ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌قه‌كانی قورئانی پیرۆز بكه‌ین، ئه‌وا له چه‌ندان شوێندا به روونیی باس له جیاوازییه سروشتییه‌كانی مرۆڤ و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازیانه‌دا ده‌خوێنینه‌وه و ده‌بینین. به نمونه، په‌روه‌دگار به روونیی له ئایه‌تی ژماره (13)ى سوره‌تی (الحجرات)دا ده‌فه‌رمووێت :"يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى، وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا، إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ، إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ". دیاره ئه‌مه دداننانێكى ئاشكرایه به جیاوازیى مرۆڤه‌كان له ره‌نگ، له ئاین، له ره‌گه‌ز، له نه‌ته‌وه و تاقه پێوه‌رێكیش كه دانراوه بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م جیاوازیانه‌دا ده‌سته‌واژه‌ى (لتعارفوا)ـه، واته به‌ده‌ر له دژایه‌تی و تواندنه‌وه و یه‌كتر سڕینه‌وه و خۆسه‌پاندن.
ئه‌م چه‌مكه ماناى جیاوازیى زمان و جیاوازى كولتوور و جیاوازى دا‌ونه‌ریت و زۆر جیاوازى تر ده‌گرێته‌وه، وه‌ك سروشتى مرۆڤ، تا ده‌گاته جیاوازى كیان و ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ، واته كاتێك گه‌لێك داواى مافه‌كانی خۆى ده‌كات له ده‌وڵه‌ت و كیانێكی سه‌ربه‌خۆدا، ئه‌م داوایه‌ى هه‌ڵقوڵاوی كرۆكی ئاینی ئیسلام و /ئاینه ئاسمانییه‌كانی دیكه‌یه/ و پێویسته هه‌موان رێز له‌م داخوازییه بگرن و مامه‌ڵه‌یه‌كى واقیعبینانه له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازى و داواكارییه سروشتییه‌دا بكه‌ن و به بنه‌ماى (تعارف) و (تفاهم) و (تنازل)، هه‌وڵ بده‌ن بگه‌ن به چاره‌سه‌رێكى دروست.
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه بۆ مێژووى گه‌لی كورد بكه‌ین، به ئاشكرا هه‌ست به‌و سته‌مه ده‌كه‌ین كه له‌م گه‌له كراوه و به روونیی ده‌بینین كه چۆن هه‌ر جاره‌و به بیانوویه‌ك ئه‌م داوا و خواسته واقیعی و حه‌قیقیه خراوه‌ته ژێرپێ و هه‌ر جاره‌و به بیانوویه‌ك خه‌بات و داخوازییه‌كانی زینده‌به‌چاڵ كراوه، هه‌ر كاتێك كورد نزیك بووه‌ته‌وه له گه‌یشتن به ئاواته‌كانی و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاتانی داگیركه‌رى خاكی كورد /هه‌ندێ جار كورد خۆیشی/ بوونه‌ته به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ر و دژایه‌تیه‌كى توندیان كردووه.
ده‌وڵه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق و /ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ش/ هه‌میشه دژ به‌م ویست و ئیراده خوایی و مرۆیی و مێژه‌وییه جووڵاونه‌ته‌وه و نه‌یانویستووه ددان به‌م حه‌قیقه‌ته مێژووییه‌دا بنێن، به‌رده‌وام چاره‌سه‌رى كاتی‌یان بۆ ئه‌م كێشه‌یه داناوه و جگه له پینه‌كردن و سڕكردنی كاتیی، هیچى دیكه‌ى لێ سه‌وز نه‌بووه. ده‌ره‌نجامه‌كه‌یشی تۆمارێك له ململانێ و شه‌ڕى خوێناویى و ئاواره‌بوون و حوكمی ئاگر و ئاسن و سه‌ركوتكردن بووه، له كۆتایشدا سه‌وزبوونی رقێكى ئه‌ستوور لاى هاووڵاتییانی كوردستان و هه‌ستێكى قووڵ به په‌راوێزخستن و سته‌ملێكردنى به‌رده‌وام و تۆماركردنی مێژووییه‌ك، كه هیج كات جێى شانازى و مایه‌ى سه‌قامگیرى و پێكه‌وه‌ژیان نه‌بووه و "نابێت".
له‌م سۆنگه‌یه‌وه كاتێك گه‌لی كورد باسی كیان و ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ ده‌كات و گوتباری سیاسی به‌و ئاراسته‌یه ده‌جووڵێنێت، نه‌ك ده‌بێت جێگه‌ى پرسیار و سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانیی نه‌بێت و به تیۆرى پیلانگیرى ته‌فسیر و راڤه‌ى بۆ نه‌كرێت، به‌ڵكو وا پێشبینى ده‌كرێت هه‌موان ددان به‌و حه‌قیقه‌ته‌دا بنێن و مامه‌ڵه‌یه‌كى واقیعیانه‌ى له ته‌ك بكه‌ن، مامه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌وه‌ى لێ بخوێنرێته‌وه كه هه‌موان نایانه‌وێت ئه‌زموونه دژوار و تاڵه‌كانی سه‌ده‌یه‌ك له موعانات و ململانێی بێ‌مانا دووباره بكه‌نه‌وه، به‌وه‌ى رێز له ویست و بڕیارى گه‌لی كورد و ئه‌و ئیراده‌یه بگرن و ئه‌و مافه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ گه‌لی كورد خۆى، نه‌ك هیچ لایه‌ن و نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاتێكى سیاسی تر.
له روانگه‌ى ئه‌م حه‌قیقه‌ته ئاماژه پێكراوانه‌وه، "یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان" وه‌ك حزبێكى كوردستانیی كه له یه‌كه‌م دێڕى پێناسه‌كردنى خۆیدا ده‌ڵێت: "یه‌كگرتوو پارتێكى نیشتیمانیی كوردستانییه"، له سه‌ره‌تاى دروستبوونییه‌وه وه‌ك حزبێكى ئیسلامیی كوردستانیی به‌رده‌وام جه‌ختی له‌م راستییانه كردووه‌ته‌وه و خه‌باتی بۆ كردووه، ئه‌ویش له رێگه‌ى:
•دیدار و بۆنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: هه‌میشه له سه‌ردان و كۆبوونه‌وه و دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ رێكخراوه ئیسلامیی و عه‌ره‌بیی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و له‌گه‌ڵ پارت و كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى وڵاتانی دراوسێیشدا، به‌رده‌وام جه‌ختى له واقیعیبوونی داواكانی گه‌لی كورد كردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ى به گوێی ئه‌و لایه‌نانه‌دا داوه كه پێویسته ته‌فه‌هومی ئه‌و داخوازییانه بكه‌ن و مامه‌ڵه‌یه‌كى واقیعیانه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. ئه‌م تێڕوانینه راشكاوانه و بوێرانه له‌سه‌ر زارى ئه‌مینداره‌كه‌ى و شاند و كه‌سایه‌تییه‌كانیه‌وه له كۆنفراس و پێكگه‌شتنه جیهانییه‌كاندا چه‌ندان جار دووباره كراونه‌ته‌وه و دووپاتی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه.
•كۆنگره‌كانی حزب و پێڕه‌و و پرۆگرام: له سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانی حزبدا، یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان سه‌ره‌تا مه‌بده‌ئی فیدراڵیه‌ت و پاشتر تۆماركردنی مافی چاره‌ى خۆنووسین و به‌ده‌وڵه‌تبوونی تۆمار كردووه، له دوا كۆنگره‌یدا (كۆنگره‌ى حه‌وته‌می یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له 29/5/2016) و له‌ناو حه‌وت خاڵى ستراتیجی كاركردنیدا بۆ چوار ساڵى داهاتووى، له خاڵى یه‌كه‌مدا هاتووه: "گه‌شه‌دان به ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان له فیدراڵیه‌ته‌وه بۆ مافی چاره‌ى خۆنووسین و هه‌وڵدان بۆ به ده‌وڵه‌تبوون".
•میدیا: بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌یه‌كى ناوه‌ڕۆك بۆ گوتارى میدیایی و فه‌رهه‌نگیی یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان بكه‌ین، ده‌بینین پانتاییه‌كى به‌رفراوانى داوه‌ته پرس و بۆنه نیشتمانییه‌كان و تیشكى خستووه‌ته سه‌ر. هه‌ر له بۆنه‌كانی ئازار و كاره‌ساته‌كانی گه‌لی كورد و ته‌رخانكردنی نووسین و به‌رنامه‌ى جۆراوجۆر بۆ مه‌زڵومیه‌تی گه‌لی كورد، تا ده‌گاته چاپكردنی كتێب و نامیلكه و ده‌رخستنى سیمای كوردانه‌ى هاووڵاتییانی هه‌رێمى كوردستان و گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه له رێگه‌ى كه‌ناڵه میدیاییه جیاوازه‌كانه‌وه، تا ئه‌و شوێنه‌ى گوتارى میدیایی یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستانی پێ گه‌شتبێت.
•له كاتی بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و پروپاگه‌نده‌ى كاندیده‌كان: له بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردندا و له به‌رنامه‌ى لیست و كاندیده‌كاندا، یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان ئه‌م بابه‌ته‌ى به هه‌ند وه‌رگرتووه و جه‌ختى له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ى كار و گوتاری كاندیده‌كان ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمێنن.
•له رێگه‌ى هۆشیاریى ئه‌ندامان و ناوخۆى حزب: ئه‌م پرسه هه‌میشه بووه‌ته جێی بایه‌خی ئاراسته‌كردنی ئه‌ندامانی حزب و له رێگه‌ى رێكخستنه‌كانه‌وه جه‌خت له ره‌وایه‌تی مافه‌كانى گه‌لی كورد له سه‌ربه‌خۆبوون و هه‌بوونی كیانێكدا كراوه‌ته‌وه، له رێگه‌ى هاندانی ئه‌ندامان و كادر بۆ دیراسه و خوێندنه‌وه‌ی مێژووى گه‌لى كورد و شانازی كردن به خاك و نیشتمان‌و پشتیوانیكردن له مافه‌كانی گه‌لی كورد ئه‌م هۆشیارییه بڵاو كراوه‌ته‌وه و دووپاتی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه.
دیاره به ده‌وڵه‌تبوون و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆبوون كارێكى هه‌روا ساده و ئاسان نییه و له‌مپه‌ر و كێشه‌ى جۆراوجۆرى له به‌رده‌مدایه، له پێش هه‌موویان ئه‌و شپرزیه‌ى له‌ناو ماڵى كوردیدا هه‌یه، به جۆرێك چه‌ند ئاوازیی له گوتاری سیاسی‌دا دروست كردووه و گۆڕه‌پانی سیاسی دووله‌ت كردووه و ئه‌و ده‌زگا ته‌شریعیه‌ى كه پێویسته ئه‌م پرسه بجووڵێنێت و موخاته‌به‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پێ بكات و یاسای بۆ دابنێت، په‌ك خراوه و له‌كار كه‌وتووه، هه‌ر بۆیه هه‌موو ئه‌م داخوازییه ره‌وایانه و خه‌ونی سه‌ده‌یه‌كى گه‌لى كورد زینده‌به‌چاڵ ده‌بێت ئه‌گه‌ر كورد ناوماڵى خۆى رێك نه‌خاته‌وه و به یه‌ك گوتاریی رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی نه‌بێته‌وه، خه‌ونی به ده‌وڵه‌تبوون كاتێك ده‌بێته حه‌قیقه‌ت كه مافه‌كانی مرۆڤ بچه‌سپینرێت و كه‌شوهه‌واى دیموكراسیه‌تێكى حه‌قیقی فه‌راهه‌م بكرێت و هه‌ستى ئینتیمابوون لاى هاووڵاتی كورد تۆخ بكرێته‌وه.
به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌راهه‌مبوونی بارودۆخێكى نێوده‌وڵه‌تى "تاراده‌یه‌ك له‌بار" بۆ گه‌یشتن به‌م خه‌ون و ئاواته، نه حوكمڕانی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كى كورد توانی نمونه‌یه‌كى باش و رووسوركه‌ر له حوكمڕانی ره‌شید و سه‌قامگیر و ته‌ندورست پێشكه‌ش بكات، نه لایه‌نه سیاسییه‌كانیش له ئاست ئه‌م به‌رپرسیارێتیه مێژووییه‌دا مامه‌ڵه‌یه‌كى شارستانیانه‌یان كرد، بۆیه بابه‌تی ریفراندۆم له بری پرسێكى نیشتمانیی و كۆكه‌ره‌وه بۆ ناوماڵى كورد و سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان، خه‌ریكه ده‌كرێته كارتی موزایه‌ده و هۆكارێك بۆ ته‌سفیه‌ى حسابات و ململانێى سیاسی، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كه دروست ده‌كات و به‌م شپرزى و دووله‌تبوونه‌وه هه‌نگاوه‌كانی به ده‌وڵه‌تبوون خاو و سه‌ختتر ده‌بن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان به‌رده‌وام جه‌ختى له رێكخستنه‌وه‌ى ناوماڵى كورد كردووه‌ته‌وه و هه‌وڵه‌كانی بۆ سازانی نیشتیمانیی و ته‌وافوق و رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان و گوتارى سیاسی و میدیایی به‌م ئاراسته‌یه گه‌واهی و به‌ڵگه‌ن. یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تی به ره‌وایه‌تی داواكانى گه‌لى كورد به هه‌بوونی كیان و ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ، پێى وایه ئه‌م خه‌ونه ره‌نگه له‌بار ببرێت، ئه‌گه‌ر ناوماڵى كورد رێك نه‌خرێته‌وه و ئاشته‌واییه‌كى نیشتمانیی حه‌قیقی له هه‌رێمى كوردستاندا به‌رقه‌رار نه‌بێت.