بۆچی خەڵک دەنگ بە ئیسلامی نادا؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی خەڵک دەنگ بە ئیسلامی نادا؟

دەگێڕنەوە بە پیاوێکی یابانی وترا: یابان پیاوی ئاقڵتری زۆرترە لە عێراق. ئەویش وتی: نەخێر عێراق پیاوی ئاقڵتری زۆرترە لە یابان. وتیان: چۆن چۆنی بۆمان بسەلمێنە؟ وتی: ئێمە و ئێوە یەک جیاوازیمان هەیە، لە یابان ئەگەر (٩ نەزان و ١ ئاقڵ) بین، ئەوا ٩ نەزانەکە ئاقڵەکە دەکەنە براگەورە. بەڵام لە عێراق (٩ ئاقڵ و ١ نەزان) بن، ئەوا ٩ ئاقڵەکە نەزانەکە دەکەنە براگەورە.

ئەوە چیڕۆکی شکستی سیاسی ئیسلامییە، خەڵک ئامادەیە پارەی زەکاتی تەسلیمی ئیسلامییەکان بکات دەزانێت دز نین، بەڵام ئامادە نییە دەنگەکەی تەسلیم بکات! خەڵک ئامادەیە منداڵە کچەکەی تەسلیمی بارەگاکانی ئیسلامییەکان بکات، دەزانێت خائین نین لە ئاست شەڕەفیان و نامووسیان، بەڵام ئامادە نییە دەنگەکەی خۆی تەسلیمی کاندیدێکی داوێن پاکی ئیسلامی بکات؟

ئاخر زۆر سەیرە! ئیسلامییەکان ساڵی ٢٠١٧ کەرکووکیان نەفرۆشت، کەچی لەم دەنگدانەی کەرکووک ئەوان سزا دراون. ئیسلامییەکان هەموو تەمەنیان کردووەتە قوربانی بۆ یارمەتی هەژار و نەدار، کەچی ئەو هەژار و لێقەوماوانەی لە بارەگاکانی ئیسلامییەکان مانگانە مووچەیان هەیە، دەنگیان پێنەداوین و سزایان داوین؟!

بۆچی خەڵک لە کاتی دەنگدان هۆش و ئەقڵی لەدەست دەدا! لێرەوە گوێدەگرین لە دەروونناس و کۆمەڵناس گۆستاڤ لۆبۆن کە دەڵێت: "جەماوەر کاتێک کۆدەبێتەوە هۆش و ئەقڵی لەدەست دەدات، بەبەرنامە ئیش ناکات بەڵکو بە هەست و سۆز و ئەقڵی جەماوەر ئیش دەکات". ئەم خەڵکە تاکو ئێستا هۆشیاری لە ئەقڵی جەماوەر تێنەپەڕاندووە، بەمانایەکی تر، تاکو ئێستا ناتوانێ لە ڕۆژەکانی دەنگدان عەتف و سۆزی کاتی تێپەڕێنێت، بە ئەقڵ و هۆشیاری دەنگ بدات. سزای گەندەڵ بدات، پشتیوانی لە پاک و چاکان بکات.

هەز حەیف و مخابن بۆ ئەو ئازاره، کەسێک لەگەڵمان ئیش نەکات نازانێت لەناو چ ئازارێک داین. خزمەتیان دەکەین، دەنگمان پێنادەن. بچوکترین هەڵە بکەین، تەپڵمان بۆ لێدەدەن. خەڵک خاکی فرۆشت، تەنها چیڕۆکی کیلۆ گۆشتەکە دەزانن. خەڵک داهاتی سەرزەوی و بنزەوی فرۆشت، هەر دەزانن بڵێن جا چ بەئێوە دەکرێ!؟ بەخوا گەورە سوێندتان دەدەم دەزانن، ئێمە دەسەڵات بگرینە دەست دزی ناکەین، بەڵام نازانم بۆ دەنگتان هەر بۆ دزە!

پەیوەندی باشی ئیسلامییەکان لەگەڵ خراپی خەڵک وەکو خیانەتی ژنێک وایە لە هاوسەرەکەی، وەکو خیانەتی قوتابییەک وایە لە مامۆستاکەی، وەکو خیانەتی هاوڕێیەکی خراپی نزیک وایە لەگەڵ هاوڕێ باشە نزیکەکەی. ئازارێکی ناخۆشە سەیری مێژووی خۆت دەکەی هەموو خەمخۆری و دڵسۆزی و خزمەتە، سەیری خراپە و خیانەتی بەرامبەر دەکەی. ئازارێکی زۆر قوڵ و برینێکی زۆر گەورەیە لە دەروون!

مەحوی مەزن دەڵێت/

"هەر ئەو کەسە کە خەیری دوعای خێری دیوە لێم

دائیم دوعامە شەڕڕی لە من لا بدا خودا"

 

هه‌واڵی گرنگ