وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلابۆتەوە و توركیا ئامادەیی دەربڕیوە نەوت لە رێگای بۆرییەوە هەناردەبكرێت.
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 26 لێكتێگەیشتن لە نێوان عێراق و توركیا لە چەند بوارێكدا واژۆكراون و توركیا بەشداردەبێت لە ئاوەدانكردنەوە و نەهێشتنی كێشەی كەمئاویی لە عێراقدا.
ئاماژەی بەوەش كرد، پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلابووەتەوە و توركیا ئامادەیی دەربڕیوە، كە نەوت بە بۆری هەناردەبكرێت و كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت، كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن گرێبەستیان هەیە پێویستە نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت.
باسی لەوەش كرد “ئێستا کێشەکە تەنیا لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمە، بەدیاریکراوی لەبارەی مافی ئەو کۆمپانیانەی کە نەوت دەردەهێنن. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، پێویستە ئەو کۆمپانیایانە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و کۆمپانیای سۆمۆ بکەن؛ بۆیە لەوبارەوە گرێبەست و ڕێککەوتن و دانوستاندنی نوێ دەکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، پەکەکە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش کاریان لەگەڵ دەکرێت، لە رێگەی لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکانی تورکیا و عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامن و تا ڕادەیەک کۆکن لەسەریو لە کۆتاییدا رێککەوتن لەسەر ئەوە دەکرێت کە پەکەکە وەک میوانێک لە خاکی عێراقدا دەبن و ناتوانن چالاکی سیاسی و سەربازی ئەنجام بدەن.