دیدی قوڵ و تێروانینی دوور لە هەنگاوە سیاسیەكانی یەكگرتوودا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دیدی قوڵ و تێروانینی دوور لە هەنگاوە سیاسیەكانی یەكگرتوودا

هەرچەند لە دونیای سیاسەتدا ناكرێت داوا لە نەیارەكانت بكەیت دەستخۆشانەت ئاراستە بكەن و هەنگاوە سیاسیەكانت بە ئەرێنی وەسف بكەن، بەڵام رووداوە سیاسیەكانی ئەم چەند رۆژە هیچی نەسەلماندبێت ئەو حەقیقەتەی سەلماند كە مامەڵەی سیاسی بە هاش و هوش و سینگ دەرپەراندن و ئینفیعالی كاتیی ناكرێت، سیاسەت بە كورتبینی و سرینەوەی بەرامبەر و تاكبینی ناكرێت، بەڵكو سیاسەت بە بیركردنەوەی قوڵ و نەفەسی درێژ و خەم و خوێندنەوەی دوربینانە دەكرێت. 

ئەو راستیانەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان "وەك حەقیقەتی تاڵ" رۆژانە لە دەمی سەركردەكانیەوە و لە رێگەی پاكێج و بەیاننامە و كەناڵەكانی راگەیاندنیەوە دەیدا بە گوێی لایەنە سیاسیەكان و جەماوەردا، هەمان ئەو راستیانەن پاش نزیكەی دوو ساڵ تازە بە تازە لایەنە سیاسیەكان دەیڵێنەوە و دەیانەوێت وەك پاكێچ و تێروانینی نوێ ! بیخەنە روو.
یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان زۆر بەسادەیی و دور لە عاتیفە و وشەی سۆزدارانە دەیوت با پێكەوە رێك كەوین و ئیتفاق بكەین، پاش ئەوە گشت باسەكانی تر بخەینە سەر مێزی گفتوگۆ ودانوستان و یاسا رۆڵی خۆی ببینێت، وەك چۆن لایەنە سیاسیەكان پۆستەكانی پەرلەمان و حكومەتیان بە تەوافوقی سیاسی یەكلایی كردەوە، پێویستە هەموان لەگەل ئەم حەقیقەتە مامەڵە بكەن و ئیعترافی پێ بكەن، ئەگین هەموو دەگەرێینەوە چوارگۆشەی یەكەم، وەك چۆن گەراینەوە !
ئەم حەقیقەتە بۆ بەشێك لە هێزە سیاسیەكان هەزم نەدەكرا و هەندێك جار تا رادەی تەخوین و تۆمەتباركردنی یەكگرتوو وەڵامی پاسیڤیان دەدایەوە، ئەم حەقیقەتە كە یەكگرتوو وەك چارەیەكی (ناچاریی) بەردەوام جەختی لەسەر دەكردەوە و دەستەواژەكانی سازان و تەوافوقی نیشتیمانی و ئیستیحقاقی ئینتیخابیهێنایە نێو فەرهەنگی سیاسی كوردستانیەوە، ئەمرۆ بە عەمەلی لەسەر ساحەی كوردستانیی ئیجرا دەكرێت و هێزە سیاسیەكان بۆ ئەوەی پەرلەمان كارا كەنەوە و بۆ ئەوەی نێو ماڵی كوردی رێك خەنەوە و بۆ ئەوەی قەیران و كێشەكان چارەسەر كەن، هەمان ئەدەبیات و دەستەواژە بە ستایل و شێوازی دیكە، بەلام بەهەمان ناوەرۆك دوبارە دەكەنەوە و لە زەمینەی واقیع بەرجەستەی دەكەن.
كاتێك یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان بە گوێی ئەم لایەنە سیاسیانەی دەدا كە ناكرێت لە پرسێكی وەك ریفراندۆم بژاردەی (نەخێر) هەڵبژێرین،ئەفسوس هەندێك بە كاڵفام و تێنەگەشتوو لە سیاسەت لەقەڵەمیاندا، كاتێك یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان باسی پێكەوە دانیشتن و گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان لایەنە سیاسیەكانی دەكرد، تۆمەتی بۆ هەڵدەبەسترا و لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان شەری میدیای لەگەل دەكرا، تەنانەت كاتێك یەكگرتوو بویە عەلەمداری مەسەلەی چاكسازیی و رێكخستنەوی نێو ماڵی كوردییو كاتێك نەیوست سلێمانی ببێتە مەیدانی شەر و ململانێی حیزبیی و لایەنەكان لە نێو خۆیان پرسی پارێزگاری سلێمانی چارەسەر كەن،و كاتێك یەكگرتوو لە روی ئەخلاقیەوە پابەندی رێكەوتنی لایەنە سیاسیەكان بوو لە 19ی ئابدا، ئەمانە و چەندین هەڵوێستی شەرەفمەندانەی تر، بەداخەوە هەندێك لە هێزە سیاسیەكان خوێندنەوەیەكی نێگەتیڤانەیان بۆ ئەو هەنگاوانە دەكرد و هەر تەنها بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانە نەبنە مەكسەبی سیاسی بۆ ئەم هێزە، ئامادەبوون ئەم هەرێمە دوچاری قەیرانێكی قوڵتر كەن و ئەوەی هەیە و نیە بیدەن بەدەم ئاوەوە.
ئەمرۆ ئەوەی بە ئینسافەوە لە جموجوڵی سیاسی ئەم چەند رۆژەی لایەنە سیاسیەكان بروانێت چاك دەرك بە راست و دروستی هەنگاوە سیاسیەكانی یەكگرتوو دەكات و جێی خۆیەتی ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبە شانازی بە سیاسەت و شێوازی بیكردنەوەی ئەم حزبە بكەن و رۆژانی داهاتووش لە هەگبەیدا حەقیەقەتی دیكەی هەڵگرتووە كە سەلمێنەری ئەم راستیانەن.

 

 

هه‌واڵی گرنگ