بەنرختر لە دەوڵەت!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەنرختر لە دەوڵەت!

كە دەڕوانییە دیمەنە (سیاسی- سۆسیۆ- دەروونی)یەكەی كۆمەڵگەی كوردی و شیكردنەوەیەك بۆ فەزا گشتییەكەی دەكەیت، بە روونی هەست بەو دابەشبوونە قووڵە دەكەیت كە لە دیدوتێڕوانینەكان بۆ پرۆسەیەكی هەستیاری وەك ریفراندۆم و مافی بڕیاردانی چارەنووس هەن و ناوەندە سیاسی و فیكری و پانتاییە میدیاییەكەی داگیر كردووە، تا ئاستی ئاواتی لەباربردنی كۆی پرۆسەكە لای هەندێك، تەنها بۆ دژایەتی (ئەوی دی) و وێناكردنی وەك بەهەشتێكی ئەفسووناوی و ئاوخواردنەوە لای (ئەوی دی) بۆ هەمان مەبەست!، دابەشبوونێكی مەترسیدار كە سنوورەكانی بەزاندووە و دۆست و دوژمن دەركیان پێكردووە و شۆڤێنی و دژەكانمان لە دیمانە تەلەفزیۆنی و كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكاندا نان و پیازی پێوە دەخۆن و پێمانی دەفرۆشنەوە. 

ئەو دابەشبوونەی كە شۆڕ بووەتەوە بۆ نێو مێژوومان و وێستگە هەستیارەكانی هاتنەدی خەونی سەربەخۆبوونی بەردەوام لەبار بردووە، تۆمار و لاپەڕە نووسراوەكانی رۆژهەڵاتناس و نووسەرانی كورد هەڵدەرەوە، سیناریۆ و حیكایەتەكە وەك خۆی دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە، خۆ ئەگەر پرسەكە تەنها جیاوازیی لە دید و تێڕوانین و ئیجتیهاداتی فیكری و سیاسی بووایە و خۆی نەگەیاندایەتە تەخوینكردن و پیلانگێڕی و دابەشبوونی خێزانی و كۆمەڵایەتی و ناوچەیی و دواجاریش یەكتر سڕینەوە، ئەوا خوێندنەوەیەكی سروشتی و ئاسایی بۆ دەكرا، وەك هەر پرسێكی فیكری و سیاسی دیكە.  

وادیارە بەختی ئەم كۆمەڵگایانە لە دابەشبوون و یەكتر سڕینەوە ریشەی داكوتیوە و ناتوانن لەگەڵ بوونی جیاوازییەكاندا پێكەوە بژین و كولتووری راو رای جیاواز و گفتوگۆ و یەكتر خوێندنەوە هێشتا سەوز نەبووە و ناشیەوێت بەم زووانە چەكەرە بكات، ئەوەی پرسەكەی ئاڵۆزتر كردووە و قوڕەكەی خەستتر كردووەتەوە، ئەو فەزا ئینتەرنێتیەیە كە بووەتە مەیدانی موهاتەرات و سوكایەتی و جەنگی دەروونی، لەبری ئەوەی ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتیانە ببنە كۆكەرەوە و پێكهێنەری پردی پێكگەیشتنی (كۆمەڵایەتی و سیاسی و دەروونی) لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا، ئەفسوس ژینگەیەكی پڕٍ لە رك و تۆڵەسەندنەوە و ناوزڕاندنی نێگەتیڤانەی دروستكردووە، وێڕای خوڵقاندنی فەوزایەكی میدیایی و سیاسی مەترسیدار.  

لە گشت ئەم دیاردانە مەترسیدارتر گواستنەوەی ئەم ژینگە میدیاییە گریمانەییە بارگاویەیە بۆ نێو ژینگە كۆمەڵایەتییە حەقیقییەكە كە خۆی لە بنەڕەتدا بۆ ئەم جۆرە ناكۆكی و دابەشبوونانە ساز و ئامادەیە، دیارە بوونی جیاوازی لە گۆشەنیگا فیكری و سیاسییەكان كارێكی سروشتی و ئاساییە، بەوانەشەوە كە پەیوەستن بە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ ئەو كۆمەڵگایانەی كە كیان و بوونیان ریشەی داكوتیوە و بناغەیەكی سیاسی و نێودەوڵەتیی سەقامگیر و پتەویان هەیە، بەڵام روونە كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا ئاتاج و تینووی پێكەوەبوون و هەستی چارەنووسی هاوبەش و بەرپرسیارێتی مێژوویی و قوربانیدانین. 

رەنگە كەمێك پەڕگیرانەتر بدوێم و رێ بە خۆم بدەم بڵێم: بەنرختر لەم ئاواتە مێژووییە و گرنگتر لە خودی دەوڵەتەكە، چاندن و بڵاوكردنەوەی كولتووری یەكتر قبوڵكردن و پێكەوەژیان و لێبووردەییە، چی بكەین لە دەوڵەت و كیانێكی بنیاتنراو لەسەر ناكۆكی و بەشەیتانكردن و سڕینەوەی بەرامبەر، سووریا و یەمەن و ئەفغانستان دەوڵەتن و ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانن و فڕۆكەخانەیان هەیە و بەدراوی خۆیان كڕین و فرۆشتن دەكەن و ئاڵاكانیان لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكاندا بەتەنیشت ئاڵای وڵاتانی وەك سوید و یابان و كەنەداوە دەشەكێتەوە، بریا نەشەكایەتەوە و خوێن لە جەستەی نیشتمانەكەیان بە بەردەوامی نەتكایە!.

ئێمە زۆر ئاتاجی بڵاوكردنەوەی ئەم چەمكانەین، بەتایبە‌ت لای ئەم نەوەیەی كە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا رۆژ دەكاتەوە و ئەمڕۆ یا سبەی ئەرك و پۆست و بەرپرسیارێتی دەسەڵات و حوكمڕانی وڵاتی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەم نەوەیە لە گەنجان و تازە پێگەیشتووان پێویستە بە كولتوورێكی دیكە گۆش بكرێن كە بتوانن لەگەڵ جیاوازییەكاندا بژین و رۆحی تۆڵەسەندنەوە و خۆسەپاندن و تەخوین بگۆڕن بە رۆح و كولتووری برایەتی و قوربانیدان و یەكتر ویستن، رەنگە لای من ئەم خەونە زۆر لە خەونی دەوڵەت پیرۆزتر و بەبەهاتر بێت.   

دیارە ئەم ئەركە بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە و لەسەر ئەستۆی هەمووانە، پارتە سیاسییەكان و دەستەبژێری رۆشنبیر، دەزگا ئاینی و هێزە كۆمەڵایەتییەكان، زانایان و مامۆستایان، خوێندنگە و خێزان، هەمووان بەرپرسیارێتی مێژووییان دەكەوێتە ئەستۆ بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە نەخوازراوە بە واقیعێكی باشتر، لە كولتووری ركەوە بۆ گیانی لێبووردەیی، لە كولتووری سڕینەوەوە بۆ كولتووری دانپێدانان، لە كولتووری تۆمەتباركردن بۆ كولتووری لەیەكگەیشتن، گەر ئەمە نەكەین نە دەوڵەتێكی سەقامگیر دروست دەبێت، نە كیانێكی خۆشگوزەران.  

 

هه‌واڵی گرنگ