ژێرزەمینەكانی شانزەی سێ !
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ژێرزەمینەكانی شانزەی سێ !


 

• لە شانزەی سێی هەشتا و هەشتدا، ژمێرزەمینەكانی هەڵەبجە بوونە پەناگا و جێگەی نزا و پارانەوەی دانیشتوانی شارێك و لە پارچە جوگرافیایەكی تەسكدا، سەدان خێزان بەترس و خەمێكی قووڵەوە خۆیان حەشاردابوو.
• ژێرزەمینەكانی هەڵەبجە كە بۆ خۆپەنادان لە بۆردوومانە بێرەحمەكانی ئەودیو سنووری شارەوە دروستكرابوون، لەو رۆژەدا تاكە شوێنی كۆبوونەوەی چەند ماڵێكی گەرەك بوون، كە خەم و چارەنووسی هاوبەش كۆی كردووبونەوە.
• ئەو پەناگا دەستكردە سادانە، نە دەیتوانی بەر لە بۆنی سێوی گازی كیمیایی بگرێت و نە بەرگەی بۆمبی فرۆكە وەحشیەكانی رژێمی بەعس دەگرت، بەڵام بۆ ئەو چەند كاتژمێرە بووبوویە سوپەر و قەڵغانی خۆپارێزیی و دڵئارامیی.
• لەو چەند كاتژمێرە سامناكەدا، ئەو ژێرزەمین و پەناگانە هۆڵ و میوانخانە و ژووی حەوانەوە و مزگەوت بوون، تەنانەت هەندێ جار دەبوویە شوێنی گەمەی منداڵان و بەبادانی خەم و ناسۆریەكانی ژنان و پیاوانی شار.
• ئەو ژێرزەمینە چەند مەتریانە باس و خواسی ستەمی چەند ساڵەی رژێمی تێدا دەكرا، بەسەرهاتی جەنگێكی خوێناوی و بێمانای دوو دراوسێی تێدا دەكرا، سەرگوزەشتەی نەهامتیەكانی سەد ساڵەی گەلی كوردی تێدا دەكرا.
• لەو پەناگانەدا، نەخۆشێكت دەدی لە تاو ناسۆر و ئازار ناڵەی لێ دەهات، خوێندكارێكی پۆلی دوازدەت دەبینی بە ئومێدی نمرە و بروانامەوە سەری لەسەر كتێبەكەی دانابوو، دوو دەزگیرانت دەبینی كە لە شانزەی سێدا خەونی خانە و لانەیان دانابوو.
• لە شانزەی سێدا سەرزەمینی هەڵەبجە هەناسەی لێ برابوو، شار بەرگی ترس و خەمی پۆشیبوو، باڵەخانە و خانوەكانی گەرەگەكانی كانیئاشقان و مامۆستایان و پیرمحەممەد چۆڵەوانی لێ دەباریی و هەموان یا لەو ژێرزەمینانەدا سەریان كز كردبوو، یاخود شاریان بەرەو چارەنووسێكی نادیار بەجێهێشتبوو.
• ئەو ژێرزەمینانە دواجار هەندێكیان بوونە گۆرستان و دوامەنزڵگەی شەهیدانی شار و سەدان ئازیز و هەڵەبجەیی بێتاوان، مەرگ لە ئێمەی سەندنەوە و نە نوێژێكیان لەسەر خوێنرا و نە پرسەیان بۆ گێررا .
• ئەگەر لە شانزەی سێی دووهەزار و نۆزدەدا بە كۆڵانەكانی شاردا گوزەر بكەیت و خۆت بگەیەنیتە ئەو ژێرزەمینانە، رەنگە هێشتا هاوار و پارانەوە و قیژەی ترسی ئەو چەند كاتژمێرە لە گوێتدا بزرنگێتەوە و دوور نیە هێشتا یا ئەڵڵا و یا حافیز رەنگی دیوارەكانی گرتبێت.
• ئەمرۆ هەڵەبجەییەكان ژێرزەمینەكانیان تەنها وەك یاداوەریەكی تاڵ وەبیر دێتەوە و بە پانتایی كوردستاندا پژاون بە ئومێدی داهاتویەكی گەشتر سەرزەمینەكان ئاوەدان دەكەنەوە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ