بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، زانکۆکان بەپێی گونجان لە ٢٠ی ئەیلوول بۆ چواری تشرینی یەکەم، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکەن.
لەمبارەیەوە زانکۆی هەڵەبجە بڕیاریداوە لە چواری تشرینی یەکەمدا، دەست بکات بە ساڵی نوێی خوێندن لە بەکالۆریس بەشێوەی ئاوێتە و بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
مهاباد کامل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، رایگەیاندوە کە خوێندن لە زانکۆکەیاندا بەشێوەی ئاوێتە دەبێت و تەنها بەشە پراکتیکیەکان لەنێو هۆڵەکانی کەمپی زانکۆدا دەخوێندرێن، ئەوانەشی تایبەتن بە تیۆریی، ئەوا بەشێوەی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی دەخوێندرێن.
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتویەتی: لەئێستادا مامۆستاکانمان لە خولێکی تایبەتدان، بۆ ئەوەی بە باشی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی نوێی خوێندندا کە خوێندنی ئۆنلاینە،خولەكەبۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت کە لە سێی ئەیلوولەوە بەردەوامە.
دەشڵێت ئەمە لەکاتێکدا مامۆستاکان لە وەرزی هاویندا، بەشداریان لە دوو خولدا کردووە بۆ مەشق و راهێنان لەسەر چۆنیەتی وانە گوتنەوەی ئۆنلاین کە خولەکان بەهاوکاری دەزگای مرۆیی مام و رێکخراویی ئایەڵس کراونەتەوە.