قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات کە لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە بۆ دوکاندارەکان دیاریکرابوو بۆ ئەوەی لە شەواندا کاڵا و شمەکەکانیان ببەنە ژورەوە و بەپەردە رووپۆشی نەکەن.
بابان محەمەد، نوێنەری بەرگریی شارستانی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن لیژنەی سەلامەتیی باڵەخانەکانەوە دانرابوو بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکانی کارەبا، کامێرای چاودێری، لایەنی سکویریتی و مەرجەکانی بەرگریی شارستانی لە دوکان و بازاڕەکاندا، بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری دوکاندارەکان پابەندبوون و چارەسەری کەموکورتییەکانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغێکی دیکەی کارکردنی لیژنەکەدا، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی سەرجەم دوکاندار و بازاڕەکان بوو کە پێویستە لە شەواندا کاڵا و شمەکەکانیان ببەنە ژورەوە و دەڕابەی دوکانەکانیان دابخەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت مەترسیی روودانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە و رووداوی نەخوازراو کەمبکرێتەوە.
ئەوەشی خستۆتەروو، له سبەینێ رۆژی سێشەممەوە رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی دەکەن، بۆ ئهو مهبهستهش لیژنه هاوبهشهكان، پۆلیسی رێكاری و هێزه ئهمنییهكانی راسپاردووه بڕیارهكه جێبهجێ بكهن.
ڕاشی گەیاندووە، جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی، لەپێناوی بەرژەوەندیی دوکاندار و کاسبکاراندایە، کە ئامانجی سەرەکی کاری لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییە، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە لە کاتی پابەندنەبوندا سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.