(بێلایەنیی) درۆیەكی گەورە؟!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

(بێلایەنیی) درۆیەكی گەورە؟!

 

           كاتێك باس لە میدیا دەكرێت باس لە (ئەرك، ئامانج، كاریگەریی) دەكرێت، كاتێك باس لە میدیا دەكرێت باس لە (ژینگەی كۆمەڵایەتی، مرۆڤ، دەرگەوانەكان) دەكرێت، كاتێك باس لە میدیا دەكرێت باس لە (سایكۆلۆجیای خەڵك، ئینتیما، بەرپرسیارێتیی) دەكرێت، هاوتەریب بەم چەمكانە كاتێك باس لە میدیا دەكرێت زۆر بە زەقی باس لە زەروەرتی جیاكردنەوەی (جەللاد) لە (قوربانیی) دەكرێت‌ و میدیاكار‌ و دەزگای میدیایی خاوەن پەیام ناتوانێت ئەو دوو بابەتە بخاتە یەكتای تەرازوەو بە ئیدیعای (بێلایەنیی) وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.

هەموو ئەمانە و چەندین بابەت‌ و چەمكی دی پەیوەست بە كایەی میدیایی دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە باسكردن لە (بێلایەنیی) جۆرێكە لە خۆخەڵەتاندن ‌و ڕەنگە ڕێ بەخۆشمان بدەین‌ و بڵێین (درۆیەكی گەورە)، میدیا ناتوانێت بێلایەن بێت، نوقتە سەری دێر.

گشت ئەو ئەزموونە میدیاییانەی لە جیهاندا هەن‌و ستایلەكەی لە هەرێمی كوردستاندا بە جۆرێك لە جۆرەكان تاقی كراونەتەوەو (تاقی دەكرێنەوە) سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن و جێی خۆیەتی لە فەرهەنگی میدیاییماندا ئەم دەستەواژەیە كاڵ كەینەوەو ئەوەندە دوبارە‌و چەند بارەی نەكەینەوە! بەجۆرێك بینەر و بیسەر و خوێنەری ناوەرۆكی میدیایی پێ چەواشە كەین، دواجار هەر خودی ئەو دەزگا میدیاییە بە ڕوماڵە میدیایی و شێوازی خستنەڕووی ڕاپۆرت‌ و جەختكردنەوەی لە هەندێك هەواڵ ‌و گەورەكردن ‌و فووكردنە هەندێك مانشێت‌ و فەرامۆشكردنی هەندێك كەیس ‌و كەسایەتی، خۆی دەخاتە ئیحراجییەكی گەورە و دەیان گومان ‌و نیشانەی پرسیار لای وەرگری پەیامی میدیایی ‌و جەماوەرەكەی درووست دەكات.

ئەم سەراحەت‌ و ڕوون دەربرینە بۆ ژینگەی میدیاییمان پاڵپشتێكی باشە بۆ هەڵسەنگاندن ‌و پۆلێنكردنێكی درووستر و واقیعییانەتر، جگە لەوەی لە وێستگەیەك لە وێستەگەكاندا پردی متمانەی هاووڵاتی بە دەزگا میدیاییەكە ناپسێنێت، ناكرێت تۆ وەرگرەكەت ڕابهێنیت لەسەر چەمكێك‌ و بەردەوام لە زیهنییەتیدا بتەوێت ئەوە بچەسپێنیت، دواجار هەر بە مومامەرەسەی كاری میدیاییت ڕێك سەدوهەشتا دەرەجە دژ بەم چەمكە بێت.

هەڵسووڕێنەری میدیا مرۆڤ ەو مرۆڤیش هەستوسۆزە، ئایدیا و ئینتیمایە، ڕك ‌و هەڵچوونە، لەگەڵ بوون ‌و دژ بوونە، ئەستەمە بەم گشتە خەسڵەتە سایكۆلۆجی‌ و كەسییانەوە داوای (بێلایەنیی) لە مرۆڤێك بكەیت. چاودێرییەكی وردی گوتاری میدیایی دەزگا قەبە و زەبەلاحەكانی دونیا بەڵگەن لەسەر ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، ئەم چەند مانگەی ڕووداوەكانی هەرێمی كوردستانیش كافییە بۆ ئەوەی هەموان ئەم قەناعەتەمان لا درووست ببێت ‌و ئیدی نە پسپۆڕان ‌و ئەكادیمیستانی بواری میدیا دەستەواژەیەك بخەنە مێشكی خوێندكارانی بواری میدیا بە ناوی (بێلایەنیی)، نە دەزگا میدیاییەكانیش (بێلایەنیی) بكەنە درووشم ‌و ناسنامەی كەناڵەكانیان، نە جەماوەرەكەش ئەم داخوازییە سەختە لە دەزگا و دوانگە میدیاییەكان بكات.

 

 

 

 

 

 

 

س ب

 

هه‌واڵی گرنگ