حكوومەتی كاربەڕێكەر دەقی بڕیارەكانی ئەمڕۆ بڵاودەكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

حكوومەتی كاربەڕێكەر دەقی بڕیارەكانی ئەمڕۆ بڵاودەكاتەوە

كوردیو

حكوومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا 10 بڕیاری داوە كە دیارترینیان بڕیاری داشەكردنی مووچەیە دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن حكومەت خۆیەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27-3-2024 حكوومەتی كاربەڕێكەری هەرێم كۆبوویەوە و تێیدا 10 بڕیاری دەركردووە، دیارترینیان بریتییە لە،"ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024".

لە بڕیارەكاندا هاتووە،"وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون".

ئەوەش هاتووە،"داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ئەو ڕێژەی داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە".

 

دەقی بڕیارەكان:

1. ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئاداری 2024 تاوەکو ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی، لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدراڵ بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی بۆ مووچەی مانگەکانی شوبات و ئادار و مانگەکانی داهاتوو، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە کە لە دوا هەنگاویشدا ئەمڕۆ 27ی ئاداری 2024 سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش لە دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کراوە.


2. ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون.


3. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی کرێی ئاو و کارەبای کەڵەکەبوو لەسەر هاووڵاتییان تا ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.


4. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی ڕسوومات و کرێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە دەکەوێتە ئەستۆی کاسبکاران و پیشەوەران تاوەکو ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.


5. کەمکردنەوەی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو بۆ مەبەستەکانی سەربڕین و بەخێوکردن بە ڕێژەی (50%) لەسەدا پەنجا لە ڕەسمی ئێستا و پێویستە لە دوای یەک ساڵ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.


6. لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبوو لەسەر خاوەنکاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی (90) نەوەد ڕۆژ بە مەرجێک لەو ماوەیەدا، تەواوی پارەی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات.


7. لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لەسەر هاووڵاتییان بە ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی سزاکانی کۆن و بەردەوام لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی 2024/9/30.


8. پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لە چوارچێوەی یاساکانی باج بۆ باجدەران لە چین و توێژەکانی کاسبکاران و پیشەوەران و لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواکەوتنی پێدانی باج کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم چین و توێژانە.


9. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ئەو ڕێژەی داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە.


10. پێویستە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارانە جێبەجێ بکەن.

 

هه‌واڵی گرنگ