، لەسەر پردەكە گردبوونەوەو ئەو بەربەستە ئاسنینەیان تیكشكاند كە بە پاساوی مەترسیەكانی داڕمانی پردەكە بەسترابوو پێیەوەو ڕێگری دەكرا لە پەڕینەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسەر پردی دەربەندی ڕانیە.