عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆکرانی بۆ پەرەپێدان بە كێڵگەی غازی عەکاز واژوو کرد
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆکرانی بۆ پەرەپێدان بە كێڵگەی غازی عەکاز واژوو کرد

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند كە گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەی غازی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ کۆمپانیای (UKRZEMRESURS)ی ئۆکرانی واژوو کرد و بەپێی گرێبەستەکەش بڕی غازی سروشتی پێویست بۆ وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای ئەنبار، دابین دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، کە لەچوارچێوەی گرێبەستەکەدا، پەرە بە کێڵگەی عەکاز دەدرێت، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵدا، ئاستی بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەکەدا، لە 60 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژیکدا زیاد بکرێت و بگەیەندرێتە 400 ملیۆن پێ سێجا.

عەبدولغەنی باسی لەوەش کردووە، ھەر لەچوارچێوەی گرێبەستەکەدا، بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای ئەنبار، دابین دەکرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە پێشتر ئەو گرێبەستە لەگەڵ (KOGAS)ی کۆریای باشوور کرابوو، بەڵام کۆمپانیاکەی کۆریای باشوور دەستبەرداری گرێبەستەکە بووە و گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پەرەپێدان بە کێڵگەی غازی عەکاز لەگەڵ کۆمپانیا ئۆکرانییەکە واژوو کراوە.

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق ڕادەگرێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا، عێراق لە پاڵ ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا ھەزار و 200 میگاوات کارەبای لە ئێرانەوە ھاوردە کردووە.

 

هه‌واڵی گرنگ