چەند سەرنجێک لەسەر نارەزایەتییەکان
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چەند سەرنجێک لەسەر نارەزایەتییەکان

گومانی تێدا نیە هیچ کات بەئەندازەی ئێستا هاوڵاتی بێزار و مەیووس نەبووە لە دەسەڵات، ئەمەش دەرئەنجامی کەڵەکەبووی نادادپەروەریی ساڵانێکی زۆرە، ئەگەر هاوڵاتییەکی ئاسایی لە ڕابردوودا ئاگاداری زۆر شت نەبووبێ، لەئێستادا بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە نەک ئەو بگرە مێرد منداڵێکیش دەزانێ چی هەیە و چییش دەگوزەرێ لەم هەرێمە.

ئەگەر پێداویستییەکان لە ڕابردوودا گونجاو بوون لەگەڵ وەزعی ئابووریدا بەهۆی سادەیی ژیانەوە، ئەوا لە ئێستادا زۆر ئاڵۆزبوون بەهۆی گەشەکردنی بەردەوامەوە، سەرباری زیادبوونی ئەم پێدوایستییانەش کەچیی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابینرێ کە شایستەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیی بێ بەڵکو بە پێچەوانەوە.

ئەوەی جێگای داخ و پەژارەیە ئەم ناڕەزایەتییانە پەرشوبڵاو و لێکترازاو و پچڕاون، هۆکارەکەشی دوولایەنەیە، لایەنێکیان خودی دەسەڵات تاوەکو نوزەی مابێ هەوڵدەدات بۆ یەک نەگرتن و کۆنەکردنەوەیان لەژێر یەک دروشم و یەک ئامانجدا، تاڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بووە لەم کارەدا، لایەنێکی دی خودی هاوڵاتی خۆیەتی، ئەمە مەترسیە گەورەکەیە، زۆرجار وتوومانە تاکو کۆمەڵگە (بازنەی بەتاڵ) تێنەپەڕێنێ ناتوانێ دەسەڵات تێپەڕێنێ.

دە ساڵیتریش بەم شێواز و حاڵەوە هیچی ئەوتۆ نابێ، تەنیا بریتیی دەبێ لە دامرکانەوەی کاتی، هەروەک برینێک وایە کە چارەسەری کاتی بۆ بکرێ و بەیەکجاری بنبڕ نەکرێ و کۆتایی پێ نەهێنرێ پاش ماوەیەک دووبارە سەرهەڵبداتەوە هەراسانت بکاتەوە.

ناکرێ ئێمە چارەگە سەدەیەک بەهەمان عەقڵیەتەوە داوای گۆڕانکاری بکەین کە دەشزانین بەم عەقڵێتەوە ناکرێ، یەکێکیتر لە بازانە بەتاڵەکانییتر لەم هەرێمدا تێنگەیشتنە لە حیزب وەکو ئامراز نەک وەک ئامانج، هەر کاتێک ئامراز بوو بە بەدیلی ئامانج فاتیحە بخوێنە بۆ گۆڕانکاری گەورە و کاریگەر پێویستە تەجاوزی ئەمەش بکرێ.

تەماشاکە ئەو سەرکردانەی لە ناو وڵاتانی ڕۆژئاوادا بڕوایان بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری....هتد هەیە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا بڕوای ئەوتۆیان پێ نیە، ئەمەش دەرخستەی ئەوەیە کە ئەوە عەقڵیەتی هاوڵاتیانی ئەوانە سەرکردەکانیان ناچار و مەلکەچی ئەمانە کردوە نەک قەناعەت و بڕوای خۆیان.

لەکۆتاییدا، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی کوردی تەجاوزی زۆر شت بکات بۆ ئەوەی زۆریشی دەست بکەوێ، ئەگەر نا کورد وتەنی چیی بچێنی هەر ئەوە ئەدوریتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ