شەپۆلی كۆچكردن دەست پێدەكاتەوە،نزیكەی 500عێراقی كۆچیان كردوە بۆ ئەوروپا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شەپۆلی كۆچكردن دەست پێدەكاتەوە،نزیكەی 500عێراقی كۆچیان كردوە بۆ ئەوروپا


بەپێی دواین ئامارەكان كە پڕۆژەی كۆچبەر لە كوردستان لە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەریگرتووە، لە شەش مانگی ئەمساڵدا 28 هەزار و 729 كۆچبەر و پەناخواز لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا كە ئەفغانی و سوری و جەزائیرییەكان زۆرترینیان پێكهێناوە، هاوكات 339 كۆچبەریش لە ڕێگادا گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی گشتیی كۆچبەرانی گەیشتوو بۆ ئەوروپا لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
یۆنان: 10 هەزار و 408
ئیسپانیا: هەشت هەزار و 693
ئیتاڵیا: حەوت هەزار و 330
ماڵتا: هەزار و 776
قوبروس: 468

لەبارەی كۆچبەرانی عێراقی، لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ تاوەكو كۆتایی حوزەیران، نزیكەی 500 كۆچبەری عێراق خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا كە 340 كۆچبەریان دەربازی یۆنان بوون و 99 كۆچبەری تریان گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.

ئامارەكە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر كەمترە كە ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە، سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی كۆچبەر لە كوردستان ڕایگەیاند، كەمكردنی شەپۆلی كۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی كوردستان بەرەو ئەوروپا ڕووی لە كەمی كردووە، بەڵام هۆكارەكە ناوخۆیی نیە و پەیوەندی بە سەختبوونی ڕێگای كۆچی نائاسایی هەیە.
سۆران ڕەشید وتیشی، هۆكاری یەكەم بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنایە لە سەرانسەری جیهان، لە سەرەتای شوباتەوە توركیا و وڵاتانی ئەوروپی بە تەواوی سنورەكانیان داخست و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانیان ڕاگرت، ئەوەش بەربەستێكی سەرەكی بوو لە بەردەم كۆچبەراندا.

هۆكاری دووەم، بەپێی قسەكانی سۆران ڕەشید، توندكردنی سنورەكان و گۆڕانكارییە لە سیاسەتی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی وەستاندنی شەپۆلی كۆچبەرانی نائاسایی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵ یۆنان وەزارەتێكی بە تایبەت پێكهێناوە بە ناوی وەزارەتی كۆچ كە پێشتر لە كابینەی حكومەتدا نەبووە، داوای هێزی زیاتری سنوریی یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ پاراستنی سنور و حكومەتی یۆنان هەموو هەوڵێكی خستەگەر بۆ دیپۆرتكردنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەشی كە دەربازیان بووە.

بەپێی داتاكانی بەردەست پڕۆژەی كۆچبەر لە كوردستان، لە سەرەتای مانگی تەموزەوە شەپۆلی كۆچی عێراقی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چڕی دەستیپێكردووەتەوە، بە جۆرێك تەنها لە 10 ڕۆژی یەكەمی مانگی تەموزدا، 500 كۆچبەر لەلایەن هێزەی پاسەوانی دەریایی توركیاوە دەستبەسەركراون.

 

هه‌واڵی گرنگ