به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داهاتی ئه‌م مانگه‌ی ده‌روازه سنوریه‌كان بۆ به‌رزترین ئاست به‌راورد به مانگه‌كانی رابردو به‌رزبوه‌ته‌وه و گه‌یشتوه‌ته 120 ملیار دینار.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 30 ی ئه‌یلولی 2021 ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم رایگه‌یاند، به‌رهه‌می هاورده‌كراو بۆ هه‌رێمی كوردستان له مانگی 9 ی ئه‌مساڵ بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزبوه‌ته‌وه و گه‌یشتوه‌ته 120 ملیار دینار.
ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "هۆكاره‌كانی زیادبونی داهاتی گومرگ و كاڵای هاورده‌كراو بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی ژماری توشبوانی كۆرۆنا له‌مساڵدا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌راورد به ساڵی 2020 به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردوه، هه‌روه‌ها رێكاره‌كانی خۆپارێزیش كه‌مكراونه‌ته‌وه و هاتوچۆكردن له‌ده‌روازه سنوریه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان ئاسایی بونه‌ته‌وه".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد، هیواخوازن له چه‌ند رۆژ و مانگی داهاتودا داهاتی خاڵه سنوریه‌كان زیاتر بن و له ئه‌نجامی به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، به‌ره‌و هه‌نگاوی باشتر ده‌ڕۆن.
هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له‌ئێستادا سیستمی ئه‌لیكترۆنی له هه‌مو ده‌روازه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێنماییه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند، جگه له‌وه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری ناردنی هێزه ئه‌منییه‌كانی بۆ ده‌روازه‌كان ده‌ركردوه تا به‌هه‌مو جۆرێك رێگری له قاچاخچێتی بكه‌ن.