مەترسیی بێکاری
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

مەترسیی بێکاری

بە ئەوە دەست پێدەکەین کە فەیلەسووف سەنیکا دەڵێ
"دەستبەتاڵی بێ سەرقاڵی فیکری، مەرگی مرۆڤە. ئەگەر گەندەڵی کرمی سەرەخۆرەی وڵات بێت، ئەوا بێکاریش هەمان کرمە کە لە خوارەوە دەست پێدەکات.

دیارە بێکاری دیادەیەکی جیهانییە قەتیس نەکراوە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا و ناوچەکانیتر دووربن لێی، لەمڕۆدا گەورەترین دەرد و نەخۆشییە بۆ سەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ئەگەر لە ڕابردوودا دیاردەیەکی مەترسیدار نەبوو بێت ئەوا بەبێ دوو دڵی لە ئێستادا بۆتە مۆتەکە و دێوەزمە، بۆ سەر خودی مرۆڤ و پاشان دەسەڵاتداران، زۆربەی هەر زۆری شۆڕش و ڕاپەرین و ناڕەزاییەکان پەیوەستن بە ئەمەوە.

بێکاری پێناسە کراوە بە:
هەر کەسێک توانای کاری هەبێ و بەدوای کاردا بگەڕێ و ڕازی بێت بەو نرخەی کە لە بازاڕدا هەیە، کاری دەسنەکەوێت پێی دەوترێ بێکار.
کەسێک توانای کاری هەبێت واتا لە ڕووی هزر و جەستەوە گرفتی نەبێ.
بەدوای کاریشدا بگەڕێ، کەسێک بە بێکار هەژمار ناکرێت لە ماڵەوە دانیشتووە و دەڵێت کار نییە، لە کاتێکدا هیچ گرفتێکی جەستەیی و هزری نیە، جگە لە تەمەڵی.
ڕازی نەبوون بە نرخی بازاڕی کار، پێویستە کەسی کارەکەر ڕازی بێت بەو نرخەی کە هەیە، بەپێچەوانەوە بێ بەهەمان شێوە هەژمار ناکرێ.

ڕێژەی بێکاری: تێکڕای ڕێژەی بێکاریش هەروەکو خودی دیاردەکە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکیتر جیاوازە، ئەوەی کە ئابوریناسان ڕێکن لەسەری نابێ بگاتە سەرووی لەسەدا پێنج، کە تێپەڕی کرد بۆ سەرووی ئەم ڕێژەیە گرفت و سەر ئێشە دروست دەکا بۆ بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی.

جۆرەکانی بێکاری:
یەکەم: هەڵسوکەوت: ئەمجۆرە لە بێکارییە لە ئەنجامی ئەوە وە دروست دەبێت کە کارەکەرەکە پیشەکەی دەگوازێتەوە لە شوێنێک بۆ شوێنێکیتر ئیتر بە هۆکارێک بێ، پێشی دەوترێ بێکاری لێکدان.

دووەم: بێکاری وەرزی ئەمجۆرە هەر ناوەکەی بەخودی خۆیەوەیەتی، لە ئەنجامی گۆڕانی کەش و هەواوە پەیدا دەبێت، بۆ نمونە بە هاتنی وەرزی زستان زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەوەستن، بەمەش کۆمەڵێک کەس بێکار دەبن.
سێیەم: بێکاری دەوری: سیستەمی ئابووری جیهان توشی خولی ئابووری یاخود سوڕی ئابووری دەبێت، ئەم سوڕەش دوو دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە ئەوانیش هەڵاوسان و داکشانەوەیە، لە ئەنجامی ئەمانەشەوە بێکاری سەرهەڵدەدات.
چوارەم: بێکاری تەکنۆلۆژی: پەیوەندی نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بێکاری پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیە، هەتاکو تەکنەلۆژیا پێش بکەوێت ئەویش زیاد دەکات، لەمڕۆدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەکەی زیاتر و زیاتر دەبێت هۆکارێکی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە بە جیاوازی بە ڕابردوو.

پێنجەم: بێکاری شاراوە یان نادیار:
یەکێکە لە شێوەکانی بێکاری بریتییە لە بەفیرۆدانی توانای بەشێک لە هێزی کار یاخود بەو کەسانە دەوترێ کە کەمتر لە توانای هێزی خۆیان کار دەکەن لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا.
ئەمجۆرە لە سیما و خەسڵەتی وڵاتە دواکەوتووەکانە، چونکە هەلی کارکردن سنووردار و کەمە، ئەمەش وا دەکات کەسەکان ئامادەن هەموو جۆرە کارێک بکەن، هەر بۆیەش تەماشا دەکرێت کە ڕێژیەکی زۆر لە هێزی کار نێو کۆمەڵگە لە جیاتی سوود زیان دەگەیەنن، بۆ نمونە ڕێژیەکی زۆر لە فەرمانبەری نا پێویست هەن، لە کاتێکدا کارەکان بەکەمتر لەو ڕێژەیەش دەڕوات بەڕێوە، یان خێزانێک بە هەموو ئەندامەکانیەوە خەریکی ئاژەڵدارین، لەوانەیە ئەوەندەی پێویست نەبێ، ئابووری کوردستان دەناڵێنێ بەدەست ئەم جۆرە لە بێکارە کە بارگرانیەکی زۆری خستۆتە سەر داهات و بودجەی گشتی وڵات.

شوێنەوارەکانی بێکاری زۆر بەکورتی:
یەکەم: دەروونی: کەسی بێکار هەمیشە ڕوخاو و بێهێز و ماندووە لە ڕووی دەروونیەوە.

دووەم: کۆمەڵایەتی: زیادبوونی دیاردەی تاوان و دزی و هەڵوەشانەوە و لێکترازانی خێزان و زیادکرنی ڕێژەی جیابوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری.

سێیەم: ئابووری: کە بەشێک لە هێزی کاری نێو کۆمەڵگە لە کار دەکەون، کەواتە بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنایش لە کار دەکەوێت بەمەش داهاتی نەتەوەیی کەمدەکات.
خواستی کەسی بێکار کەمدەکات لە سەر کاڵاکان، بەهۆی نەبوونی دراوی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی.

چوارەم: ڕامیاری: سەرەتا زۆربەی هەرە زۆری گرفتەکان ئابووریین، پاشان دەبنە کێشەی کۆمەڵایەتی، لەکۆتاییدا پەلدەکێشی بۆ گرفتی سیاسی، هەروەکو ئەم گردبونەوانەی کە لە عێراقدا ڕوودەدەن و ڕوویانداوە، بەپلەی یەک هۆکارەکە بێکارییە.

چارەسەری بێکاری بەکورتی:
یەکەم: بۆژانەوەی کەرەتەکانی ئابووری هەر یەک لە کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری و پیشەسازی.
دووەم: هەبوونی کەرەتی تایبەت شانبەشانی کەرەتی گشتی.
سێیەم: نەهێشتنی هاتنە ژورەوەی کرێکاری بیانی بۆ ناوخۆی وەڵات.
چوارەم: دامەزراندن لە کەرەتی گشتی.
پێنجەم: بنبڕکردنی گەندەڵی.

 

هه‌واڵی گرنگ