پەرلەمانتارێك وردەكاریی بەقاچاخهێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم ئاشكرادەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پەرلەمانتارێك وردەكاریی بەقاچاخهێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم ئاشكرادەكات

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ڕۆژانە ئۆتومبێلی‌ بێسەرەتا و خوار مۆدێل بە قاچاخ دەهێندرێت و دەسەڵاتدارانی‌ هەرێمی‌ كوردستان هێندە دوركەوتونەتەوە لە خەڵك و نەهامەتیەكانیان لایان ئاساییە خەڵك زەرەرمەندی‌ یەكەمی‌ كارەكانی‌ ئەوانە.

ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ڕۆژانە ئۆتومبێلی‌ بێسەرەتا و خوار مۆدێل بە قاچاخ دەهێندرێت و بەرپرسانی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ بێدەنگن و هیچ ڕێكارێكیان نەگرتوەتە بەر بۆ ڕێگری‌ لێی‌، هاتنی‌ ئەو ئۆتۆمبێلانە بەرپرسی‌ لەپشتە و هەوڵی‌ جدیش هەیە بۆ ئەوەی‌ ژمارەیان پێبدرێت و شەرعیەت بدرێت بەو كارە نایاساییە.

ووتیشی: دەسەڵاتدارانی‌ هەرێمی‌ كوردستان هێندە دوركەوتونەتەوە لە خەڵك و نەهامەتیەكانیان لایان ئاساییە خەڵك زەرەرمەندی‌ یەكەمی‌ كارەكانی‌ ئەوان بێت تەنها خۆیان سودمەند ببن، ئەگەر حكومەتی‌ هەرێم بڕیاری‌ ژمارە پێدان بە ئۆتۆمبێلی‌ قاچاخ و بێسەرەتا بدات ئەوا شەرعیەت بە كاری‌ قاچاخ دەدات و زەرەری‌ گەورە لە بازاڕ و گیرفانی‌ خەڵكی‌ دەدات.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەمڕۆ لە شاری‌ سلێمانی‌ زیاتر لە (2000) دووهەزار ماتۆرسكیل بەهۆی‌ نەبونی‌ سەرەتا و ژمارەوە پانكراونەتەوە بەڵام لە هەرێمی‌ كوردستان ڕۆژانە ئۆتۆمبێلی‌ بەقاچاخ هێنراو بە ژمارە كاتی‌ نایاسایی و ڕێگە پێنەدراوەوە دەسوڕێنەوەو كەس لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكات.

ئەوەشی خستەڕوو: پێوستە وەزارەتی‌ ناوخۆ ڕێگری‌ بكات لەو پێشێلكاریانەی‌ بەرامبەر بڕیارەكانی‌ دەكرێت، ئەگەر ڕێگریشی‌ پێناكرێت، لانیكەم ڕێزی‌ بڕیارەكانی‌ خۆیان بگرن و شەرعیەت نەیەن بە ئۆتۆمبێلی‌ قاچاخ و ژمارەیان پێنەدەن و زەرەر لە خەڵك نەدەن لەپێناو بەرژەوەندی‌ چەند باند و بەرپرسی‌ قاچاخچی.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: ئۆتۆمبێلی‌ بێسەرەتا بەرپرس بە قاچاخ دەیهێنێت و ژمارە كاتی‌ یاخود ژمارە ڕەشی‌ نایاساییان لێدەدرێت و لەسەر شەقامەكانن بەبەرچاوی‌ پیاوانی‌ حكومەتەوە دەسوڕێنەوه،‌ لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكرێت، كامێرەكانی‌ تیژڕەوی‌ تۆماری‌ سەرپێچیەكانیان ناكات، پارەی‌ ژینگە و ڕێگەوبان نادەن، سەرەڕای‌ هەمو ئەو پێشێلكاریانەش كە بەرامبەر مافی‌ هاوڵاتیانی‌ خاوەن ئۆتۆمبێلی‌ بە سیستم ڕێكخراو دەكرێت هەوڵیش هەیە ژمارەیان پێبدرێت و شەرعیەت بدرێت بەو یاسا شكێنیە.

 

هه‌واڵی گرنگ