دوای ئەوەی کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، منداڵێکی کوڕی تازە لەدایکبوو لە گەڕەکی وەحدەی شاری کەرکووک لەلایەن خێزانێکەوە دۆزرایەوە و دواتر رادەستی بنکەی پۆلیسی عروبە کراو و پۆلیسیش رادەستی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک کردووە.
لەمبارەیەوە موعتەسەم عەزیز لێپرسراوی بەشی منداڵانی نەبەکام (خودەج) لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک، بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵ وتویەتی: "کاتێک منداڵەکەیان ھێنایە نەخوشخانەکەمان بەھۆی کەمی تەمەنی و بەپێی روخساری پێ دەچوو کەمتر لەسێ کاتژمێر بێت لەدایک بووبێت و دۆخی تەندروستیشی ناجیگیربوو، بۆیە راستەوخۆ برایە بەشی چاودێری چڕ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک مانەوە و ئەنجامدانی پشکنین بۆی، لەئێستادا تەندروستی باشتر بووە، بەڵام بەتەواوی چاک نەبووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە: "ماوەی دوو رۆژە ئەم منداڵە لە نەخۆخشانەکەمانە و تا ئێستا کەسوکاری نادیارن و کەسیش ناونیشانی نازانێت بۆیە لەلایەن کارمەندانی بەشی نەبەکامەوە منداڵەکەمان ناو ناوە زەکەریا".
لای خۆشیەوە زانا جەبار جێگری بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک،رایگەیاندووە: "لەسەرەتای ئەمساڵدا ئەمە یەکەم حاڵەتی فرێدرانی منداڵە لە کەرکووک کە لە نەخۆشخانەی منداڵاندا بمێنێتەوە و لەئێستادا لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە گرنگی پێ دەدرێت و پێداویستیەکانیشی لەلایەن کارمەندەکانەوە دابین دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشكردووە کە بەپێی یاسا ئەو منداڵانەی بێ کەسوکارن لە نەخۆخشانەی منداڵان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی دادگا دەیبەخشێتە خێزانێک کە ئەویش رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و دادوەر بڕیاری لێ دەدات پاشان ئێمە منداڵەکەی پێ دەدەین.
شایەنی باسە لەمساڵدا ئەمە یەکەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵە لە شارەکە و بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک لە ساڵی رابردوودا، حەوت منداڵ فڕێدرابوون کە سەرجەمیان لەلایەن دادگاوە بەخشراون بەو خێزانانەی منداڵانیان نییە و توانای بەخێوکردنیان ھەبووە.