کێ‌ ژنان لە میرات بێبەش دەکات؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کێ‌ ژنان لە میرات بێبەش دەکات؟

کاتێک باوکی شنۆ، دوواتریش دایکی کۆچی دووایی دەکەن، 15 ساڵ بەسەر ژیانی هاوسەریی کچەکەیاندا تێپەڕیبوو. ئەوان سێ خوشک و سێ برا دەبن، کاتێک باوک و دایکیان دنیا بەجێدەهێڵن، براکان دەست دەکەنە دابەشکردنی ئەو موڵکانەی بۆیان بەجێماوە. لە کاتی دابەشکردنی میراتدا، بەشی هەر خوشکێک دەخرێتە لای هەر برایەک و بەم شێوەیە هەرسێ خوشکەکە بێبەش دەکرێن لەهەر بڕە میراتێک مافی ئەوان بێت، چونکە ماڵک و سامانە دەکرێنە سێ بەشەوەو براکان خاوەندارێتی دەگرنە دەست.

شنۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: کاتێک دایک و باوکم لە ژیاندا نەمان، براکانم بڕیاریاندا زەوییە کشتوکاڵییەکان بە جۆرێک بەشیان کرد کە من وخوشکەکانم بێبەری بوین لێی، ئەوان بەشی هەر خوشکیکیان خستە لای برایەک، ئێمەش بەخواستی خۆمان ئەو بەشەمان نەبرد، چونکە تێگه‌یشتین ئه‌و شێوازە بێبەری کردنی ئێمەیە‌، داواکردنی بەشە میراتی خۆممان دەبووە هۆی ساردی و پچڕانی پەیوەندی نێوان ئێمه‌و براكانمان، بۆیە بە بێ خواستی خۆمان و تا هیچ کێشەیەک دروست نەبێت و لەبەر عەیبە، دەستبەرداری هەموو شتێک بووین. شنۆ تا ئێستا نازانێت ئه‌و موڵكانه‌ بەپێی یاسا یان شەرع، یان عورف دابەشکران؟

شەرمین عەلی، تەمەن 35، قوربانییەکی تری دەسەڵاتی نێرینەیە لە دابەشکردنی میراتدا. لەلایەن براکەیەوە ستەمی لێدەکرێت لە بەشە میرات بێبەش دەبێت. براکەی زو زو داوای لێدەکات بچێت واژوو لەسەر ئەوە بکات کە ئەوە زەویەی هەیانە بکرێت بەناوی ئەوەوە. “ناچار بەزۆر و بەبێ ئەوەی ڕازی بم چوم واژۆم کرد، گەر نەچوبام دەمزانی کێشەی کۆمەڵایەتی و پچرانی پەیوەندی دەبێت، لەبەرئەوە کاغەزەکانم واژۆم کردو زەوییەکەم کرد بە ناویەوە بەڵام پێم وت: قەت گەردنت ئازا ناکەم لەسەر ئەوەی بێبەشم دەکەی لەو بەشەی بۆمان ماوەتەوە”.

ئەو دوو کەیسەی سەرەوە، نمونەی سادان کەیسی هاوشیوەن کە لەژێر دەسەڵاتی پیاواندا بەرامبەر ژنان لەبارەی پرسی میراتەوە پیادە دەکرێن .لە راپرسیەكدا كە تایبەت بە پشكی ئافرەت لە میراتی دایك و باوكیدا خستمانە بەردەستی سەد كەس و لەنێوانیاندا 55 کەس لە رەگەزی مێ و 45 کەسیش لە رەگەزی نێر وەڵامیان داوەتەوە چەند پرسێكی تایبەت بەو بابەتە بەم جۆرە وەڵام دراوەتەوە.

 لەپرسیاری ئایا لە كۆمەڵگەی كوردیدا وەك ماف تەماشای بەشی ئافرەت لە میراتدا دەكرێت؟ 

54 دەڵێن تاڕادەیەک، هاوكات 19 كەس دەڵێن نەخێر وەك ماف سەیر ناكرێت، 27 كەسیش پێیان وایە وەك ماف سەیری بەشی ئافرەت دەكرێت لە میراتیدا.

لەپرسیاری ئەوەی كە بۆچی ژنان دەستبەرداری میرات دەبن؟ 36 لە بەشداربوانی راپرسیەكە پێیان وایە لەبەر ‌عورف وعەیبە، 35 یشیان دەڵێن لەبەر نەپچڕانی پەیوەندی خێزانی، 19 شیان دەڵێن لەبەر دروستنەبوونی نەبونی کێشە بۆیان، 6 لە بەشداربوانیش پێیان وایە بەزۆە ناچار دەکرێن كە چاوپۆشی لە بەشی میراتی خۆیان بكەن.

لەپرسیاری ئەوەی كە ئایا کێ هۆکارە بۆ ئەوەی ژن لە میرات بێبەش بکرێت؟

 37 لە بەشداربوانی راپرسیەكە پێیان وایە خودی ژن خۆی بەرپرسیارە، 30 لەوان دەڵێن براكانیان هۆكارن، 9 یان دەڵێن پەروەردەی خێزان و باوانیان،23 كەسیشیان بژاردەی تر بە هۆكار دەزانن.

لەو پرسیارەشدا كە ئایا ژنان توانیویانە بەپێی شەرع ویاسا میراتەکانیان وەربگرن و داوای بکەن؟ 59 یان دەڵێن تاڕادەیەک، 28 یش پێیان وایە نەخێر نەیانتوانیوە، 13 لە وەڵامەكان بە بەڵێ توانیویانە مافی میراتەكانیان وەربگرن گەڕاوەتەوە.

لە دواین پرسیاری راپرسیەكەدا كە دەڵێت:  ئایا دابەشکردنی میرات بووەتە هۆی دروست بونی کێشە لە نێو خێزانەکاندا؟

٤٩ کەس پێیان وایە بەڵێ بۆتە هۆی دروستبوونی كێشە،41  کەس دەڵێن تاڕادەیەک بۆتە هۆی كێشە، 10  کەس نوسیویانە نەخێر نەبۆتە هۆی كێشە.

رەنگە وەڵاهی هەریەك لە بەشداربوان گوزارشت بێت لەو واقیعە كۆمەڵایەتی و خێزانیەی خۆیان تێیدا دەژین و رۆژانە لەبەر چاویان ڕوودەدات، بۆیە لەدواجاردا وەڵامی هەریەكەیان بەپێی دیدی خۆی ڕاستە، چونكە ئەوانەی پێیان وایە ئافرەت بێ ماف دەكرێ لە بەشە میرات، ئەوا بێگومان لە خێزان یان لەناو كەسوكاریان حاڵەت یان ڕووداوی لەم جۆرەیان بینیوە، ئەوانەشی پێیان وابوو كە بەڵێ مافی میراتی ئافرەتەكان پێشێل نەكراوە، ئەوا دەكرێ وا تێبەگەین لەناو خێزانەكانی ئەوان مافی ئافرەت لە بەشە میرات دراوەو پێشێل نەكراوە.

پارێزەر ئومێد پاڵانی بكەم، لەم بارەیەوە دەڵێت، “هەرکەسێک کە کۆچی دوای دەکات کەسوکاری کە میراتگرن بۆیان هەیە وئەو مافەیان هەیە میرات وەربگرن بە پێی یاسا، بەڵام پێویستی بە دابەشنامەی شەرعی هەیە، کە ئەویش بۆ ئەو موڵکانەیە کە لە سنوری پارێزگایەکدان، بەڵام گەر موڵکی کشتوکاڵ بیت نێرو مێ یەکسانن، ئەگەر موڵک لە ناو شار بێت بە پێی بنەمای ئاینی ئیسلام دەبێت دابەش بکرێت، یاسای باری کەسێتیمان هەیە کە ئەو هەقە دەدات بە مێ کە لە ئاینەوە سەرچاوەی گرتووە”.

پاڵانی نایشارێتەوە كە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو بەشە نادرێت بە ژن وە ناچار دەکرێت کە دەست هەڵبگرێت، بیرکرنەوەکان خێڵەکین و پێیان وایە کە ئەو موڵکە دەدەنە دەست بێگانە لەبەر نەپچڕانی پەیوەندی ژنەکەش دەست لەو مافەی خۆی هەڵدەگرێت.

ئەو پارێزەرە گوتیشی: کاتێک دابەشکردنی میرات دێتە پێشەوە بەدەست کەسەکە نییە کە بە پێی یاسا بێت یان ئاینی ئیسلام، بەڵکو موڵکەکەی ئەو بڕیارە دەدات کە موڵکی ناو شارو کشتوکاڵ جیاوازن، وە لەبەر ئەوەی موڵکە کشتوکاڵییەکان موڵکی حکومەتە بۆیە بەیەکساننی دابەش دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: کێشەی میرات کێشەیەکی زۆرە تەواوی موڵکەکان ئەگەر سەیری بکەین سێبەشی بووە بە میرات وە تەنها کەسێک سەرپەرشتی دەکات کە برایەکەو خوشکەکانی دەزانن میراتەکە هەیە، بەڵام دەستی تێوەر نادەن ئەگەر بیانەوێت داوای بکەن ئەوە بۆ نمونە موڵکەکە درابو بە کرێ ئەوە بە پێی یاسا چەندە دراوە بەکرێ بەشی خۆی بۆ دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام لەپێناو تێکنەچونی پەیوەندی و دروست نەبونی کێشە ژنان خۆیان بێبەری دەکەن لە بەشە میراتەکەیان.

عومەر عەبدولعەزیز شاره‌زا له‌ فیقهی ئیسلامی لەبارەی هەمان پرس ڕووە شەرعیەكەی ڕوون دەكاتەوە دەڵێت، “ئیسلام لەدانانی ئەم پشکانە واقیعی خوێندووەتەوە، دەکرێت بەشێوەی حاڵەتی تایبەتی خوێندنەوەی بۆ بکرێت. پێکهاتەی کۆمەڵگەکە چۆنە ئیسلام لەسەر ئەوە بڕیار دەدات.

 

هەڵەی سەرەکی لە تێگەیشتنی بەشی میرات لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆر کەس وادەزانن(للذكر مثل حظ الانثيين) ڕێسایەکی هەمیشەییە لە هەموو حاڵەتەکان بەکار بهێنرێت بەڵکو تەنها بۆیەک حاڵەتە ئەویش کچو کوڕ لەیەک ماڵدابن.

بنەماکانی دابەشکردنی پرسی میرات زیادو کەمیەک کە تێیدایە ڕادەو حاجە و پێداویستی خاوەن پشکەکانە، لە هەندێک حاڵەتدا ژن و پیاو یەکسانن لە دابەشکردنی میراتدا.

شیلان حەمە نوری توێژەری کۆمەڵایەتی وڕاهێنەر لە بواری یەکسانی جێنده‌ری له‌باره‌ی هه‌مان پرسه‌وه‌ ده‌دوێ و ده‌ڵێت: ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین ئە وکەسانەی میرات دابەش دەکەن کچان و ژنانی خێزانەکەی لی بێبەش دەکەن بەهەر بەهانەیەک بێت، ئەمەش بۆ جیاکاری لە نێوان کوڕان وکچاندایە کە کوڕان ناون پشکن خێزان دەهێڵێتەوە بە پێچەوانەوە ژن و کچ لە نێە خێزان دەڕوات، ئەگەر چی زۆربەی خێزانەکان بە ڕووکەش و بڕوانامە گۆڕاوە، بەڵام بە هەمان بیرکرنەوەی پێشویان هەیە، پێیان شتێکی خراپە کە کچ میرات وەربگرێت، چونکە دەیبات بۆ ماڵە مێرد، بەڵام لەکاتێکدا کوڕیش دەیبات بۆ خێزانەکەی کە هەردو حاڵەتەکە وەک یەکە، ئەمەش بووەتە کێشەی زۆرینەی  خێزانەکان، هەندێک جار ژنان خۆیان لەبەر ئەو پەروەردە بە کۆیلەکردنە لەنێوان خێزانەکاندا هەیە خۆشی لەوانەیە  بڕوای بەوە هەبێت کە “پێویست ناکات به‌شی براکەم ببەم”، خۆ بەکەم زانین و بەکەم سەیرکردنە، میرات بابتێکە کە دەبێت لەسەری بوەستیت  ئێمە کێشەمان لە یاساکان نییە کێشەمان لەوەدایە کە چۆن داوای مافی خۆمان بکەین ئەمەش پێویستی بە هۆشیاری هەیە، چونکە  ژینگەکە وا پەروەردەی کردووە کە بە هەقی خۆی نەزانێت، ژنان ناچن داوای مافی خۆیان بکەن، چونکە واپەروەردە کراون ئەمە تاوانی ژنان نییە، بەڵکو لە بێدەنگ بونیدا دەبێتە تاوان، گرنگە زۆر قسە بکرێت لەسەر میرات، چونکە زۆرترین کێشەی ناوەتەوە لەنێو خێزانەکاندا، ژن بەهۆی بێ ئاگایی و نەزانینیەوەیە کە داوای مافی خۆی ناکات.

 

هه‌واڵی گرنگ