وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە ڕایدهگهیهنێت، لەمەودوا ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 70 ساڵ زیاترە دەتوانن عەمرە ئەنجامبدەن، بەڵام بەمەرجی وەرگرتنی ڤاکسین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 ی ئهیلولی 2021 ، رۆژنامەی عوکازی سعودییە لە چەند چاوگێک لە وەزارەتی حەج و عەمرەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، هەر کەسێک تەمەنی لە 70 ساڵ تێپەڕیبێت و دوو ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنای وەرگرتبێت رێگەیان پێدەدرێت عەمرە ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەسەڵاتدارانی سعودییە پێشتر رێگەیاندا بە ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ و بەجێگەیاندنی عەمرە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 18 ساڵ و ئەو هاوڵاتییانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 70 ساڵ، بەڵام بەمەرجی ئەوەی دوو ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتبێت.
وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە پێشتر ئاشکرای کردبوو، دەبێت ماوەی نێوان وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە و ئەنجامدانی عەمرەکە لە 15 رۆژ کەمتر نەبێت.
، وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیه لەبارەی ئەو کەسانەی بەمەبەستی ئەنجامدانی عەمرەکردن سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن مەرجی ئەوەی دانابوو کە پێویستە ئەو کەسانە بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسینینان پێبێت تا بیسەلمێنێت هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە.
ئەوهش لەکاتێکدایە، پێشتر، وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە رێگەیدەدا بەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 70 ساڵە عەمرە ئەنجام بدەن، بەمەرجی وەرگرتنی دوو ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.