كۆمەڵ و گۆران رەخنەی توند لەیەكتر دەگرن و وەڵامی یەكتر دەدەنەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كۆمەڵ و گۆران رەخنەی توند لەیەكتر دەگرن و وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

 

دوای ئەوەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بانگەشەی پارتەکەی باسی هەڵوەرینی وەزیر و پەرلەمانتارەکانی گۆڕانی کرد، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی دەداتەوە و بە پارتێکی ئیسلامی ھەڵوەریو لە بزووتنەوەی ئیسلامی ناوی دەبات و دەڵێت، "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئاینەکەت بێنی!".

لەمبارەیەوە رۆژی هەینی 01-10-2021 عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بانگەشەی حیزبەکەی لە رانیە رایگەیاند، "جارێک لەگەڵ یەکێک لەو لایەنە سیاسییانەی کە کاتی خۆی پێکەوە ئۆپۆزیسیۆن بووین، دانیشتبووین. باسم کرد، ئەرێ فڵان وەزیرەتان هەڵوەری و فڵان پەرلەمانتارتان هەڵوەری و فڵان کەسەتان وایکرد و.. ئەرێ تەکبیرێک ناکەن لە خەڵکەکەتان؟ ئێمەشتان ئیحراج کردووە."

لای خۆیەوە دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی شەممە 2-10-2021 لە وەڵامی ئەو قسانەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "پارتێکی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزووتنەوەی ئیسلامی)، کە بە ئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) کرانە ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن. لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن".

ئەو بەرپرسەی گۆران وتویەتیشی: "ئێمە ھێزێکی سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بووین، خەڵکانێکیش پێشتر لە ژێر باڵی لایەنی دیکە و گۆڕان گەورەبوون و ئێستاش باسی شەرمەزاری دەکەن".

ئەوەشی وتوە: "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!".

لەوەڵامی ئەوەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری گوتبووی ئەندامەکانیان ئیمانیان هەبێت دەستەمۆی پارە نابن، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "کەواتە ئەوە «ئیمان»نیە کە نوێنەرەکانتان پەیوەست دەکا و ھەڵناوەرێن، بەڵکو ئەوە پەیوندیی خزمایەتی و حساب نەکردنە بۆ توانای مرۆیی ھەموو ئەوانەی دیکە کە لەدەورتان کۆبوونەوە".

 

 

هه‌واڵی گرنگ