عێراق بەداوایەكی توركیا رازی نەبووە بۆ هێرش كردن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

عێراق بەداوایەكی توركیا رازی نەبووە بۆ هێرش كردن

 

 

توركیا هەوڵەكانی بۆ هێرش و پەلامارێكی دیكە لەناو خاكی عێراق و باشووری كوردستان بەبیانووی پەكەكە چڕ كردۆتەوە، عێراقیش تا ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ڕەزامەندییەكی نیشان نەداوەو دۆسیەكەی بەستۆتەوە بە چوونە دەرەوەی سوپای توركیا لەناو خاكی عێراق، ئەوەشی بە ڕوونی لەگەڵ شاندە سەربازییەكەی توركیا لەم هەفتەیەدا نیشانداوە.

ئەو شاندە سەربازییەی توركیا كە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بە سەرۆكایەتی وەزیری بەرگری سەردانی عێراقی كرد، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداو هەولێر باسیان لە ئەگەری هێرشی بەرفراوانی توركیا كرد بۆ سەر پەكەكە لەناو خاكی عێراق، ئەگەر بێت و بەغدا لە ماوەی دوو مانگدا نەتوانێت دۆسیەكە بە قازانجی توركیا یەكلا بكاتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە وتوێژەكانی بەغداو شاندەكەی توركیا بە ڕۆژنامەی مەدای وتووە، ئەنقەرە لە دوایین ڕۆژی ساڵی ڕابردوودا بەغدای ئاگادار كردەوە كە ئەگەر نەتوانێت پەكەكە لەسەر خاكی عێراق دەربكات، ئەوە خۆی بەو كارە هەڵدەستێت و هێرشی بەرفراوان ئەنجام دەدات.

دەشڵیت، دوا شاندی توركیا بۆ عێراق بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو هۆشدارییانەو پێشكەشكردنی بژاردەی دیكە بووە، هەروەها دوا وادەی بۆ كۆتاییهێنان بە فایلی پەكەكەی تا كۆتایی مانگی شوبات یان سەرەتای مانگی سێی داوە بە عێراق، بەڵام (موستەفا كازمی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو هەڕەشەو پێشنیازانەی توركیای بە تووندی ڕەتكردۆتەوەو دووپاتیكردۆتەوە، عێراق خۆی دەتوانێت ڕووبەڕووی هەر مەترسی و هەڕەشەیەك ببێتەوە لەناوی خاكی وڵاتەكەیدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا (هەرێم كەمال ئاغا) ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی مەدای ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە بەنیازە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا هێرشێك لەناو خاكی عێراقدا ئەنجام دەدات، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕینی حكومەت لە واشنتۆن، بەڵام بەغدا ئەوە قبوڵ ناكات بەبێ چوونە دەرەوەی سوپای توركیا لەناو خاكی عێراق، بەجۆرێك ئێستا توركیا زیاتر لە (30) خاڵ و بنكەی سەربازی لەناو خاكی عێراق داناوەو ئامانجەكەی زۆر لە پەكەكە دوورترو گەورەترە، هەربۆیە نایەوێت بەبێ چوونە دەرەوەی توركیا لەناو خاكی عێراق، مەلەفی پەكەكە لەگەڵ توركیا بكاتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ