هەناردەی نەوتی كەركوك كەمدەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەناردەی نەوتی كەركوك كەمدەكات

 

 

هەناردەی نەوتی كەركوك، لە مانگی رابردوودا نزیكەی (800) هەزار بەرمیل كەمیكردووەو هەر بەرمیلێكیشی لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە (40) دۆلار فرۆشراوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی نەوتی خاو لە تەواوی كێڵگەكانی وڵاتدا بۆ مانگی تەمموزی 2020 گەیشتۆتە زیاتر لە (85) ملیۆن و (663) هەزار بەرمیل نەوت، بە داهاتی سێ ملیارو (487) ملیۆن و (139) هەزار دۆلار.

(عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوت لە راگەیەندراوێكدا رونیكردۆتەوە مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە دوو ملیۆن و (701) هەزارو (15) بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهان كراوە لە توركیا، كە رۆژانە دەكاتە (87) هەزار بەرمیل.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، لە كەركوكەوە زیاتر لە سێ ملیۆن و 482 هەزار هەناردە كرا.

هەر لە كەركوكەوەو بە تانكەر، لە مانگی رابردوودا (261) هەزارو (894) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی ئەردەن كراوە.

نەوتی خاوی عێراق لە مانگی تەمموزدا هەر بەرمیلێكی بە (40.708) دۆلار فرۆشراوەو زیادیكردووە بەراورد بە مانگی حوزەیران كە (33) دۆلار بوو.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگەی سەرەكی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو هەیە؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور‌و خەبازە كە لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نەوت باكوری سەر بە حكومەتی عێراقیدان.

 

هه‌واڵی گرنگ