كاندیدەكەی حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كشایەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كاندیدەكەی حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كشایەوە

شەعلان كرەیم سەرۆكی فراكسیۆنی تەقدوم لە پەرلەمانی عێراق و كاندیدی پێشوی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كشانەوە كاندیدبونی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جیاوبونەوە لە حزبی تەقدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.

شەعلان كرەیم لە یەكەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق دوای لەكارخستنی حەلبوسی بە بڕیاڕی دادگای فیدراڵی توانی (152) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڵام بەهۆی ناڕەزایی پەرلەمانتارانی شیعە لەبڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆی ناوبراو كە تیایدا ستایشی سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشوی عێراقی دەكات كێشەیان بۆ پرۆسەی كاندیدكردنەكەی دروستكرد رێگەیان نەدا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و سكاڵایان لەسەر كاندیدبونی تۆماركرد.

ئەو پەرلەمانتارەی سوونە لەبەیاننامەكەیدا ڕایگەیاندوە: سەرەڕای بڕیارەكەی دادگا بە دروستی كاندیدبونم بەهۆی ئەو هەرا بێ پاساوەی پاڵشت بە ستەم و بوهتان و ناپاكی نزیكەكان و بۆ دوركەوتنەوە لەو مشتومڕەی دروستبووە بڕیاریداوە لە كاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، وازیش لەكاری حزبایەتی بهێنێت و وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ تا كۆتایی ئەم خولە كاری خۆی بكات لە پەرلەمانی عێراق.

كرەیم دواشی لە پەرلەمانتاران كردووە دانیشتنێكی بەپەلە رێكبخەن و سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرن.

 

هه‌واڵی گرنگ